ئەم قسەیەی سەرەوە هی ئەو دەوروزەمانەیە کە نکوڵی لە توانا و لێوەشاوەیی کورد دەکرا و هەندێک تورکی نەژادپەرست بە تانەوە دەیانگۆت: (اودوندن ماشە اولماز، كورددن پاشا اولماز) واتا نە دار بۆ ئەوە دەست دەدات مقاشی لێ دروست بکرێت و نە کوردیش بۆ ئەوە دەست دەدات ببێتە پاشا.
کورد قوربانی نەما نەیدات، گیانبازی نەما نەیکات و ڕێی سەختی خەبات نەما نەیگرێتەبەر تا بیسەلمێنێت دەتوانێت ببێتە پاشا و سەرداری دارولموڵکی خۆی و بگات به دەوروزەمانێک کەس جارێکی دیکە جەسارەت نەکات کورد بە شایستەی ژیانی ئازاد نەزانێت. لەو پێناوەدا سەفەری هاتونەهات و مان و نەمانی گرتەبەر: پێشمەرگە دەریایەک خوێنی بەخشی، مناڵانمان هەناسەی ساردی بێباوکییان هەڵکێشا و دایکان سنگیان کوتی؛ هەڵەبجەمان خنکا و ئەنفال تەرمی داین بە دەمی سەگەکانی سەحراوە، لە ئەنفالی بارزاندا منداڵانمان به مناڵى بوون بە پیاو و کۆڵی بێباوکییان خستەسەر شان، گوند و شارمان خاپوور بوون، مهرگهساتى کۆڕەومان ئاسمان و ويژدانى مروڤايهتى هێنايهگريان، ماڵ و ماڵباتێكمان نەما چیرۆکێكى تاڵى مهينهت لە سینەیدا تۆمار نەکا، لە گۆڕستانەکانمان جێ نەما و شەهیدەکانمان لە باوەشی یەکتردا ناشتن؛ کۆست نەما نەیبینین و کارەسات نەما سەرسەختیمان تاقی نەکاتەوە، تا بە هەموو دونیا بڵێین ئێمە شایستەی ئازادین و بندەستی نابێت ببێتە چارەنووسمان.
ئەم گەلە مەینەتدیدە وقوربانيدهره هەر ئەوەندەی دەویست ههموو دهستهكانى یەکگرتووانە و پێکەوە ئەم هێزە لەبن نەهاتووەی قوربانیدان بکەنە توێشووی ڕێگه و ئەم کاروانە پێکەوە و بە یەک ئاراستەدا بە مەنزڵ بگەیەنن و بە ناکۆکی و دووبەرەکی گومڕا و ڕەنجبەخەسار نەبین. بەهانە نەدرێتە دەست نەیاران و جارێكى ديكه نەڵێن کورد نابێتە پاشا، لەسەر سکمان هەڵنەپەڕن و بە تەوس و شەماتەت و تانەوتەشەرەوە پێمان نەڵێن: کورد و حوکمڕانیی کوجا مەرحەبا.
منێكى نهوهى پێشوو کە لە دید و دڵ و دەروونی گەنجێکی دڵشکاوى نهوهى ڕاپهڕينهوه لەم دووبەرەکی و دووئیدارەیی و دووزۆنی و دووکەرتکردنەی جەستەی نیشتمان دەڕوانم، بە قووڵی هەست بەو داخ و کەسەرە دەکەم کە ڕۆحی دەکرۆژێت. چ ئازارێکە کاتێک ئەو گەنجە لەسەر شاشە عەرەبییەکانەوە دەبینێت نەیار و شۆڤێنییەکان بە خۆخۆریی کورد پێدەکەنن و لاقرتێ بە شوناس و چارەنووسی دەکەن؛ پێکەنینێک کە هەزاران جار لە فیشەک بەئازارتر و لە تیغی خەنجەری ژەهراوی بەسوێترە.
ئەوەی ڕوودەدات تێكشكاندنى ڕۆح و ورە و باوەڕی ئەو گەنجەیە کە دوای سی و پێنج ساڵ ئازادی دەمانگوت مەحاڵە ئیتر لەگەڵ بندەستیدا هەڵبکات، مەحاڵە نەتەوە و زمان و ناسنامەی خۆی لە هیچ گەلێکی دیکە پێ کەمتر بێت؛ گەنجێک کە ساز و ئامادە بوو ئاڵای نیشتمانێکی یەکپارچە و یەکدڵ لە نەوەی پێشوو وەربگرێت و لە ڕیزی گەلانی لەخەمڕەخساودا بیشەکێنێتەوە.
ئەمەی ڕوودەدات خامۆشکردنی ئەو ڕۆحە سرک و ئازادەی گەنجی کورد و بەگۆهێنانەوەی ئەو نەژادپەرستانەیە کە دەمێک بوو لە ئاست کورددا لەگۆ کەوتبوون.
ئەمەی ڕوودەدات سووڕانەوەیە لە بازنەی خۆکوژییەکی سەدبارەدا و لێدانەوەی سەربوردەی دهرده كورده لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا هەرەسی میرنشینەکانی بابان و سۆران و بۆتان و برینەکانی سەردەمی نوێمان!
ئەوەی ڕوودەدات زرینگانەوە و دەنگدانەوەی بێکۆتایی ئەو فەرمایشتەی بیرمەندی گەورەمان مەسعودی مەلا محەمەدە کە بەدەم هەڵکێشانی هەناسەی ساردەوە دەیفەرموو: (کورد دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە خارجی تەئریخ دەژی... خارجی تەئریخ دەژی!)