لەدونیادا هێزی نەرم شوێنی بەهێزی رەق لەق كردووە، وڵاتان لەبری ئەوەی لەرێگەی چەك و تانك و فڕۆكەوە لەناوت ببەن، هێزی نەرم تاقی دەكەنەوە و دەیانەوێت لەورێگەیەوە نەتەوەكانی تر لەناوخۆیاندا بتوێننەوە.
ئەمریكا لەرێگەی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەیان رێكخراو و كۆمەڵەی مافی مرۆڤ و ئازادییەوە دەستی بەسەر جیهاندا گرتووە. توركیا لەرێگەی زنجیرەدراما بێمانایەكانی، كە ژەهرە و بەناو كۆمەڵگادا بڵاوی دەكاتەوە، نەتەوەكانی تر سەرسامی خۆی دەكات، بەتایبەت كورد.
كوردی باشوور ئەوەندە شەیدای زنجیرەدرامای توركین، ئەگەر كچێكی كورد جوان بێت، بەو شێوەیە وەسفی دەكات ”ئەوەندە جوانە دەڵێی توركە“، ئاخر ئافرەتی تورك جوان نین، ئەوان ئاڵتایلین و جوانی بەروخساریانەوە نییە، ئەگەر توركێكی جوانت بینی، بزانە یان كوردە، یان بولغارییە.
دوای ئەوەی، پەكەكە بڕوای بەخەباتی چەكداری نەما و پێیانوایە ئیدی دەبێت خەباتی مەدەنی بكەن و توركیایەكی دیموكرات دروست بكەن و لەناو ئەو توركیایەدا كوردیش مافی بدرێتێ، پێویستە كورد بیر لەهێزی نەرم بكاتەوە، لەورێگەیەوە مافەكانی خۆی بەجیهانی بكات و بەدەستی بهێنێت.
ئامەد سپۆر، لەوە دەرچووە تەنیا یانەیەكی وەرزشی بێت، نەخێر لەپاڵ وەرزش پەیامێكی گرنگی سیاسی و مرۆڤایەتیش بەرای گشتی توركیا دەدات، دەیەوێت پێیان بڵێت ئێمە یانەیەكی كوردین و ئەو هێزەی لەپشتمانەوەیە، میلەتێكی ٤٠ ملیۆنی بێدەوڵەتە.
با زیاتر نموونەكە روون بكەمەوە، بەرشلۆنە یانەیەكی گرنگ و گەورەی جیهانی ئیسپانییە، بەهۆی ئەوەی بەرشلۆنە لەهەموو روویەكەوە لە ئیسپانیا جیایە، لەزمان و شێوە و كلتوور و دەیان ساڵە خاكەكەی داگیركراوە، بیریان لەوە كردەوە دۆزی خۆیان لەرێگەی هێزی نەرمەوە بەجیهان بناسێنن، بۆیە یانەیەكی گەورەیان دروست كرد و بووە ئەو بەرشلۆنەیەی، جیا لەوەی پەیامێكی گەورەی وەرزشیان بەجیهان گەیاند، لەهەمان كاتدا پەیامە سیاسییەكەشیان بەجیهاندا بڵاوكردەوە و ئێستا هەركە ناوی بەرشلۆنە دێت، ناوی ئەو خاكە وەكوو خاكێكی داگیركراویش دەهێنرێت و سۆزی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوە و هەموو تاكێكی كەتالۆنی خەون بەوەوە دەبینێت رۆژێك لەرۆژان ببنە خاوەن دەوڵەتی خۆیان و لە ئیسپانیا جیا ببنەوە.
ئامەد سپۆر، وەكوو بەرشلۆنەیە و ئەگەر بێت و كورد لەپاڵپشتیكردنی ئەو یانەیە بەردەوام بێت، دڵنیا بن سەركەوتنی ئەو یانەیە لە توركیا، دەبێتە هۆی ئەوەی دۆزی كورد چەندین هەنگاو بچێتە پێشەوە و بەجیهانی بێت.
راستە راسیزم و نەژادپەرستەكانی تورك دژایەتی ئەو یانەیە دەكەن، راستە كاتێك لەگەڵ یانەیەكی توركی وەكوو بورسا یاری دەكات، نەژادپەرستەكان لەناو یاریگە دروشمی نەشیاو دژی كورد و ئامەد سپۆر بەرز دەكەنەوە، بەڵام ئەمانە هەموو لەبەرژەوەندی كورد و یانەكەیە و لەمیدیا جیهانییەكان باس دەكرێت و دەڵێن بەهۆی كوردبوونی ئامەد سپۆر، نەژادپەرستەكان سووكایەتی پێدەكەن و تا ئاستێكی زۆر، ئامەد سپۆر لەمیدیا جیهانییەكان ناوێكی گرنگ و باسكراوە.
ئەوەی گرنگە نابێت هیچ پارتێكی سیاسی كورد دەستوەردان لەو یانەیەدا بكات، دەبێت تەنیا میللەتێكی گەورەی وەكوو كوردی لەپشت بێت، نەك پارتێكی سیاسی، چونكە ئەگەر هەر پارتێكی سیاسی كوردی دەستوەردان لەو یانەیە بكات، ئەمە دەبێتە چەكێكی گرنگ بەدەستی دەوڵەتی توركیا تا ئەو یانەیە دابخات و كاری واشیان لەدەست دێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئامەد سپۆر رۆڵی بەرشلۆنە ببینێت و پەیامە سیاسییەكەی لەپاڵ وەرزشدا بەجیهان بناسێنێت، دەبێت پاڵپشتی گەورەی دارایی و مەعنەوی بكەین، نەك بەحیزبیكردنی ئەو یانەیە.
بەتەواوی بڕوابوونەوە دەیڵێم، ئەوەی لەماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوودا بزوتنەوە چەكداری و مەدەنییەكانی كورد لە توركیا بەدەستیان نەهێناوە، ئامەد سپۆر لەرێگەی ئەو هێزە نەرمەوە بەدەستی دەهێنێت و دۆزی كورد لەگەڵ پەیامە وەرزشییەكەی بەجیهانی دەكات، وەكوو چۆن بەرشلۆنە كردی و سەركەوتوو بوو تێیدا، ئامەد سپۆریش پێی دەكرێت، بەو مەرجەی سەربەخۆ بێت و هیچ ئایدۆلۆژیایەكی حیزبی كاری تێ نەكات.
ئامەد سپۆر بووەتە شەڕەفی هەموو تاكێكی كورد، بۆیە لەسەرمانە بەرگریی لێ بكەین و بەتەنیا جێی نەهێڵین.
ترسی كورد لەوەدایە، لە سینەمادا ئەوەی بەسەر یڵماز گونایدا هات، لە گۆرانیدا ئەوەی بەسەر ئەحمەد كایادا هات و لە سیاسەتدا ئەوەی بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاشدا، لە وەرزشیدا هەمان سیاسەت بەرامبەر بە ئامەد سپۆر بكەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین، گونای و كایە و دەمیرتاش، ناویان چووەتە مێژوو و هەموو كورد شانازییان پێوە دەكات.