دواین هەواڵ

ئێمە مەسرورێکمان نییە، بۆیە شەڕ بە مەسرورەکەی ئەوان دەفرۆشین

‌سەردەشت حەمەساڵح

58 خولەک پێش ئێستا

بڵێیت مەترسی لەسەر هەرێم هەیە، دەتکەنە تابوری پێنج. پشتیوانی دەسەڵات بکەیت، دەڵێن کۆیلەو گەندەڵە. دژی لایەنێک بیت، دەتکەن بە پیاوی لایەنەکەی تر. بڵێیت با ئەمانە نەمێنن، دەتکەن بە جاش. بێدەنگیش بیت، دەبیتە داش!

بۆ خاتری خوا نا، بۆ خاتری خەڵک و خۆتان کەمێک بە فراوانی بیر بکەنەوەو لە گۆشەیەکی سەپێنراوی تەسکەوە شتەکان مەبینن، خۆ بینین بە دەست خۆتانە.

هەندێک چەواشەو فریودان، وەک تفکردنە ڕووەو با. ناکرێ لە خۆشیدا ستایشی کارەکانی حکومەت بکەیت و وەزیرەکەت بڵێت: "دەبێ کارەکانی ئەم کابینەیە بە ئاوی زێڕ بنوسرێنەوە"، بەڵام کاتێک ناکۆکییەکی سیاسی هاتە پێش، بڵێیت هیچ بۆ ئەم زۆنە نەکراوە! کاتێک دەڵێیت "ئەم زۆنە"، واتە جیات کردۆتەوە، کە هەر واش بوە. ئەی مەگەر خۆتان بەرپرسی بەڕو بەحری ئەم زۆنە نەبوون و نین؟ بۆچی ناکارایی، بێباکی و بێخزمەتگوزاری دەخەنە ئەستۆی مەسرور بارزانی؟ ئەی هەر خۆتان ناڵێن لەم دیو دێگەڵەوە ناتوانێ پۆلیسێک بگۆڕێت!.

هەرخۆتان حاکم و دەسەڵاتداری ئەملا نین؟ ئایا هیچ پڕۆژەیەکی بازرگانی بێ "ئۆکەی" ئێوە دەکرێت؟
ئەی بۆ چەند ساڵە کێشەتان نەبوەو لە هەولێر پاڵتان لێ داوەتەوە؟ واتە لەو هەموو ساڵەدا یەکێک نەبوو ڕاستییەکان بڵێت؟ بێگومان ڕاست نییە. بەڵام ڕونە کە تەنها لە کاتی کێشەی پۆست و پلەو پارەدا مێشکی خەڵک ماندوو دەکەن. هەر لەم ماوەیەدا وترا: "گەر کاک مەسعود تەلەفۆنێک بۆ کاک بافڵ بکات، هەموو شتێک چاک دەبێت"! دەی ئەم قسەیە بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان بەسە.

ئێستا خەڵک هۆشیارەو بەهۆی فراوانبونی تەکنەلۆژیاو مێدیاوە ڕاستییەکان دەبینێت. ئەو جۆرە قسانە تەنها بۆ فریودانی بنکەو لایەنگرانی خۆتانەو شکستەکانی پێدادەپۆشن. زۆرێک لەوانیش ڕاستییەکە دەزانن، بەڵام لە ترسان و لە برسان، "ئەشمابیلا"تان بۆ دەکەن.

هەرچی کێشەیەک هەیە بە هۆی مەسرور بارزانییەوەیە، چونکە ئەو لە نێو ئەو هەموو قەیرانانەدا بەردەوام پڕۆژە لەسەر پڕۆژە جێبەجێ دەکات. ئاخر نابێت، چۆن دەبێت ئەو بیکات و ئەم نەیکات!

هەر خۆی کێشەی بەرپرسانی عێراقیش ئەوەیە کە خەڵکەکەی دەڵێن: بۆ هەولێرو دهۆک بەو جۆرە پێشکەوتون و لە ئاستی ئەوروپادان، کەچی عێراق بۆتە زبڵخانەو لات و پوتە لە خزمەتگوزاریدا؟ ئەمەش بەرپرسانی دژە هەرێمی دەهری کردوە.
گرفتی ئێمە ئەوەیە مەسرورێکمان نییە، بۆیە شەڕ بە مەسرورەکەی ئەوان دەفرۆشین. گەر کاری نەکردایەو وەک ئەوانی تر تەنها قسەی زل و بریقەداری بکردایە، کەس کێشەی لەگەڵی نەدەبوو، هێندەش هێرشی نەدەکرایەسەر.

