بەڕێز کاک مەسرور بارزانی،
بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی،
بەڕێزان ..دۆخی بازاڕ زۆر شپرزە و نالەبارە. کۆمەڵێک کەسی چاوچنۆک و بازرگانی بێویژدان، بەبێ هیچ ترس و لێپرسینەوەیەک، ژیانی خەڵکیان کردووەتە قوربانی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان. ئەو بازرگانە بێ ویژدانانە ،بەهۆی لێنەپرسینەوەو بێ باکی پارێزگارو قایمقامەکانەوە، بوونەتە کەڵەگا لەسەر سک و گیرفانی خەڵکی هەژارو نەدارەوە ، هیچ نرخێک بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی حکومەت دانانێن!!
ئێوە کەسی یەکەم و دووەمی ئەم هەرێمەن. دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی کوردستان لە ئەستۆی ئێوەدایە. ئەمە ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقییە!!
نابێت ڕێگا بدەن هاووڵاتیانی کوردستان ببنە قوربانی کۆمەڵێک بازرگانی چاوچنۆک و بێویژدان و بێ شەرەف کە بەبێ هیچ بەزەییە، قازانجی زۆر لە پێویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک دەکەن!!
ئایا ڕەوایە لە هەرێمێکدا کە سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و گاز و زێڕی هەیە، هاووڵاتییەک بۆ کڕینی بیست لیتر نەوت ناچار بێت ٣٠ هەزار دینار بدات و سێ سەعاتیش لە نۆرەدا بوەستێت؟ کەی ڕەوایە لیترێک نەوتی ئێرە، دوو ئەوەندەی نرخی لیترێک نەوت بێ لە پاریس و لەندەن و ڕۆماو مەدرید و واشنتۆن؟! ئەمە چییە؟ بۆچی بازاڕ بە دەستی ئەم کەسانەوە بەڕێوە دەبرێت؟ بۆچی هیچ چاودێرییەکی جدی نییە؟ بۆچی لێپرسینەوە لە پارێزگاران و قایمقامەکان ناکرێت؟ ئەوان بۆچی لەو پۆستانەدان، ئەگەر نەتوانن دۆخی بازاڕ و ژیانی هاووڵاتیان کۆنترۆڵ بکەن؟!!
خەڵک بۆ ئەوە شۆڕش و قوربانی نەداوە کە ئەمڕۆ کۆمەڵێک کەس لە ژێر سێبەری بێچاودێریی حیزب و حکومەتدا، یاری بە قوتی هەژاران بکەن و بە ویستی خۆیان نرخ بۆ کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵک دابنێن!!
تکایە بێدەنگ مەبن! دەستی قۆرخکاران کورت بکەنەوە، بازاڕ کۆنترۆڵ بکەن و بەرپرسانی کەمتەرخەم لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن و فڕێیان بدەنە سوچی زیندانەوە. خەڵک چیتر توانای هەڵگرتنی ئەم هەمووە بارە قورسەی نییە!
کوردستان هی خەڵکە، نەک موڵکی چەند کەسێکی چاوچنۆک. پاراستنی شکۆ و ژیانی خەڵک لە هەموو بەرژەوەندییەکی تر گرنگترە!
#عەتا_شەمێرانی