دواین هەواڵ

لە سێیەمین ساڵڕۆژی تۆفانی ئەقسادا خوێندنەوەیەک بۆ بەرەنجامە مەیدانییەکان

‌ئەبوبەكر كاروانی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سێ ساڵ بەسەر «تۆفانی ئەق سا»دا تێپەڕیوە؛ کردەیەک کە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستە لەرزە و ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهانیشدا هەبوو. حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بوو بە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو قۆناغی مێژوویی؛ قۆناغێک کە کۆتایی بە چارەسەرە مامناوەندەکان هێنا،  کێشەی فەڵەستین-ئیسرائیل و تەنانەت کۆی بەرەی بەرەنگاری لە ناوچەکە و ملمڵانێی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئەو بەرەیەی، بەرەو قۆناغێکی نوێ برد.

 بەڵام ئەگەر لە ئێستادا لە دوای ئەو ڕووداوە بڕوانین و هەوڵ بدەین ئەوەی ڕوویداوە لە سۆنگەی بەرئەنجامەکانەوە بخوێنینەوە، دەتوانین هەندێک ئاماژەی گرنگ بدەین، هەرچەندە هێشتا زووە بۆ حوکمدانی کۆتایی.

پێش هەموو شتێک، کردەو پەلاماری حەوتی ئۆکتۆبر، لەگەڵ هەموو ئەو ئازایەتی ئەنجامدەرانی، هەڵقوڵاوی دۆخی نائومێدی بوو؛ نائومێدی لە ناو ماڵی فەڵەستین، لە درێژەکێشانی ئابڵۆقە و کوشتن و برسی‌کردن،  شکستی دنیای عەرەب و ئیسلام و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ دۆزی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی.

  بەسەرنجدان لە هەل ومەرجەکان و سنوورداریی بژاردەکان و بنبەستە سیاسییەکان، ئەو کردەیە زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ گۆڕینی ڕێساکانی گەمەکەو تێکدانێکی پلەبەندیی هاوکێشەکانی هێز، بە کردەیەکی تۆڵەکردنەوەی خۆکوژی دەستەجەمعی دەچێت بۆ خوڵقاندنی دۆخێکی نوێ، بێ گوێدانە ئەوبەرەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە؛ بەڵام ئەگەر تان‌وپۆی زانیارییە پەرش‌وبڵاوەکان کۆ بکەینەوە، دەگەینە ئەوەی سەن وار و هاوکارانی ویستوویانە دۆخێک دروست بکەن  هەمووان شۆک بکات، ئیسرائیل بخەنە بەردەم واقیعێکی نوێوە، ناچاری بکەن دیلەکان ئازاد بکات و ئابڵۆقەی چەندین ساڵەی سەرکەرتەکە سووکبکات، کێشەش بۆپرۆسەی خێرای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن.

هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن کە ح ەما س، هەوڵی داوە لە ڕێگەی دزە پێکردنی زانیاریی لەسەر نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل، حکومەتی ئەووڵاتە قەناعەت پێبهێنێت کە لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی هێرشەکە، دەست لە گەمارۆی سەر کەرتی غەزە هەڵبگرێت و دیلەکانیش ئازاد بکات. بەڵام ئیسرائیل نەک تەنها ئەمەی نەکرد، بەڵکوو وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ پیادەکردنی ئەو تێز و پلانانەی پێشتر هەیببوون، سەیری ڕووداوەکەی کردو قۆستیەوە.

 نەتەنیاهۆ  هێرشەکەی بە دەرفەتی تەمەنی خۆی بۆ پیادەکردنی ئەو پلانانە زانی، کە پێش چەندین ساڵ لەکتێبەکەی خۆیدا ڕەنگ‌ڕێژی و تیۆریزەی بۆ کردبوون، تا لە کاتی گونجاودا بە شێوەیەکی بەهێزتر پیادەیان بکات. تەنها دوازدە کاتژمێر دوای ڕووداوەکە، نووسییم، ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی هەل ومەرجی  ژیان لەغەززەو وخاپوورکردنی دەدات،  جەنگەکەش بۆ ئاستی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی حەماس وبەرەی بەرەنگاری  ئیسلامی بەسەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆی ناوچەکە فراوان دەکات. مەسەلەکەش هەربەو جۆرە دەرچوو.

ئێستاش، کاتێک سەیری بەرئەنجامەکانی ئەو پەلامارە دەکەین، لە هەندێک ڕووەوە دەتوانین بەم شێوەیە کورتی بکەینەوە: کوژرانی دەیان هەزار کەس و برینداربوونی دەیان هەزار کەسی تر، وێرانکردنی کەرتی غەزە  ئاوارەکردنی ناوخۆیی دانیشتووانەکەی، کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی کەرتەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە،  دروستبوونی تراژیدیایەکی گەورە لە ڕووی ژیان و گوزەران و سەرچاوەکانی ژیان و تەندروستیەوە.

لە هەمان کاتدا، دەسەڵاتی ح ەم اس لاواز بووە و بەشێکی زۆر لە تواناکانی لەدەست داوە. لە لوبنانیشدا جەنگ بەرەو لاوازکردن و لەناوبردنی بەشێکی گرنگ لە تواناکانی ح یزب‌وڵ ڵا چووە. بە گشتی، جەنگەکە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هێز و گرووپەکانی ناو بەرەی بەرەنگاری و لە کۆتاییدا کەمکردنەوەی نفووزی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، قۆناغ بە قۆناغ فراوانتر کراوەو تاکۆ ئێستاش بەردەوامە.

