پەیکەری لێنین دوای ڕوخانی سۆڤیەت، هەندێ لایەنی وەک کۆمەڵەی کۆکەرەوەی هونەر یا کەسایەتیەک، ئەمریکا و دانیمارک و زۆر وڵاتی دی دەیکڕیەوە، چونکە دوای ڕوخانی سۆڤیەت لەزۆربەی گۆڕەپانەکانی شارەکانی ڕوسیا دەیانهێنایە خوار .
کوان ئەو ئیسلامیانەی، کە پێشبڕکێیان بوو بۆ بەیعەتی خەلیفەی نوێی سوریا و نەیانهێشت یوسف زێدان بێت بۆ کۆنفرانسێک لە کوردستان، چونکە ناحەزێکی سەلاحەدینی ئەیوبیە . ئەدی خێرە نوتقیان بەستراوە کە ئەحمەد شەرع پەیکەری سەلاحەدینی لابرد .
هەندێ لە قەومەچیەکان ڕقیان لە سەلاحەدینە و دەڵێن کوردایەتی نەکردووە، کە ئەوکات سەردەمی بزوتنەوەی نەتەوایەتیش نەبووە، هەندێکیش ڕقیان لێیە تەنها لەبەر ئەوەی سەرکردەیەکی ئیسلامیە و ڕقیان لە ئیسلامە، هەندێکیش مێژووی سەلاحەدینیان نەخوێندۆتەوە، وە هەندێ لە دینچیەکانیش خۆشیان دەوێ تەنها لەبەرئەوەی دینچیەتی پێوەبکەن .
من زۆرم باسی سەلاحەدین کردووە و زۆریشم لەسەر نووسیە و زۆریش لەسەر شانازیەکانی خۆیم نووسیوە، کە لەسۆڤیەتیش دەمخوێند، کەم وایە مامۆستایەکم زانیبێتی کوردم، باسی گەورەیی و ڕەوشت بەرزی سەلاحەدینی نەکردبێ .
گەورەترین شاعیری سویدی کە وەرگری نۆبڵی ساڵی ١٩١٦ یە، جوانترین شیعری لەسەر سەلاحەدین نووسیە . بۆ هەندێ لە چەپچیەکانیش کە زۆر جنێو بە سەلاحەدین دەدەن، ئەوەندە بەسە کە گیڤارا سەردانی گۆڕی سەلاحەدینی کرد .
پێشنیارم بۆ حوکمەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە لەڕێگای زانکۆی سەلاحەدینەوە پەیکەرەکەی سەلاحەدین بکڕێتەوە . دەنا بڕوام وایە دەواعشە قەومەچیەکان گۆڕەکەشی دەردەهێنن .
پێشنیارم بۆ دینچیەکانیش ئەوەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە هەر زوو بەیعەتی شەرعیانکرد، ئارەقەی شەرمەزاری بسڕنەوە و بەدەنگبێن .
هەرا و هەڕەشەیی کۆنە داعشەکانی حەسەکە و هێرشکردنیان بۆسەر بارەگاکانی کورد، لە حەسەکە و لابردنی پەیکەری سەلاحەدین هەر ڕێکەوتێ نیە، ڕەهەندی گەلێ گەورەی نەتەوەیی و ئاینی و مێژوویی هەیە .