دواین هەواڵ

بۆ مامۆستا " قانع" ی مەزن!

‌عەتا شەمێرانی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

چ ڕێکەوتێکی نامۆ و پڕ لە مانایە! چ دیمەنێکی پڕ لە پرسیار و پێچەوانەیییەکی مێژووییە! تۆ کە تەمەنی خۆتت لە پێناوی هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیەکدا بەسەر برد، بە شیعر و وشە خەونی ئازادی و سەربەخۆییت لە دڵی نەوەکاندا چاند، و هەموو ژیانت بەرگریت لە ناسنامە و مافی بوونی کورد کرد؛کەچی ئەمڕۆ لەبەردەم پەیکەرەکەتدا ،کۆمەڵێک کەس ڕێبوارانی ڕێگاکە ڕادەگرن و داوای واژۆیان لێ دەکەن بۆ دابڕاندنی بەشێک لەو خاکەی کە تۆ بە شیعر و خەبات، خەونی یەکگرتوویی و ئازادییەکەت بۆ گواستەوە! ئەوە تەنها دیمەنێکی نامۆ نییە؛ بەڵکو وێنەیەکی ڕوونە لەو ناکۆکییەی کە لە نێوان بیرەوەریی نەتەوەیی و هەندێک بیرکردنەوەی سیاسیی ئەمڕۆدا دروست بووە.ئاخر چۆن دەکرێت لە ژێر سێبەری پەیکەری شاعیرێکدا بانگەوازی دابەشکردنی ئەو نیشتمانە بکرێت کە هەموو ژیانی خۆی بۆ زیندووکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و خەونی ئازادییەکەی تەرخان کرد؟ چۆن دەکرێت لە شوێنی یادکردنەوەی شاعیری نیشتمان، بانگەشەی دابڕاندنی نیشتمان بکرێت؟

ئەمە پرسیارێکە کە پێویستە پێش هەر کەسێک، ئەو کەسانە وەڵامی بدەنەوە کە خۆیان بە خاوەنی هۆشیاریی نەتەوەیی دەزانن!! مامۆستای نیشمانپەروەر .. ئەگەر ئەمڕۆ پەیکەرەکەت بتوانێت قسە بکات، ڕەنگە لە نەوەی ئێستا بپرسێت: من بە شیعر هەوڵم دا هۆشیاریی نەتەوەیەک زیندوو بکەمەوە؛ ئێوە بۆچی لە جیاتی بەهێزکردنی ئەو نەتەوەیە، خەریکی دابەشکردنی خاک و دڵ و بیرەکانی بوون؟ من خەونی ئازادی و سەربەخۆییم بۆ ئێوە گواستەوە؛ ئێوە بۆچی خەریکی سنووردارکردنی ئەو خەونەن؟!! تۆ بە شیعرو هەڵوێست،خەونی نەتەوەیەکت زیندوو ڕاگرت.

ئەرکی ئێمەیە ئەو خەونە بە هۆشیاری و یەکڕیزی بپارێزین. چونکە نیشتمان موڵکی هیچ حیزب و سەرکردە و نەوەیەک نییە؛ میراتی هەموو نەوەکانە و ئەمانەتێکە کە دەبێت بە پارێزراوی بدرێتە نەوەکانی داهاتوو. کوردستان بە دابەشکردنی خاکەکەی گەورە نابێت؛ بە دادپەروەری، بەهێزی، هۆشیاری و یەکگرتوویی خەڵکەکەی گەورە دەبێت. کوردستان لە بیرەوەرییەکانی ئێمەدا یەکە، لە مێژووی ئێمەدا یەکە و لە خەونی ئێمەدا یەکە؛ ئەو یەکەیییەش بە هیچ واژۆ و دروشمێک، هەڵناوەشێتەوە!!

ئەوانەی ئەمڕۆ دەیانەوێت ناکۆکییە سیاسییەکان بگۆڕن بۆ پرسی دابەشکردنی خاک، پێویستە بزانن کە نەتەوە بە هەڵوێستی تووڕەی ئەمڕۆ و بڕیاری کاتیی ئەمڕۆ دروست نەبووە. کوردستان پێش ئەوەی ببێتە بابەتی ناکۆکیی حیزبی و کارگێڕی، بوونی مێژوویی و نەتەوەیی هەبووە. هیچ هێزێک، هیچ دەسەڵاتێک و هیچ کۆمەڵێک کەس ناتوانن بە واژۆیەک، بە کۆبوونەوەیەک یان بە دروشمێک ئەو پەیوەندییە مێژووییە لە نێوان کورد و خاکەکەیدا هەڵبوەشێننەوە! سلێمانی و هەولێر دوو شار نین کە گەورەییی یەکێکیان بە لاوازیی ئەوی دیکە بپێورێت.