. لە هەمان کاتدا،ئیسرائیل فشارێکی زۆریشی خستۆتە سەر کەناری خۆرئاوا، لەڕێی هەڵکوتانەسەری رۆژانەی خەڵکەکەی و فراوانکردنی نیشتەجێبوونە جولەکەکان  و دەستبەسەرداگرتنی زەوی وزاری فەلەستینییەکان. بەدوای شەڕفرۆشتنیشەوەیە بەدەسەڵاتی فەلەستین لەڕامەڵڵا، بەمەبەستی کۆتایپێهێنان یاخود بەتەواوەتی لاوازکردنی و هاوشێوەکردنی چارەنووسی  هەردوو ناوچە فەلەستینییەکەو هەولدان بۆ پاکتاوکردنی مەسەلەی فەلەستین.

 لە ئێستادا هیچ باسێکی ڕاستەقینە و جددی لە چارەسەری کێشەی فەڵەستین، چارەسەری دوو دەوڵەت، ڕێککەوتنی کۆتایی و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە چوارچێوە کۆنەکەیدا نییە، کارتی خەبات وبەرهەڵستی چەکداریش لانی کەم لەم قۆناغەو لەسایەی هەل ومەرجە دژوارەکانی ئێستاو ئاکامەکانی تۆفانی ئەق سادا، بەتەواوی لاوازبووە.

 لەلایەکی ترەوە حەوتی ئۆکت ۆبر بە تەواوی ئامانجە پێشینەکانی فەلەستینییەکانی گۆڕیوە. ئیدی لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی بوە بەوەی،  یارمەتییەکان لە خەڵکی غەزە نەبڕدرێن، وێرانییەکان چاک بکرێنەوە، ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و لە کەرتی غەزە بکێشێتەوە. هەروەها گەلی فەڵەستین، لە غەزە و تەنانەت لە قودس و کەناری خۆرئاواشدا،  بە هەر نرخێک بووە دەست بە خاک و نیشتیمانی خۆیەوە بگرێت و ملکەچی نەخشەی ئیسرائیل بۆ پاکتاوکردنی مەسەلەکەی و کۆچپێکردنی لەخاکەکەی نەبێت.لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە سەرکردە و کادرە سەربازییەکانی حەم اس دەکوژرێن و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی، بەبێ ئەوەی بتوانن کاردانەوەیەکی کاریگەر لە بەرامبەردا نیشان بدەن. 

بەڵام لەبەرامبەریشەوە، ئیسرائیل لە ئاستی ڕای گشتی جیهانیدا  سیما وناوبانگی شێواوە، گوتارو گێڕانەوە مێژووییەکەی کەئیسرائیلی لەسەر بنیات نراوە ، چۆتە ژێر پرسیاری جددییەوە .  لەبەرئەوەی سوپای ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی جینۆساید،  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەک تاوانباری جەنگ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکراوە. وێنای خۆرئاواش، وەک مەڵبەندی  بانگەشە بۆ ڕۆشنگەری و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، تا ڕادەیەکی زۆر دووچاری شێوان هاتووە.

 بەڵام ئەوەی لەرووی ناوبانگ ومسداقییەتەوە بەسەر ئیسرائیل وخۆرئاوادا هاتووە، پێناچێت کاریگەری زۆری بۆسەر چارەنووسی فەلەستینییەکان لەئێستادا هەبێت، چونکە هاوکاتە لەگەڵ زۆرتر پەراوێزکەوتن وپاشەکشەی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ویاسای گشتی نێو دەوڵەتی و لاوازبوونی ڕۆڵی  بەها گەردوونییەکان و دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ لە داڕشتن و  بەرێوەبردنی سیاسەتی دەوڵەتاندا. قسەی یەکەم لەئاراستەکردنی سیاسەتەکان و جۆری چارەسەرەکاندا هی هێزو هەژموون و سات وسەودای بەرژەوەندیخوازانەی ڕیالیستانەی توندرەوە.

بە کورتی، ئەگەر سەیری کۆی دیمەنەکە بکەین، تا ئەم ساتە و لە ڕووی مەیدانی وسەربازییەوە،  قۆناغی دوای حەوتی ئۆکت ۆبەر زیاتر بە قازانجی باڵادەستیی ئیسرائیل ولاوازکردنی دوژمنەکانی کەوتۆتەوە.

بۆیە، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا بتوانێت جەنگی ئێران بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەشێکی زۆر لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان و هێزە ناوچەییەکان دەست پێدەکات.

بەڵام، سەرەڕای هەموو ئەمانە، تا کۆتایی هاتنی ئەم جەنگ و ململانێیە، ناتوانین حوکمێکی کۆتایی بەسەر کۆتا ئاکامەکانی دەرکەوتەکانی  حەوتی ئۆکتۆبردا بدەین. ڕووداوێک کە مەسەلەی فەڵەستین و حەم اس و ئی خوان‌المس لمین، کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی  و بە گشتی کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە بەردەم چارەنووسێکی نادیارەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP