دواین هەواڵ

کۆتایی ئەوروپا، شیکارییەکی هەمەلایەنە لەسەر قەیرانە بونیادی و جیۆپۆلیتیکییەکانی کیشوەرەکە

‌دانا نەقی

11 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای جەنگی جیهانیی دووەم، ئەوروپا بە دروستکردنی یەکێتیی ئەوروپا، مۆدێلێکی بێوێنەی لە ئاشتی، گەشەی ئابووری و دیموکراسی خستەڕوو. بەڵام لە کتێبی «کۆتایی ئەوروپا: دیکتاتۆرەکان، پۆپۆلیستەکان و سەردەمی تاریکیی داھاتوو»، نووسەر و توێژەری بلیمەتی ئەمریکی، جەیمس کیرچیک، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی مەترسیدار لێدەدات. نووسەر دەسەلمێنێت کە پرۆژەی ئەوروپی لەژێر گوشاری قەیرانی ناوخۆیی و هەڕەشەی دەرەکیدا تووشی داڕمانی هێواش بووەتەوە.

هۆکارە سەرەکییەکانی داڕمان و قەیرانی ئەوروپا بریتیین لە: هەڵکشانی پۆپۆلیزم و ناسیۆنالیزمی توندڕەو، کە تێیدا سەرهەڵدانی پارت و ڕەوتە ڕاستڕەوەکان لە نێو وڵاتانی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، مەجەڕستان و پۆڵەندا داوای گەڕانەوە بۆ سەروەریی تەواوی دەوڵەت-نەتەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە ناوەندییەکانی برۆکسل دەکەن، کە ئەمەش ڕیزەکانی یەکێتییەکە پارچەپارچە دەکات.

هەروەها دەستێوەردان و هەڕەشە جیۆپۆلیتیکییەکانی ڕووسیا و سیاسەتی هێرشبەرانەی کرێملین، لە ڕێگەی شەڕی زانیاری و پشتیوانیی دارایی بۆ حزبە پۆپۆلیستەکان، هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی و لاوازکردنی گیانی هاوکاریی سەربازی لای وڵاتانی ئەوروپا دەدات.

لە لایەکی ترەوە، قەیرانی کۆچبەران و هاتنی شەپۆلی گەورەی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاوە، درزێکی قووڵی کلتووری و سیاسی لە نێوان لایەنگرانی کۆمەڵگەی کراوە و پارێزگارانی ناسنامەی نەتەوەیی دروست کردووە، کە متمانەی هاووڵاتیانی بە سیستمەکە لاواز کردووە.

لە ڕووی ئابوورییەوە، قەیرانی دراوی هاوبەش (یۆرۆ) و جیاوازیی نێوان باکووری دەوڵەمەند و باشووری قەرزدار بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی بەربڵاو. سەرەڕای ئەمانەش، لاوازیی ئاسایش و پشتبەستنی ڕەهای ئەوروپا بە چەتری ئەمنی و سەربازیی ئەمریکا لە ڕێگەی ناتۆوە، لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندییەکانی واشنتن، کیشوەرەکەی لە ڕووی سەربازی و ستراتیژییەوە بێپەنا و لاواز کردووە.

جەیمس کیرچیک جەخت لەوە دەکاتەوە کە «کۆتایی ئەوروپا» مەرج نییە بە مانای ڕووخانی فیزیکیی کیشوەرەکە بێت، بەڵکو بە مانای لەدەستدانی ئەو بەها شارستانی، دیموکراتی و ئەخلاقییانەیە کە ئەوروپای نوێی لەسەر بنیاد نەرابوو؛ و ئەگەر سەرکردەکان بەرەنگاری پۆپۆلیزم و دەستێوەردانە دەرەکییەکان نەبنەوە، کیشوەرەکە ڕووبەڕووی سەردەمێکی نوێ لە پاشاگەردانی و لاوازی دەبێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP