دواین هەواڵ

ئەو دوو کەناڵە ئاسمانییە زیادە بوون، پێویستی نەدەکرد!

‌بەهرۆز جەعفەر

22 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕاستیتان دەوێ؟ لەم هەرێمی کوردستانە؛ دوو کەناڵی ئاسمانی لەم دوو سێ ساڵەی ڕابردودا کراونەتەوە؛ زیادەن، سەر- ئێشەن، یەک دانە (ئەها یەک دانە) دۆست و لایەنگر بۆ/ لۆ خاوەنەکانیان پەیدا ناکەن. هیچ مانایەکی سیاسیی، مەعریفی، میدیایی، ئەمنی، تەنانەت پەیامێکی مرۆیی و نیشتیمانییان نییە. لەوەش گەڕێن کە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار (هەزاران دەفتەر دۆلار) خەرجییان دەوێ:
لەو ڕۆژانە میوانبووم، لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون، لەیەکێک لە باڵەخانەکانی وێنەیەکی گەورە (لە پەیکەرێک دەچوو)، داپۆشراو، دانرابوو! ئەمە کێیە! ئەمە فوڵان بێژەری ...ڤا میدیایە (بەخوا بە جدیمە ها)!

 بۆ کاکە؟ ئەمە چەرچڵە؟ ئەبراهام لینکۆڵنە؟ بسمارکە؟ ئەتاتۆرکە!؟ ئەی بۆ وێنەی ئەدیسۆن دانانەن ئەو کارەباو ڕووناکییەی داهێناوەو دۆزیوەتەوە!؟ هەر هێج نەبێت وێنەی جەنابی مەلا موستەفا دابنەن، هەموو ژیانی لەو شاخانەو لە دەربەدەری و ئاوارەیی دا بەسەر برد. 

هەر بە زۆر دەیانەوێ پڕوپووچی بسەپێنن، ئەها؛ فووڵان بێژەر ئاوی خواردەوە! بوو بە هەواڵ! ئەی بۆچی وێنەی لەیلا قاسم دانانەن؛ تخوا لە زۆر پیاو- پیاوتر نەبوو!؟ ئەمە پڕوپوچییە؛ چوونکە ئەوانە هەر خەریکی درووستکردنی پاڵەوانی درۆینەو قارەمانی گاڵتینەو موزەیەفن! هیچ نەبێت وەکو عارەبان لەو کەناڵی "جەزیرە"یە، میدیاکارو کەسایەتییەکی قووڵ و پڕۆفیشناڵی وەک "فەیسەڵ قاسم"یشمان نەبوو؟ یان زۆر کوردی لێهاتوو لەو دونیایە هەیە و، نیشتیمانی کوردانی خۆش دەوێ بەڵام ڕوونە ئەنگۆ ئیشتان بەوانە نییە!  کاکی من، سەتو یەک ڕێگەی دی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەریی خۆتان لەسەر کۆمەڵگەو جیهان زیاد بکەن. هەروەک چۆن سەتو یەک پرۆژەی ستراتیجیی لە بەنداو، ڕێگاوبان، کارەبا، سیستەمی بانکیی، خێرخوازیی، نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان، گەشتیاریی جێبەجێکراوەو، بۆخۆی ئەو کارە چاکانە قسە دەکات و، ڕۆژانە دەدوێ.

ئەوجا کۆمەڵگە لەسەردەمی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ و زیرەکی دەستکرد دا، لە سەردەمی میدیای نوێدا، بەوانە و بەو کەناڵانە ئاڕاستە ناکرێت و ناگەوجێت. هەواڵەکانیان ئاوهایە؛ هێی فوڵان بێژەرمان (لۆ ڕابواردنێ) گەیشتە ئەمریکا، گەیشتە 'چین"؛ سواری پاصەکە بوو. 

کەیفی خۆشتانە؛ بەخودای کادرو سەرکردەی حیزبەکانی خۆشیان لەو کەناڵانە بێزارن! ماوەیەکی تر (ئەگەر ئێستا وا نەبێت) ئا-ئەوانە دەست بە گرووپکردن و بەرژەوەندیخوازیی گەورە دەکەن، دەست لەگەڵ ئەم و ئەوی ناو دامەزراوەکان تێکەڵ دەکەن، ئنجا لەگەڵ ئەم و ئەوی ئەملاولای دەرەکی؛ ئیتر هیچ حیسابێک بۆ/لۆ حیزب و حکومەتیش ناکەن و؛ خەمە نیشتیمانییەکانیش با گورگ بیخوات.
کاکە، خۆ ناکرێت هەر کەسێک هات و پڕۆپۆزەڵێکی پێدایت و دوو کچ و کوڕی دە-گەڵ خۆی خست، تۆ بچیت "دەزگایەکی بەناو میدیایی" لۆ بکەیتەوەو، ساڵانە ملیارەها دۆلاری ئەم وڵاتەیان بخەیتە بەردەست!  دایانبخەن، لێکۆڵینەوەشیان لەسەر بکەن، ئەوانە و زۆری دیکەش زیادەن، سەر ئێشەن، تێچووشیان زۆرە، ئنجا لەوەش گەڕێ هەریەکەیان خۆیان بە فیرعەونێک، بە خورەم سوڵتان ناگۆڕنەوە، هێندە گومڕاو خۆ-بە-هین زانن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP