دواین هەواڵ

پێشڕەوی حوسییەکان و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە باشووری یەمەن

‌نەوزاد هێتوتی

13 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشڕەوی حوسییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە باشووری یەمەن نیگەرانییەکی زۆری لە عەرەبستانی سعودی دروست کردووە. لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، حوسییەکان کۆنترۆڵی شاری ستراتیژی مۆخایان بەدەستەوە گرتووە؛ هەنگاوێک کە ئەگەر جێگیر بێت، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت.

گرنگیی مۆخا تەنیا لە ڕووی جوگرافیاییەوە نییە، بەڵکو لە شوێنیە جیوپولەتیکەکەی نزیک لە گەڕووی باب‌المەندەبەوە سەرچاوە دەگرێت. باب‌المەندەب یەکێکە لە گرنگترین گەرووە ئاوییەکانی جیهان و کۆریدۆرێکی ستراتیژییە بۆ گواستنەوەی نەوت و وزە لە ناوچەی کەنداوەوە بەرەو بازاڕە جیهانییەکان، لە ڕێگەی دەریای سوور و کەنەڵی سوێزەوە. بۆیە، هەر گۆڕانکارییەک لەم ناوچەیە و یان خود کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیە لەلایەن هەر هێزەکە بێت، دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانی درووست بکات.

ئەم پێشڕەوییەی حوسییەکان، بە تایبەتی، نیگەرانییەکانی عەرەبستانی سعوودیی زیاتر کردووە. ریاض لەوە دەترسێت کە بەهێزبوونی حوسییەکان و نزیکبوونەوەیان لە باب‌المەندەب، نەک تەنیا مەترسییەکی سەربازی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی سعودی بێت، بەڵکو ببێتە هۆی دروستبوونی گوشاری ستراتیژی لەسەر ڕێڕەوی وزە و بازرگانی لە دەریای سوور.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە نێوان ریاز و واشنتوون بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم هەرەشانە چرتر بوونەتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، محەمەد بن سەلمان تەنیا دوێنێ دوو جار تەلەفۆنی بۆ دونالد ترەمپ کردووە و داوای هاوکاریی کردووە. بەلام ترەمپ داواکەی ڕەتکردەوە. واشنتن، لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرکردایەتیی هێرشەکان لە دژی حوسییەکان بکات، خوازیاری ئەوەیە هاوپەیمانە ناوچەییەکان ڕۆڵی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییەدا بگێڕن.

لە دیدی واشنتنەوە، سەرەکیترین ئامانج لە قۆناغی ئێستادا بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، پاراستنی جێگیریی بازاڕەکانی وزە. بەهەمان ئاراستە، ستراتیژیی ئەمریکا ئەوەیە کە لە ڕێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکان و پشتگیریی لۆجستیکی و تەکنیکی، یارمەتیی هاوپەیمانەکانی خۆی بدات، بەڵام، پێیوایە دەبێت سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە دەستی هێزە ناوچەییەکاندا بێت. بە واتایەکی تر، واشنتن نایەوێت لە پێشەوەی جەنگێکی نوێ لە یەمەن بێت؛ بەڵکو دەیەوێت هاوپەیمانە ناوچەییەکان بەرپرسیارییەتیی سەرەکیی هەڵبگرن لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی حوسییەکان
لە لایەکی دیکەوە، عەرەبستانی سعوودی هەوڵی داوە پشتگیریی ناوچەیی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان بەدەستبهێنێت. لەو چوارچێوەیەدا، ریاز داوای یارمەتی لە پاکستان و تورکیا کردووە و بە پشت بەستن بە ڕێککەوتننامەی مەککە . بەڵام پاکستان ڕوونیکردووەتەوە کە ئەو ڕێککەوتننامەیە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی دەوڵەتانە دانراوە، نەک بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە شەڕ دژی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان.

بە شێوەیەکی گشتی، پێشڕەوی حوسییەکان بەرەو مۆخا و ناوچەکانی دەوروبەری و نزیک بوونەوە لە کونترۆڵکردنی گەرووی باب‌المەندەب تەنیا گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی و لە یەمەن نییە؛ بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە ملمڵانێیەکی فراوانتر لە نێوان ئێران لە گەڵ عەرەبستانی سعوودی و ئەمریکا. ئەگەر حوسییەکان بتوانن کۆنترۆڵی خۆیان لە نزیک باب‌المەندەب جێگیر بکەن، ئەوا کارتێکی ستراتیژیی گرنگیان لە دژی سعودی و هاوپەیمانەکانی دەبێت؛ چونکە هەر هەڕەشەیەک لەسەر ئەم گەڕوویە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی وزە و بازرگانیی جیهانییەوە هەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP