بەراستی كارەساتە بووجەیەك لە عێراق پەسەند بكرێت كە ھەرێم تێدا قەردار بێت.
ئیمە باسی ئەوەمان كرد بەغدا ھەموو ھەوڵەكانی بەو ئاراستەیە كە لە پێگە و دەسەڵات ھەرێم بدات و ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت شەرێكی سیاسییە زیاتر لەوەی شەرێكی ئابووری یان یاسایی بێت.
بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە نوێنەرانی كورد لە بەغدا پاڵ بدەن و ئاگایان لە ھیچ شتیك نەبێت.
دەزانین لە بودجەی 3 ساڵی عێراق بە دەیان بومپی شاراوە دانراوە، ھەموو كاتێك دەتوان دژی ھەرێم بەكار بینن و زۆر جارانیش ئاماژەشمان پێكردووە.
بەڵام، بەراستی كارەساتە ئەو ھەموو نوێنەری كورد لە بەغدا بێت كە چی ئاگاداری ئەوە نەبیت كە ئەگەر بودجە بەو شێوەیە پەسەند بكرێت قەردار دەبێت یان ئاگای لەو پلانە نەبێت.
بێگومان ھۆكارەكان زۆرن، بەڵام لە ھەموویان گرنگتر ئەوەیە لە سەدا نەوەدی ئەوانەی دەچنە بەغدا خەلكی پسپور و شارەزا نین و تەنانەت زۆربەیان لە ئەلف و بێ سیاسەت، یاسا و ئابووریەو نازانن، تەنیا ھۆكار كە بوونە ئەندام پەرلەمان واستەگەری، عەشایرگەری و گروپ چیتی بوە.
بەراستی ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە بوچی خەڵك دەنگ بە خەڵكی بەو شێوەیە دەدات كە سوور دەزانیت زیانی زۆرترە لە قازانجی یان لە ھەموو گەمە سیاسیەكان دەدۆرین؟
سوور دەزانێت ئەو جورە خەڵكانە بۆ مەرامێكی مادی دەچیتە پەرلەمان نەك بۆ ئەوەی بەرگیری لە مافەكانی بكات؟
باشە خەڵكێك كە لە ئەلف و بێ سیاسەت نەزانێت چون بوێری ئەوە دەكات خۆی كاندید بكات ئەگەر گومەڵگەیەكی زیند و و وشیارمان ھەبێت ؟
ئایا ئەوەی دەچێتە پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكات یان نوینەرایەتی عەشیرەتێك یان گوندێك دەكات؟
ئایا ئێستا لە یاسای بودجەی عێراق قەرزارین ئەمە زیانی بۆ گوندێك یان عەشیرێتیك ھەیە یان زیانی گەوەرە لە بەرژەوەندیی نەتەوەی و ھەموو خەڵكی كوردستان دەدات ؟
ئایا مەترسیدار نییە ئێمە پرۆسەی ھەڵبژاردن بەو شێوەیە ئاراستە بكەین؟ ئایا لە پاشە روژدا ئەمە زیانی گەوەری لە ھەرێم و وڵاتەكەمان نادات. بەراستی خەڵك یان ھاوڵاتیان پێش ئەوەی گلەیی لە ھێز و پارتە سیاسییەكان بكەن دەبێت گلەیی لە خۆیان بكەن بۆچی پاڵپشتی ئەو جورە خەڵكە دەكەن؟