لەماوەی رابردوو، کارتەکانی جیاکردنەوەی هەرێم و سەربەخۆیی ئابووری سلێمانی لەدەستی یەکێتی سوتان، کارتەکەی دادگای فیدڕاڵیشی هاتە سەر. ئیستا ئەگەر پارتی سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرێت و حکومەت پێکبهێنێت، یەکێتی دەتوانێت لە سلێمانی حوکمەت دروستبکات، بەڵام دەستووری نییە! ئەوەی پارتیش دەستووریە بەڵام عەمەلی نییە!
لەدوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای ئیتیحادی کە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستانی بە یاسایی دانا، هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە یان گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی دەکەوێتە دەست پارتی. لێرەوە پارتی دوو بژاردەی لەبەردەستە؛ بەردەوامبوون بەبێ یەکێتی یاخود رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی. بۆ پارتی حوکمڕانی بەبێ یەکێتی نە ئاسانە و نە مومکینە لەڕووی عەمەلییەوە، بەڵام ئەوەی چۆن دەکرێت ڕێککەون، دەمێنێتەوە سەر ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیارە بکرێن.
بۆڵەبۆڵە میدیاییەکەی یەکێتی کە لەمڕۆوە دەستیپێکردووە، سەرەتای دەرهێنانی کارتێژی دیکەیە. لەو چوارچێوەیە، یەکێتی دەیەوێت بڵێت کابینەی نۆ کابینەی هەولێر و دهۆک بووە! بەو مانایەی هەڵاواردن لەبەرانبەر سلێمانی کراوە! ئەمە ئەگەرچی موقنیع نییە، لەبەرئەوەی لەڕووی کردەییەوە کاک قوباد کەسی یەکەمی سلێمانی بووە تا ئیستا؛ بەڵام لەمەودوا، یەکێتی لە گفتوگۆکاندا بەو ئاراستەیە فشاردەکات کە ئەو پێگەیەی قوباد تاڵەبانی وەها لێبکات کە لە بڕیارەکانی سلێمانی بەس ئەو بڕیاردەربێت. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ ئەم کارتە کاریگەرە؟
دیمەنەکانی رۆژانی رابردوو، دەوامکردنی تیمی یەکێتی لە سلێمانی ئەوەی پێگوتین نە لەڕووی ئیقلیمییەوە و نە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، ناوەندێکی دیکە جگە لە هەولێر درووستنابێت، بەو بەڵگەیەی هەموو کۆبوونەوەکانی کاک قوباد هەر لە هەولێر دەکران نەک سلێمانی.
ئەمە جگە لەوەی ژەنینی ئەو سازە لەوەی تا ئیستا کراوە زیاتر، دۆخێک دەهێنێتە پێشەوە کە بۆ پەیوەندی یەکێتییەکانی هەولێر و حزبەکەیان باشنابێت، ئەگەرچیش بتوانێت بۆ پەیوەندی یەکێتییەکانی سلێمانی و حزبەکەیان کارێک بکات!
لەهەموو بارێکدا، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی دەکرێت رووبدات، بەڵام ئاسان نابێت. بۆیە رەنگە باشترین بژاردە بۆ هەردووکیان دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بێت.
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، بەدڵی پارتی و یەکێتییە، بەڵام بەدڵی نەوەی نوێ نییە! لەهەمان کاتیشدا بەدڵی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووە! لەو حاڵەتەشدا هەریەکە لە پارتی و یەکێتی رووبەڕووی تەحەدای ئایندە دەبنەوە. بۆ پارتی دیسان رازیکردنی یەکێتییە و بۆ یەکێتیش هێنانەوەی ئەو باڵانسەیە کە ئیستا پێوەی دەنازێت.