دواین هەواڵ

دەبێ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان خەمێكی هاوبەش بێت

‌ئەسرین عاسی شوانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر بۆ مێژووی نزیكەی سەد و پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا بگەڕێینەوە تا ئێستا، دەبینین کورد بەردەوام خەباتی كردووە و قوربانیی داوە تا بەرگری لە خۆی و لە مافەكانی بكات و بگات بە ئاواتە باڵاكانی كە دیارترینیان قەوارەیەكی سیاسیی سەربەخۆیە بۆ ئەوەی خۆی حوکمی خۆی بکات و ژێردەستە نەبێ، بە خۆشحالی و خۆشبەختییەوە، بەشێكی بەدیهاتنی ئەو خەونە لە باشووری کوردستان،لە چوارچێوەی هەرێمێكی فیدراڵی هاتۆتە دی، لێ دروستبوونی ئەو قەوارەیە دەریایەک خوێنی ویستووە و هەزاران هەزار دایکی جەرگسووتاو کردووە و هەزاران هەزار منداڵی بێدایک و باوک کردووە.

ئێستا ئەوەی دەیبینین قەوارەکە هەیە و دەبێ دەسپێک بێت بۆ خەونی گەورەتر، هەرچەندە دوژمنانی کورد ئەمەمان پێ ڕەوا نابینن، نەک داگیرکەرە عەرەب و تورک و فارسەکانمان کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، تەنانەت هەندێ وڵاتی دیكەش، لە بۆسەدان بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان و لە هەر سەرمەقولانجێکدا، لەجیاتی ڕاستکردنەوەمان، هەوڵی ملشکاندنمان دەدەن، کەواتە کورد دوژمنی زۆرە و بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان زۆر لە بۆسەدان تاوەكوو نەمێنێت و میللەتەکەمان بە دەردی ڕابردوو ببەنەوە. ماشەڵایان لێ نەبێت، چواردەورمان بە گورگ و چەقەڵ و ڕێوی و کەمتیار گیراوە و هەوڵی پچڕینی جەستەی زامدارمان دەدەن، بۆ خۆشمان لەناوخۆماندا ناکۆک و ناتەباین، هەندێك لەجیاتی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، خەریکن دەسباریی دوژمنان و ناحەزان و داگیرکەرانی کورستان دەكەن بۆ لەباربردنی ئەو ئەزموونە کە مافی تاک بە تاکی کوردە نەک لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە باکوور و ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا و هەموو جیهان ئەگەر کوردێکی لێ هەبێ.

گەلۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان هەروا بە ئاسانی نەبووەتە ئەمری واقیع و هەرێمێكی فسدراڵیی یاسایی و دەستووری، هیچ کام لە دوژمنان و تەنانەت دۆستانیشمان بەدیاری پێیان نەبەخشیوین، ئەو قەوارەیە بە خوێنی گەشی لاوەکانمان دروست بووە، بە ماندووبوون و شەونخوونیی دایکان و خوشکان و باوکان و کوڕانی لادێکان و جووتیارە ناندەرەکانی کوردستان، موژدەی لەدایکبوونی هێناوە، ئەو قەوارەیە قەوارەی هەموانە لەسەر تاک بەتاکمان ئەرکە بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین.

دەبێ هەموان هەوڵ بدەین، بەتایبەت حزبەکان، بێ جیاوازیی ڕەنگ و ئایدیا، قەوارەی هەرێمی كوردستان وەک جگەرگۆشەی خۆمان سەیر بکەین، چونکە ئەوە قەوارەی هەرێمە جیهانێکی جیاوازی خوڵقاندووە کە هەموان تێیدا ئەژین و ئەرک و مافمان تێیدا هەیە، بۆیە دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین، ئەگەر قەوارەی هەرێمی كوردستان تووشی نسكۆیەک بێت، هەموو کورد، سەرجەم حزبەکان بێ جیاوازی گڵۆڵەیان دەکەوێتە لێژی و غلۆر دەبنەوە، بە جۆرێک، جارێکی دی ڕاستبوونەوەیان ئەستەم دەبێت، بۆیە پێویستە هەموان کار بۆ ئەوە بکەین قەوارەکەمان بپارێزین و هەوڵ بدەین کەموکوڕییەکانی چارەسەر بکەین، هەموو لایەنەکان بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەین و هەوڵ بدەین کیانێکی پتەو و کوردانە بنیات بنێین، دوور لە ئینتمایی حزبایەتی، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم پەلە بکرێت، تا کۆتایی بەو چەقبەستووییەی هەرێمی كوردستان بهێنریت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP