دەمێک بوو گوێبیستی ئەوە دەبووین کە ئەمەریکا عێراق و هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێ، دواجار بڕیاڕی دا هەموو هێزەکانی خۆی لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق و کوردستان بکشێنێتەوە، بەمەش قۆناغێکی تازە لە سیاسەت لە عێراق دروست بووە، قۆناغێک ئەگەر بەجێهێشتنی ئەمەریکا، دوورکەوتنەوەی تەواوی بێت لە رووداوەکانی عێراق و، نەمانی کاریگەرییەکانی بێت، ئیتر واتە رێخۆشکردن بۆ هێزی تر تا جێی بگرنەوە.
بۆیە لای هەموان پرسیار دێتە ئارا، ئەو بۆشاییە کە رۆیشتنی هێزەکانی ئەمەریکا دروستی کردووە، کێ پڕی دەکاتەوە؟ ئایا هێزگەلی دوڵەتانی دراوسێ دێن، یان ڕێ خۆش دەکرێت بۆ گرووپی تیرۆریستی و توندڕەو و میلیشیا بریکارەکان؟
دەبینین لەو رۆژەوەی کە ئەمەریکا رۆیشت، گرووپی تیرۆریستیی داعش هەر چەند ڕۆژ جارێک چەند چەکدارێکی بەشێوەی گرووپ خۆیان دەخزێننە نێو شار و شارۆچکەکان و تەنانەت شەڕی دەستەویەخەش لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقیەکاندا دەکەن.
بەمەش لە رووی سەربازی و ئاسایشەوە مەترسی دەخەنە سەر عێراق و ناوچە کێشەلەسەرەکان، بە ئاشکرا هەوڵی تێکدانی دۆخی وڵات دەدەن. لەملاشەوە میلیشیا چەکدارەکان، عەنتەرییاتی زیاتر دەکەن.
پێموایە ئەمەریکا دوای نزیکەی 24 ساڵ نەیتوانی خۆی لەگەڵ دۆخی عێراق بگونجێنێ، بۆیە تا ئەو ساتەی لە عێراق کشایەوە خەڵکێک (کە
بەهاوکاریی ئەمەریکا گەڕانەوە عێراق) وەک داگیرکەر ناساندیان و تەپڵی دەرکردنیان بۆ لێدا.
هەر بۆیە پاش ئەوەی ئەمەریکا هەزاران سەربازی خۆی بۆ ئازادکردنی عێراق بەکوشت دا و ملیاران دۆلاری خۆی خەرج کرد، عێراق وەک مانگایەکی شیردەر کەوتە دەست ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران و سیاسییە گەندەڵەکان، ئەوانیش بە کەیفی دڵ دایدەدۆشن.
ئەمەریکا لە عێراق شكستی هێنا و نەیتوانی دەوڵەتێکی هاونیشتمانی، دیموکراسی و سەقامگیر دروست بکات، بەپێچەوانەوە، عێراقی لە دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ رزگار کرد و خستیە دەست دەیان فەرخە دیکتاتۆر. عێراق تا ئێستاش لەناو پشێوی و ئاڵۆزییدایە، وڵاتانی ناوچەکە خۆیان خزاندە ناو جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەت و حوكمڕانی، بەتایبەتی ئێران ئەو هەلەی زۆر بەباشی و بەوردی بۆخۆی قۆستەوە و ئێستا نزیکەی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە بن دەستایە، کەواتە لێرەدا ئێران حوکمی عێراق دەکات نەک عێراقییەکان.
لەم نێوەندەدا، کوردیش راستە هەرێمێکی دەستووری و پێشکەوتووی هەیە، بەڵام گیرۆدە بووە بەدەست دەسەڵاتدارانی عێراق و میلیشیاکانیەوە، چونکە عێراق دەوڵەتی هاونیشتمانی نیە، حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، عێراقیان کردە چێشتی دەروێشان و هەریەکە دەرگای بۆ وڵاتانی ناوچەکە کردووەتەوە کە لە رێگەی ئەو گرووپانەوە سەر بەخۆیانن دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەشێكی کوردستانەوە بكەن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان پێ بکەن.