ئەم هەرێمە موڵکی پارتی و یەکێتی نییە، موڵکی هەموومانە، بە خوێن و قوربانیی سەدان هەزار کورد دروست بوەو ناکرێت بەهۆی ناکۆکیی دوو حزبەوە بخرێتە مەترسییەوە. بۆیە ناکرێت کێشەی پۆست و پلەو پارەکانتان بچۆڕێننەوە بە تەواوی کۆمەڵگادا. پەرلەمان بۆچی دروست بووە؟ مەگەر نوێنەری خەڵک نین؟ دەی بۆ ململانێ و شەڕەکە لەوێ ناکەن، ئەگەر بۆ خەڵکتانە!؟ بۆچی خزمەتی خەڵک ناکەن و کورسییەکانتان ناگەیەننە ئەو ئاستەی بتوانن ئەوەی دەتانەوێت بیکەن؟ بەداخەوە ئێوە دوربین نین و ململانێش نازانن، لە بانگەشەدا هێندە بەردی زل هەڵدەگرن، دوای بانگەشە کووڕ دەبن و ڕاست نابنەوە. ئاخر دەتانوت "دەیڕوخێنین"، کەچی ئێستا دەڵێن بێ ئێمە پەرلەمانی کارا کردۆتەوە!

تکایە خەڵک ماندوەو خزمەتیان دەوێت، دۆخی ناوچەکە مەترسیدارە، مشورێک لە خۆتان بخۆن، ڕێک بکەون با تێنەکەون. تەنانەت ئەم هاتوهاوارە بێزارکەرانەتان هەر ئێمەی هەراسان و نائومێد نەکردوە، کیشوەرێکی بڕیوە، کوردەکانی ئەوروپاشتان بێ هیوا کردوە، سەرەڕای غەریبی، کارو ماندوبون، بەردەوام خەم لە بێباکی و نادادییتان دەخۆن.

ئاخر خەڵک چاوەڕێ بوو هەرێم بەهێز بێت، کەچی بەهۆی ناکۆکی ئەمانەوە، هەتا بێت لاواز دەبێت. جارێک مام جەلال خوا لێی خۆش بێت، لە ڕێگەی دلێری سەید مەجیدەوە دوو هەزار سەر مەڕ دەنێرێت بۆ بەرپرسێک لە شارەزور، بۆ ئەوەی وەک سەرچاوەیەک سود بداتەوە. دوای دوو ساڵ سەرۆک مام جەلال دلێری سەید مەجید ڕادەسپێرێت و دەڵێ بچۆ بزانە بەکوێ گەشتوە. کاک دلێریش دەڕوات و بە بەرپرسەکە دەڵێت مەڕەکان داهاتیان چیەو چۆنە؟ کابرای بەرپرسیش دەڵێ دوو هەزار مەڕتان داومەتێ و هەر دوو هەزارەکە حازرن.

دلێری سەید مەجیدیش دەگەڕێتەوەو مام جەلال دەڵێ چۆن بوو؟
دەڵێت وەڵا قوربان چیت عەرزکەم ئەو هەڤاڵە حەبی مەنعی داونەتێ و زیایان نەکردوە.

جا ئێوەش وەک هەرێمتان پێ گەورە نەکرا با بچوکیشتان نەکردایەتەوە.

ڕاستییەک هەیە دەبێت بیزانن، زۆرینەی خەڵک حەز دەکەن ئەم دۆخە بەسەرتاندا قڵپ بێتەوە، تەنانەت هەندێکیش حەز دەکەن عێراق، ئەم هەرێمە هەڵوەشێنێتەوە!.

ئەمانە بەغیلی بە کورسی و پۆستەکانتان نابەن، کەس نەهاتوە بڵێت کاک مەسرورو کاک قوباد لابەن و من بخەنە جێگەی. تەنها دەیانەوێت گوزەرانیان باش بکەن، دەیانەوێت ماڵ و منداڵیان لە خزمەتگوزاری بێبەش نەبن و سەربەرزانە بژین. کە ئەوە مافێکی تەواو ڕەواو سادەیە. بەڵام کاتێک دەبینن وێڕای تاڵانی و گەندەڵی، قاچاخچێتی دەکەن و سەرخان و ژێرخانتان بردوەو زەوی تەخشان و پەخشان دەکەن و شوێنی گشتی دەفرۆشن، لە کاتی مەترسییەکانیشدا شیرو تیر لە یەک دەسون، چاوەڕێن خەڵک چی بکات؟ خۆ گوڵتان تێ ناگرن.

هەڵبەت من لێرەدا مەبەستم نییە لە توانای کاک قوباد تاڵەبانی کەم بکەمەوە، رەخنەکەی من لەسەر واقعە سیاسییەکەیە. دڵنیام کاک قوباد پێکهاتەیەکی باشی لە دەور بێت، کاری باشتر دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP