لە ناو بەدەنەی سیاسی هەموو حکوومەت و پێکهاتەیەکی سیاسییدا، جودابیری و دەنگی جیاواز هەیە و تەنانەت لە زۆرێک لە پارلەمانەکانی جیهانداشەر و دەمەقاڵە پێش دێت و لە میدیاکاندا هەموو لایەک بە چاوی خۆمان بینیوومانە. دیارە لە هەر شوێنێکدا ئەگەر هەمووان وەکوو یەک بیر بکەنەوە ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کەس بیر ناکاتەوە. چەمکی دیموکراسی چەمکێکە کە هەموو ئایدۆلۆژیایەکی کراوە و زانستی هەوڵی پەرەپێدانی ئەدات و تەنانەت زۆرێک لە وڵاتانی دوگم و داخراویشدا، بۆ ئەوەیکە لە کاروان جێ نەمێنن وەکوو پاشگر و نازناوێکی عەوامخڵەتێنی "دیموکراتیک " هەڵی ئەدوورن بە خۆیاندا.
دیموکراسی بەرەڵایی و هەرکی هەرکی نیە بەڵکوو یاسا و رێسایەکی دژوارە کە پێویستە تاک بە تاکی کۆمەڵگا لە سیستمی پەروەردەدا وەکوو وانە فێری ببن و بیخوێنن. پەروەردەی دیموکراتیک ئەوەت فێر دەکات کە ئەگەر تۆ باڵادەست و هێزی سەرەکی بیت کاتێک لە هەڵبژاردندا دەنگت نەهێنا بە رووخۆشی و دڵفراوانییەوە گۆرەپان چۆڵ بکەیت و تەنانەت پاڵپشتی نەیارەکەت بکەی. لە کوردستانی باشوور کە هێڵی سووری هەموو کوردێک و بابەتێکی حەیسییەتی گەلی کوردستانە بە داخەوە دیموکراسییەکی سەقەت و نیوەچڵ سیستمی سیاسی ئەو هەرێمەی سەرگەردان و خومار کردووە کە هەموو قورسایی و تێچووە ناپێویستەکانی لە سەر شانی خەڵکەکەیەتی. سیاسەت یانێ بەرێوەبەری هەموو بەرێوەبەرییەکان هەر بۆیە سیاسەتی رەسەن و دیموکراتیک هەموو پێکهاتە جیاوازەکان وەکوو ئورکێسترایەکی فرە چەشن لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە و بە سازی هەموو سازە جیاوازەکان ساز و دەنگێکی یەکدەست و مێشکپەسەند بەرهەم دێنن کە ئەتوانین لەو کاتەدا ناوی بنێن شادی و لەزەتی سیاسی. لە کوردستانی باشوور دەنگی سازێکی نارەسەن خەریکە گوێی هەموو لایەک بە دۆست و دوژمنەوە کاس دەکات. هەرێمێکی بچووک کە نیوەی خاکەکەی پێ رەوا بینراوە و هێشتا بەشی زۆری لە دەستی داگیرکەرە، ژیئۆپۆلیتیکێک کە رەحمی خودا و ناکۆکی نێوخۆیی داگیرکەران پاراستوویەتی.
دەنگۆی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی و رادەستکردنەوەی بە بەغدا خەونی هەموو کوردێک و فرمۆڵی دیموکراتیزاسیۆنی کردنی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراستی تووشی شڵەژان کردووە. ئەگەر یەکێتی دەیهەوێت بەو شێواز زەخت بخاتە سەر هەولێر و ئیمتیازی زیاتری لێ بستێنێت ئەوە ریسکێکی مەترسیدارە و خەسارەکانی قەرەبوو ناکرێتەوە. زامی رۆژئاوا سارێژ نەبۆتەوە ئەوا خەریکە زامێکیتر درووست ئەکەن. ئاستی ناکۆکییە ناوخۆییەکان حکوومەتی هەرێم 5%ی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی تورکیا و ئێران و عێراقە بەڵام ئایا میدیای ئەوان خاڵە لاوازەکانی خۆیان بە بێگانە دەڵێن؟ ئایا سەبارەت بە ئاسایشی گشتی و نیشتمانی و هەروەها پرسی تەواوێتی ئەرزی هەموویان یەکدەنگ نین؟ ئایا دنیای رۆژاوا جارێکتر لە سەر پرسی مافەکانی کورد رێک دەکەون؟و،،،
کۆتا باس ئەوەیە کە رێخەران و بریاردەرانی دابەشکردن و بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان، رێک هەمان بیرۆکەی خێڵی ئینتگرەیە کە بە دەستی خۆیان گۆری خۆیان کەند و لە هاوکێشییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا ناو و ناوبانگییان بۆ هەمیشە سرایەوە.