بەرگریکردن لە هەرێم وەک کیانێكی نیشتیمانی بۆ کورد، بەرگریکردن نییە لە پارتی؛ چونکە پارتی حیزبی ساڵحان نییە، ئەویش بە قەدەر کێوەکانمان خراپەی هەیە و هەبووە.
سلێمانی تا ئەو ساتە شارێکی کوردییە کە لەگەڵ هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و سۆران پێکەوەیی هەبێت. لەوە بترازێت، دەبێتە شارێکی عێراقیی بێڕۆح، کە هاوشێوەی سەماوە دەبێت بۆ کورد.
لە سەروبەندی ئاڵۆزی و بەربەست و کێشە قووڵەکانی ناوچەکەدا، تازە بە تازە یەکێتی و پارتی گوێ بەهیچ نادەن و ئایندەمان دەخەنە بەر مەترسییەکی گەورە.
کۆکردنەوەی ئیمزا و دروستکردنی گرووپ بۆ جیاکردنەوەی شارەکان لە کوردستان، نەک خیانەتە، بەڵکو لوتکەی هەرزانبازاڕی و نۆکەرایەتییە.
با جارێ بەم حیكایەتە دەستپێبكەین:
دوای دامەزراندنی حکومەتی کاتیی عێراق و دانانی فەیسەڵی کوڕی شەریف حوسێن وەک پاشای عێراق، پرسیاری شوێنی کوردستان لە ناو ئەو دەوڵەتەدا بووە بابەتێکی سیاسیی ئاڵۆز.
لە سلێمانی، بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران، کەسایەتییە سیاسییەکان و خەڵکی ناوچەکە ڕازی نەبوون بەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عەرەبیی عێراق بەسەریاندا بسەپێنرێت.
بە پشتبەستن بە بەڵگە ئەرشیفییە بەریتانییەکان و سەرچاوە مێژووییەکان، ئاماژە بەوە دەکرێت کە لەو قۆناغەدا خەڵکی سلێمانی ڕەتیان دەکردەوە بەڕێوەبردنی حکومەتی عێراق لە بەغدا قبوڵ بکەن؛ بۆیە بەریتانیا هەندێک جار ناوچەکەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی نوێنەری باڵای خۆیەوە، بەڕێوە دەبرد.
لە سلێمانی، بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و خەڵکی ناوچەکە دژی پەیوەستبوونی کوردستان بە دەسەڵاتی عەرەبیی عێراق بوون.
لەبەڵگەنامەیەکی فەرمیی ئەرشیفیی بەریتانیا، بە ژمارەی IOR/L/PS/10/962، ئاماژە بە ئەنجامی دەنگدانێک دەکات کە لە ساڵی ١٩٢١ بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسیی ناوچەکە ئەنجام دراوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، لە سلێمانی ٢٠٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، ١٩٠ کەسیان دەنگیان داوە و تەنها ٣٢ کەس پشتیوانییان لە پەیوەستبوون بە عێراق کردووە.
لەئاست هەموو ناوچەی سلێمانی لە کۆی ٦,٠٠٠ کەس، تەنها ٣٢ کەس پشتیوانییان لە پەیوەستبوون بە عێراق کردووە.
ئەم ئامارانە نیشان دەدەن کە ناڕەزایی لە پەیوەستبوون بە عێراق تەنها لە ئاستی سەرکردایەتی و کەسایەتییە سیاسییەکاندا نەبووە، بەڵکو لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا ڕەنگی دابووەتەوە.
بێینەوە سەر مەسەلەکە
سلێمانی تا ئەو کاتە شارێکی کوردییە کە هاوشانی شارەکانی تری کوردستان لە سیستەمێکی پێکەوەیدا بن. (جا گرنگ نییە سیستەمەکە دەستکاری بکرێت؛ گرنگ پاراستنی قەوارە دەستوری و نیشتیمانییەکەیە کە ناوی هەرێمی کوردستانە). لەوە بترازێت، سیفەتی شارێکی کوردی لەدەست دەدات و هاوشانی شارەکانی تری عێراق دەبێت.
کوردستان موڵکی یەکێتی و پارتی نییە تا بە کەیفی خۆیان، هەر کاتێک ڕێک بوون، یەک قەوارەی هەبێت و هەر کاتێکیش کەوتنە ناکۆکی، دابەشبکرێت و هەر کەسێک داوای بەشی خۆی بکات.
هەرێمی کوردستان بەرهەمی زیاتر لە سەد ساڵ هەوڵ و خەبات و ماندووبوون و قوربانییە؛ کە ناکرێت لە هیچ ڕەنگ و لایەنێک قبوڵ بکرێت وەک کێكی ڕۆژی لەدایکبوون لەت و بەش بکرێت.
ژمارەیەک خۆدەرخەر و منداڵ لە ڕووی عەقڵەوە، دەیانەوێت خەیاڵی خۆشگوزەرانی و باشکردنی ژیان و بەهەشتکردنی سلێمانی ببەستنەوە بە جیاکردنەوەی لە هەرێمە گەورەکە؛ لە کاتێکدا ئەمە جگە لە خیانەت و بێمۆڕاڵی، هیچ ناوێکی ترهەڵناگرێت.
لاشم وانییە یەکێتی ئەو هەڵە سیاسییە بکات و کار بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی بکات؛ چونکە ئەگەر ئەمە بکات، نیشانەی ئەوەیە کە تۆ تەنها لەم شارە لایەنگرت هەیە. ئەی چی بە دەنگدەرێکی خۆی دەڵێت لە ئاکرێ و زاخۆ و هەریر؟
بەشێک لە ڕابەرانی ئەم پرۆسە گومانئامێزە و ناشیرین و قێزەونە، با تەماشای خێر و بێری دوای ڕاپەڕین بکەن کە بەسەر باوانیاندا ڕژاوە و لە سایەی ئەو دەسەڵاتە کوردییەکەی کە بە ناوی هەرێمەوە دروست کراوە، چییان دەست کەوتووە. ئێستا دوای قڕقێنەی تێری، دەستیان داوەتە خراپترین و ناشیرینترین کردەوە.
ڕەنگە ئەو گرووپ و دەستە ناشیرینانەی ئێستا ژمارەیەکی گەورە لە هاوڵاتیان بە دروشم و قسەی باق و بریق و ساختە بخەڵەتێنن، بەوەی سلێمانی جیابکرێتەوە و ببێتە هەرێم و ئیتر دەرگای خۆشی بکرێتەوە؛ بەڵام دەبێت بزانن ڕەشاییەک لە مێژوودا تۆمار دەکەن کە ڕەشترە لە هەموو ڕووداوەکانی پێشوو.
هەمووان کۆکین لەسەر ئەوەی کێشە لەنێوان هاوڵاتییەکی سۆرانی و کەلاریدا نییە؛ کێشە لەنێوان هەولێری و سلێمانییەک نییە؛ ناکۆکی لەنێوان دانیشتوویەکی قەڵادزێ و مێرگەسوریدا نییە. کێشەکە ناکۆکیی یەکێتی و پارتییە. بۆچی پەرتکردنی نیشتیمان بکرێتە قوربانیی ناکۆکیی ئەو دوو لایەنە.