ئەوان دوو ستوونی گرنگی بینای نیشتمانن. سلێمانی بە ڕۆشنبیری، ئەدەب، هزر و خەباتی سیاسیی خۆی شوێنێکی تایبەتی لە مێژووی کوردستاندا هەیە؛ هەولێریش بە مێژووی کۆن، ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆڵی سیاسیی خۆی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بوونی کوردستانی ئەمڕۆ. هیچ کامیان لەوی دیکە جیا نابێتەوە و هیچ کامیان پێویستی بە سڕینەوەی شکۆی ئەوی دیکە نییە! بەڵێ، هەر شار و ناوچەیەک مافی ئەوەی هەیە داوای دادپەروەری، خزمەتگوزاری، بودجەی گونجاو، پەرەپێدان و مافی کارگێڕیی خۆی بکات. هیچ کەسێک نابێت بە بیانووی یەکگرتوویی دەنگی ناڕەزاییی خەڵک بکوژێنێتەوە. بەڵام جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان داوای ماف و دادپەروەری و بانگەوازی دابەشکردنی خاک.

یەکەمەکە مافی هاووڵاتییە؛ دووەمەکە دەکرێت ببێتە دەرگایەک بۆ لاوازکردنی بوونی نەتەوەیی. نابێت کێشەی سیاسی بە چارەسەری نەتەوەیی تێکەڵ بکرێت، و نابێت خەڵک لەبەر ناکۆکییەکانی دەسەڵاتداران، لە دژی خاک و هاوچارەنووسی خۆیان بوەستن! بۆیە پێویستە بە هۆشیارییەوە لە پشت ئەو دروشمانە بڕوانین کە بە ناوی ماف، دادپەروەری یان ئازادیی شارەوە، دەرگای دابڕان دەکەنەوە.

ماف بە دابەشکردنی نیشتمان بەدەست نایەت؛ دادپەروەری بە دروستکردنی دوژمنایەتی لە نێوان خەڵکی یەک نەتەوە مسۆگەر نابێت. هەروەها هیچ کەسێک نابێت مافی خەڵک بکاتە قەڵغانێک بۆ پڕۆژەی سیاسیی خۆی. نەتەوەی هۆشیار ئەوە نییە کە هەموو کەسێک لە یەک بۆچووندا بێت؛ نەتەوەی هۆشیار ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانی، سنووری نیشتمانی خۆی بناسێت و نەهێڵێت ناکۆکییەکانی ببنە ئامرازی لەناوبردنی یەکگرتوویی!

بەڵام ئەوەی دوژمنان و ناحەزانی کورد دەبێت لەبیر بکەن ئەوەیە کە کوردستان بە دروشم و بانگەشەی سیاسی دروست نەبووە، تا بە دروشم و بانگەشەش لەناو ببرێت. ئەو نیشتمانە بە خەباتی نەوەکان، بە خوێنی شەهیدان و بە خۆڕاگریی خەڵکێک پارێزراوە کە لە سەختترین ساتەکانی مێژوودا دەستیان لە ناسنامە و خاکەکەیان بەرنەداوە. هیچ پڕۆژەیەکی دابەشکاری ناتوانێت ئەو ڕاستییە بسڕێتەوە. هەوڵی جیاکردنەوەی شارەکان لە یەکتر، پێش هەر شتێک، نیشانەی نەبوونی تێگەیشتنە لە مێژوو و دەروونی ئەو نەتەوەیەی کە بە هاوچارەنووسییەوە مانای بوونی خۆی دۆزیوەتەوە!!

ئێمە کوردستانێکی بەهێزمان دەوێت، نەک چەند پارچەیەکی لاواز؛ دادپەروەریمان دەوێت، نەک زاڵبوونی شارێک بەسەر شارێکی دیکەدا؛ فرەیی و جیاوازیمان دەوێت، نەک دوژمنایەتی؛ و یەکگرتووییمان دەوێت، نەک بێدەنگکردنی دەنگە جیاوازەکان. ئەوەی دەبێت بگۆڕدرێت شێوازی بەڕێوەبردن و نەریتی دەسەڵاتە، نەک نەخشەی نیشتمان. ئەوەی دەبێت سنووردار بکرێت دەسەڵاتی هەڵە و بێدادپەروەرییە، نەک خاکی کوردستان!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP