یەکەمین جار نییە مشتومڕی جیاکردنەوەی زۆنی سەوز لە هەرێمی کوردستان دەبێتە باس.
جاری یەکەم لە سەردەمی نەوشیروان مستەفا بوو، بە ڤیتۆی مام جەلال و راپۆرتێکی ژووری توێژینەوە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ستۆپی پێکرا، کاتێک دەرکەوت لە بەرژەوەندی زۆنەکە نییە.
جاری دووهەم، لەسەردەمی لاهور شێخ جەنگی، کاتێک هەمان ئەوانەی هانی نەوشیروان مستەفایاندا ویستیان هەمان کارت بەکاربهێنن، بەڵام ئەمجارە بەبێ ئەوەی پیویست بە ڤیتۆی کەسێک بکات، لە جددی نەبوونی هەڵسووڕێنەران و بەکارهێنانی باسەکە بۆ پارە پەیداکردن پرۆژەکە مرد!
ئەم جارەیان، هەنگاوەکان بەجۆرێک دەستیپێکردووە، نەکەس رووی هەیە خۆی بکاتە خاوەنی و نە کەس ڕووی هەیە بانگەشەی بۆ بکات! تەنانەت ئەو ناوە دیارانەی جارانیش خۆیان لێی نزیکناکەنەوە. تەنانەت، هەڤاڵ ئەبوبەکرکە یەکێکە لە خراپترین بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان و زیاتر وەک زێوانی گۆڕێک دەردەکەوێت لەڕووی نایەت پاڵپشتی بکات.
هۆکارەکەش روونە: پرسی بە هەرێمکردنی سلێمانی، نە هۆکاریێکی هەیە پەیوەستبێت بە خەڵکەوە، نە پرسێکی جددیە؛ بەڵکو زیاتر کارتێکی فشارە، یەکێتی نیشتمانی لە ململانێکانی بەرانبەر پارتی بەکاریدەهێنێت. هەربۆیە کۆمەڵێک کەس هاتوونەتە پێشەوە کە هێندە دووڕوون، هەتا دوێنێ هاواری یەکە یەکەیان بوو، ئیستا هاتوونەتە سەر دووە دووە بۆ هەرێمی کوردستان.
وەکو خۆم لەگەڵ بەهەرێمکردنی سلێمانی نیم. چونکە دەزانم سلێمانی ببێتە دەوڵەتیش بەتەنها، هەر ئەوە حوکمی دەکات کە ئیستا حوکمی دەکات، سنوورەکانی هەر لای هەمان کەس س دارایی و ئاسایش و دیموکراتییەکەشی هەمان ئەوەدەبێت کە تا ئیستا دیومانە! کێشەکانی سلێمانی، پەیوەست نین بە ستاتۆی ئیداری سلێمانییەوە، هێندەی ئەوەی پەیوەستن بەوەی کێ حوکمی سلێمانی بەدەستە. ئەمە جگە لەوەی هۆکاری بانگەشە بۆ درووستکردنی هەرێم، ئاستی خزمەتگوزاری و چارەسەری کێشەکان نییە، بەڵکو کێشەیەکی سیاسییە کە پەیوەستە بە ئیمتیازاتی یەکێتی و کێشەکانی لەگەڵ پارتی!
لەگەڵ هاتنە پێشەوەی ئەم باسە، یەکێک لە گرفتەکان، شێوازی دژایەتی خودی پرۆژەکەیە. گرنگە ئەوانەی دژایەتی دەکەن، نەکەونە بەکارهێنانی چەکی تەخوین. پرۆژەی جیاکردنەوەی سلێمانی یان هەر ناوچەیەکی دیکە هەر کێیەک پیشکەشی بکات، بەشێکە لە بەکارهێنانی مافی چارەی خۆ نووسین.
بەرپەچدانەوەی ئەو پرۆژەیە بە تەخوینکردن یان سووکایەتیکردن کارێکی درووست نییە. بزووتنەوە کوردییەکان بەبێ جیاوازی هەمیشە باسیان لە پرسی بڕیاردان لە چارەنووس کردووە، ئەم مافە ئەگەر بۆ گشت ڕەوابێت، دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت بۆ تاک و بۆ بەشیش ڕەوایە.
ڕێگا درووستەکە بۆ وەستانەوە بەرانبەر بەو هەنگاوە هەڵەیە، ئەوەیە لەخەڵکی بگەیەندرێت ئەمە کارتی فشاری حزبیە، نەک هەنگاو بۆ خزمەتی زیاتر بە سلێمانی و ئەمە لە زیانی کورد و کوردستانە نەک لە قازانج!