دواین هەواڵ

چوارچێوەی هەماهەنگی چۆن یەکێتی بێ هیواکرد؟!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەم زانیاریانەم لە سێ سەرچاوەی جیاوازەوە دەستکەوتووە.
📌شیعەکان گوتیان کێشەمان زۆرە و کورد کێشەی خۆی نەهێنێتە ئێرە!
📌بۆچی شیعەکان لەگەڵ زەیدی بوو بە دەمەقاڵێیان لەسەر جورفولسەخر؟
📌عامری و ئەبو ئالا کۆبوونەوەکەیان جێهێشت و زەیدی گوتی سەریشم ببڕن پەشیمان نابمەوە!

♦️بەپێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆدەکرێت کۆبوونەوەی ئەمشەوی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت نە بۆ پرسی بودجە بووە و نە بۆ پرسی موچە؛ بەڵکو کۆبوونەوەکە هەر ئەنجام نەدراوە و لەبری ئەوە تەنها سەرکردەکانی ئیتاری تەنسیقی لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوونەتەوە باسی کۆبوونەوەکەش تەنها کێشەی جورفولسەخر بووە. 

♦️بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت، کە هاوپەیمانێتی هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەتی عیراقە، ئەنجامبدرێت. بۆ ئەمە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید دەچنە بەغدا، بەڵام شیعەکان پێیاندەڵێن ئەو کۆبوونەوەیە هەڵوەشاوەتەوە و لەبری ئەوە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نێوان ئەو سێ کەسە و ئیتاری تەنسیقی دەکرێت. لە لایەنە شیعییەکان نوری مالیکی و لە شاندی بەرانبەر کە وەک شاندی پارێزگای سلێمانی پێشوازیان لێکراوە نزار ئامێدی کەسی یەکەم بووە. مالیکی بە نزار ئامێدی گوتووە، “تکایە کێشەی خۆتان مەهێنن بۆ بەغدا”  کاتێکیش نزار ئامێدی پرسیاری هۆکارەکەی کردووە، پێیانگوتووە کە ئەوان خۆیان کێشەی کەمیان نییە و نێوەندیگیرییەکانی سەید عەمار لە پرسی جورفولسەخر شکستیان هێناوە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیان زۆر خراپ بووە!

♦️پێش ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان نێوان ئیتاری تەنسیقی و عەلی زەیدی ئەنجامدراوە کە تەنها یەک تەوەری هەبووە؛ ئەویش بریتی بووە لە مامەڵەی عەلی زەیدی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و بەدیاریکراویش لەگەڵ پرسی جورفولسەخر! دوای ئەوە دەستیپێکردووە، عەلی زەیدی هێزەکانی دژە تیرۆری عیراقی ناردووەتە دەروازەکانی جورفولسەخر. هێزەکانی کەتائیبی حزبوڵا کە کۆنترۆڵی جورفولسەخریان لەدەستە بەهەمان شێوە هەڕەشەی ئەوەیان کردووە لەبەرانبەر ئەو هێزە بێدەنگ نابن. کارەکە گەیشتووەتە شوێنێک زەیدی هەتا رۆژی هەینی مۆڵەتی داناوە. زەیدی گوتووشیەتی، تەنانەت گەر سەرم ببڕن پاشگەزنابمەوە!

♦️هەر لەو کۆبوونەوەیە ئەبو ئالا وەلائی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە ناکرێت زەیدی پێچەوانەی خواستی زۆرینەی هاوپەیمانێتییەک کاربکات کە ئەویان کردووەتە سەرۆکوەزیران. لەبەرانبەردا، زەیدی گوتوویەتی، دۆخی عیراق بەرگەی موجامەلە ناگرێت و ئەو لەڕێگەی عەمار حەکیمەوە زۆر هەوڵیداوە پرسەکە ئاشتیانە چارەسەر بکات بەڵام وادیارە گرووپە چەکدارەکان لەو زمانە تێناگەن. هەر لەوێ هادی عامری هەوڵدەدات پێشنیازێکی دیکە بخاتەڕوو و مۆڵەتەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام زەیدی بەوەش ڕازی نابێت. 

ئەو مامەڵەیەی زەیدی وایکردووە هەریەکە لە ئەبو ئالا و هادی عامری کۆبوونەوەکە بەتوڕەیی جێبهێڵن. ئەوەی جێگەی سەرنج بووە، هەڵوێستی مالیکی بووە کە گوتوویەتی، «چی تێدایە با سوننەکان بگەڕێنەوە و کەتائیب لەوێ بڕۆن» دوای رۆشتنی ئەبو ئالا و هادی عامری، زەیدی بە ئامادەبوانی گوتووە کە ئەو ناتوانێت عیراق بخاتە بەر سزا لەبەر کۆمەڵێک گرووپی چەکدار و ڕاستەوخۆ ئەویش دوای ئەو قسانە کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە و ڕاستەوخۆش فەرمانیداوە هێزی زیاتر بەرەو جورفولسەخر بڕوات.

📍بۆچی جورفولسەخر؟
ناحیەی جورفولسەخر، پرسەکەی تەنها پەیوەست نییە بە قاچاخچێتی نەوتەوە وەک ئەوەی ئاماژەی بۆدەکرێت لە میدیا. خۆ ئەگەر پرسی قاچاخچێتی نەوت باسەکە بوایە، لە عیراق دەیان ناوچەی دیکە هەیە ئەو کارەی لێدەکرێت و کۆنترۆڵکردنیان ئاسانترە و ئەو سەرئێشەیەشی نییە کە جورفولسەخر هەیەتی. 
بابەتی جورفولسەخر، پەیوەستە بە هەبوونی ناوەندی هەماهەنگی گرووپەکانی موقاوەمە لەو شوێنە. ئەمە جگە لەوەی کارگەی بەرهەمهێنانی موشەک و کارگەی بەرهەمهێنانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و چەندین کۆگای چەک و جبەخانە و تەقەمەنی تیادایە کە لەژێر کۆنترۆلی دەوڵەت نییە. بەئامانجگرتنی ئارامکۆ و ئوردن و بنکەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکاش هەر لەوێوە ئاراستەکراوە.
بۆ شیعەکان جورفولسەخر گرنگیەکەی لەوەش تێپەڕدەکات؛ چونکە لەبنەڕەتدا ناحیەیەکی سوننە نشین بووە و لەدوای هاتنی داعش و ئازادکردنیەوە دانیشتوانی ڕێگەیان نەدراوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP