دواین هەواڵ

بازرگانیکردن بە سلێمانیەوە: گوتاری میدیای یەکێتی!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لە لافاوەکەی چەمچەماڵەوە، تادەگاتە ئابڕووچوونی ٢٢ی ئاب و وەرەوە بۆ ململانێی حزبی و هەر شتێکی دیکە، یەکێتی نیشتیمانی یەک ئەرکی داوەتە میدیاکانی؛ ئەویش تەخوینکردنی هەر کەسێکە کە هەواڵێک لەبارەی سلێمانی بنووزێت یان بخوێنێتەوە یاخود ڕەخنەیەک بگرێت کە جوگرافیای ڕەخنەکە سلێمانیبێت! 

ئەم گوتارە، ئەوەندە بە پەلەپڕوسکێ و سەقەت ئامادەکراوە، پڕیەتی لە دووڕوویی. ئەو میدیایە ئیدیعای سەرەتایی ئەوەیە: غەدر لە سلێمانی دەکرێت! بەڵام لەلایەکی دیکە ئیدیعاکەی ئەوەیە باسکردنی کەموکوڕی سلێمانی یەکسانە بە دژایەتی شارەکە! لە یەکمدا دەڵێت حوکمەتەکەی پارتی هیچ ناکات و غەدرەکە دەکات، کەچی لە دوهەمدا دەڵێت هەر کەس باس لە بەڵگەکانی غەدرەکە بکات پارتییە! لە باسکردنەکانی خۆشیدا، کەموکوڕیەکانی سلێمانی خەتای پارتییە و کە پرۆژەیەکیش دەکرێتەوە، سەرەتای هەواڵەکە بریتییە لە:

“بە چاودێری قوباد تاڵەبانی..”

ڕاستییەکەی ستراتیژی میدیایی وا پەشۆکاو و بێسەروبەر لە شوێنێک نادۆزیتەوە و پیرەمێرد گوتەنی: تا ئیستا ڕووینەداوە لە تەئریخی میلەتا!

لەوە سەیرو سەمەرەتر، ئەو هەموو لۆمپەن و شارلەتانەیە کە بەناوی چالاکوان و میدیاکار و نووسەر و مامۆستاوە بەریداوەتە گیانی ئەو خەڵکە بەناوی پارێزگاریکردن لە “ئەمنی قەومی سلێمانی”یەوە.

دوایین نموونەی ئەو لەشکرە خاتوونێکە کە ووشەیەکی بەناوی “سولی فۆبیا” داتاشی و لە پێناسەکەیدا دەڵێت: “ئەوانەی خەڵقی سلێمانین. بەڵام لەشارەکە تۆقیون و لێیهەڵاتوون و لەدورەوە بەردی تێدەگرن”
ئەمە رێک ئەو قسەیەی مەلا مەعازی بەسەردا جێبەجێدەبێت کە دەڵێ: بەزۆر پاڵمەنێن بە خەڵکەوە بۆ بەهەشت نەوەکا بکەونە جەهەننەمەوە!

ئاخر تۆ بە بیانووی دیفاع لە سلێمانی هاتووی سلێمانی وەک شتێکی تۆقێنەر نیشاندەدەیت! وەک شارێک کە خەڵک لێی هەڵدێن!
کارەکە گەیشتووەتە شوێنێک، کەناڵ ٨ بێژەرێکی هەیە کە زیاتر لە ئەفسەری ئەمنی هەشتاکان دەچێت و بە دەنگێکی نێر، دەڵێت: “بۆ دژایەتی سلێمانی دەکەن و دەتانەوێ فێستیڤاڵی هەنارەکە فەشەل بهێنێ؟ خۆشە باسی ئەو پردە بکەم تا ئیستا تەواو نەبووە”
ئەم گوتارە چەندی بەردەوامبێت، یەکێتی تەقە لە قاچی خۆی دەکات. چونکە دێڕی یەکەم پێچەوانەی دووهەمە و دێڕی دووهەم هەمیشە یەکەم بەتاڵ دەکاتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP