دواین هەواڵ

کاک عومەر شێخ موس و سەرپۆش و گوتارێکی بەسەرچوو

‌ئەبوبەكر كاروانی

10 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای ئەو مشتومڕەی لە نێوان کاک عومەر شێخ موس و ڕۆژنامەنووسێکی سەرپۆش‌بەسەری خەندان هاتە کایەوە، کاک عومەر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە بۆ من جێگەی سەرسوڕمان بوو. ناوبراو لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت: «مەبەستم سووکایەتی کردن بە خوشکەکە نەبووە، بەڵکوو ویستوومە وەک مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ خۆم مامەڵەی لەگەڵ بکەم. ئەو ئازادە هێمای چەوساندنەوەی ژنان بپارێزێت، منیش ئازادم قبووڵی نەکەم».

ئەم ڕوونکردنەوە چە ند دێڕیەی کاک عومەر زۆر هەڵدەگرێت بەڵام ئێمە  تەنها ئەم چەند سەرنجەی خوارەوە دەخەینە پێش چاوو:

. دیاریکردنی ناوەرۆك و پێوەری سوکایەتیکردن، بەدەر لەیاسا کارپێکراوەکان، لەچاوو دیدی قوربانی و سوکایەتیپێکراوەوە دەخوێنرێتەوە، خۆم پێم وانییە مەبەستی کاك عومەر سوکایەتیکردن بووبێت بەڵام کردارەکەی بەجۆرێك لەجۆرەکان دەچێتە ئەوچوارچێوەوە لەکوردستانیشدا  کارێکی نامۆو کەم پێشینەیە

.جۆری جلوبەرگ و پۆشین، بەپێی پێوەرە لیبراڵییەکانیش بێت، دەکەوێتە چوارچێوەی ئازادیی تاکەکەسییەوە. مرۆڤ ئازادە لەوەی بەپێی قەناعەت و باوەڕی خۆی، لە چوارچێوەی ئاداب و ڕێساکانی گشتیی کۆمەڵگەدا، جلوبەرگی خۆی هەڵبژێرێت؛ ئەو ئاداب و ڕێسایانەش لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێن بۆیە مامەڵەیەکی لەم جۆرە لەخانەی دژایەتیکردنی ئازادە تاکەکەسییەکان پۆڵێن دەکرێت.

. هەروەها، ئەگەر ژنێک سەرپۆشکردن بە ئەرکێکی ئایینی و دەربڕینی پابەندیی بە باوەڕی خۆیەوە بزانێت، ئەوا هەر جۆرە دژایەتیکردنێک لەگەڵ مافی ئەو ژنەداو ڕێزنەگرتن لەبژاردەکەی و بێبەشکردنی لەمافەکانی لەوسۆنگەوە وەك ئەوەی لەئێستادا لە ئازربایجان وهەندێ شوێنی تردا دەیبینین،  دەچێتە بازنەی دژایەتیکردن و پێشێلکردنی ئازادیی ئایینی و بیروباوەڕەوە.

.سەبارەت بە یەکسانیی نێوان دوو ڕەگەزەکەو، بەستنەوەی نایەکسانی بەسەرپۆش وبێ سەرپۆشی و وێناکردنی سەرپۆش وەک هێمایەکی چەوساندنەوەی ژنان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ویست و قەناعەتی خودی ژنەکە وفەرهەنگی دینی وکۆمەڵایەتی زاڵی کۆمەڵگە،  دابەشکردنێکی ڕووکەشگەرایانەو نازانستیەو واقیعیش تێیپەڕاندووە.

.ئەگەر سەرپۆش هێمای چەوساندنەوە بێت، ئەواتە نها  لەو بارودۆخەدا دەبێت بەئاماژەیەکی ئەو کە بە زۆر و ناچاری بەسەر ژنێکدا بسەپێنرێت. لەبەر ئەوە، ئەو مامەڵەیەی کە ژنێک بەهۆی سەرپۆشەکەیەوە بە مرۆڤێکی بێ‌ئیرادە و نایەکسان دادەنێت، لەکاتێکدا بەویست وقەناعەت وهەڵبژاردنی ئازادانەی خۆی سەرپۆشی کردووە، خۆی لەخۆیدا پیادەکردنی جۆرێک لە نایەکسانییە بەرامبەری؛ چونکە خاوەنی ئەم جۆرە دیدە ئامادە نییە بە هەمان چاوی مرۆڤێکی خاوەن ویست و ئیرادە سەیری بکات، بالەمرۆڤبوون وهاوڵاتیبوونیشدا یەکسان بن ورەنگەئەم لەژایانی خۆیدا سەرکەوتووتریش بێت و لە بواری ڕۆژنامەگەریشدا کار بکات.

.چەوساندنەوە پەیوەندی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانەوە هەیە، یان بە سوودوەرگرتن لە مرۆڤ بۆ بەرژەوەندیی کەسانی تر، یاخود دووچاربوون بە ئەشکەنجە و توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی. بۆیە هیچ پەیوەندی بە پۆشینی جۆرێک لە جلوبەرگ لە سۆنگەی قەناعەتێکی دیاریکراوەوە نییە،  هەرلەم چوارچێوەدا ملیۆنان ژنی بێ سەرپۆش لەجیهاندا بەدەست جۆرەها شێوازی چەوساندنەوەو جیاکارییەوە دەناڵێن لەوانەش (٣٠) ملیۆن کۆیلەی سێکسی.

.لە ڕووی کرداریشەوە، ئەم بیرکردنەوەیە جێگەی سەرسوڕمانە. چونکە واقیعی سەردەم لەچەندین گۆشەو کەنارو لەوانەش لەکوردستاندا ئەوبۆچوونە رەت دەکاتەوە کە پێمان دەڵێت  سەرۆش پێوەری جیاکرەوەی چەوساندنەوەی ژنانە،  حەلیمە یەعقوب، سەرۆککۆماری پێشووی سەنگاپوور، یەکێکە لە نموونەکانی ژنی سەرپۆش‌بەسەر کە لە پۆستێکی باڵای دەوڵەتیدا کاری کردووە  خاتوو رێواس فایەقی لای خۆمان سەرۆکی پێشووی پەڕلەمام . ، سەدان هەزار بەڵکو ملێۆنان ژنی سەرپۆش‌بەسەر لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا هەن کە لە بواری سیاسی، زانستی، ڕۆژنامەگەری و بوارەکانی تری ژیاندا چالاکن نموونەی کەسێتی سەرکەوتووی ئافرەتن.
.
ماوەتەوە بڵێم، خۆشبەختانە، کۆمەڵگەی ئێمە ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ هەشتا و نەوەتەکاندا، گەشەکردنێکی زۆری بەخۆوە بینیوەو ئەم جۆرە گووتارو هەناسە ومامەڵەیەی تائاستێکی بەرچاو تێپەڕاندووە. سەرەڕای بوونی هەندێ دەنگ لێرە و لەوێش، ئەم جۆرە گوتارە  لەئێستادا نامۆیە، واباشیشە پەرە بەم رەوتە بدەین و کۆمەڵگەلەم جۆرە شەرانە دوور بخرێتەوە، ئەویش بەرێزگرتن لەئاین و کەلتوری کوردەواری و یاسا و بروابوون بەئازادی و میانەرەوی دەکرێت.لەم چوار چێوەداشدا ئەسڵ لەخوشکانی ئێمە لەکۆمەڵگەدا بەسەر پۆش و بێ سەرپۆشەوە، موسوڵمان بوون و کوردبوون و بەئەخلاقبوون وهاوڵاتی بوونە. هەربۆیە دەبێت کەرامەتی ئینسانی و دینی ونەتەوەیی و ئەخلاقی و ئازادی هەمووان بێ جیاوازی پارێزراوبێت، رێز لەبژاردەکانی یەکبگرن و لەسەر مەسەلە جیاوازەکان گفتوگۆ بکەن، گرنگیشە کاك عومەرو هەرکەسێکی تریش وەك بەرێزیان بیردەکاتەوە ئەو ڕاستیە بزانن، واقیع وقۆناغە مێژووییەکە لانی کەم لەهەندێ روەوە، خۆرئاوا سەنتەری و بەپێوەرکردنی بێ ئەملاولای بۆ دیاریکردنی ڕەش وسپییەکانی کۆمەڵگە لەبوارە جیاوازەکانداو بەتایبەتیش لەبوارە فەرهەنگییەکەدا تێپەراندووە یاخود لانی کەم لەژێرپرسیاری جۆراوجۆردایە.  لەهەندێ رووشەوە لەوانەش، هەندێ ڕووی ژیانی ڕۆحی و ئەخلاقی و خێزانی وکۆمەڵایەتی، دەبێت ئەوان لەئێمەوە فێرببن، وەك چۆن لەهەندێ رووی ترەوە ئێمە لێیانەوە فێربووین وفێر دەبین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP