دواین هەواڵ

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و لێدان و لاواز کردنی لە پرسی کورد لەسەر ئاستی ناوچە

‌نەوزاد هێتوتی

15 کاتژمێر پێش ئێستا

 
من لە لەم ساڵەدا توێژینەوەیکی ئەکادیمی  گرنگم لە سەر پرۆسەی ئاشتی نوسییەوە، کە هیشتا بەلاو نەبووتەوە، لەو لێکولینەوەیەدا  بە وردی باسی هۆکارەکان دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیم کردووە. بەگشتی  دیارە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، بەڕاستی لە بەرژەوەندیی کورد و هەموو لایەنەکانی تورکیا دەبێت. بەڵام زۆر جار باسم کردووە کە بۆچی ئەو پرۆسەیە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دەستی پێکرد و لەلایەن تورکیاوە دەستپێشخەریی بۆ کراوە.بەڕاستی، چەند هۆکارێکی سەرەکی هەبووە بۆ ئەم مەبەستە.

یەکەم: هێرشەکانی ئیسرائیل، بە تایبەتی لە دوای تێکشکانی هێزی موقاومەت لە ناوچەکەدا، تورکیا ترسی لە بەهێزبوونی پەیوەندی  کوردی و ئیسرائیل هەبووە. بۆیە زۆر گرنگ بوو لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا کۆمەڵێک هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەی تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ بەهێزتر بێت و ئیسرائیل نەتوانێت کارتی کورد دژی تورکیا بەکاربهێنێت. دووەم: لەسەر ئاستی سوریا، دیسان تورکیا مەترسییەکی گەورەی هەبوو کە کورد هەنگاو بەروو پێشەوە بنێت و ئیسرائیل پشتگیریی هێزە کوردییەکان بکات و فاکتەری کوردی لە سوریا ببێتە فاکتەریکی هەرە گرنگ  لە هەموو هاوکێشە سیاسییەکاندا. بۆیە، لە چەند لایەنێکەوە تورکیا هەوڵی داوە ئەو مەترسییە نەهێڵێت.یەکەم، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بۆ ئەوەی زیاتر پەکەکە و  هیزە نزیەکانی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و هەروەها کوردەکان لە تورکیا زیاتر نزیک ببنەوە، نەک لە ئیسرائیل. دووەم، کاریگەریکردن لەسەر کوردەکانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی هەسەد، بۆ ئەوەی خۆیان لە ئیسرائیل بەدوور بگرن و لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکانی ئۆجەلانەوە زیاتر لە تورکیا نزیک ببنەوە. سێیەم، هاندانی حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی هەم لە ڕێگەی هێرشکردن و هەم لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کار بکات بۆ لەناوبردنی دۆخی دێفاکتۆی ڕۆژئاوا و ئێستا لەسەر ئەم پرسە کار دەکرێت. چوارەم، کارکردن لەگەڵ ئیدارەی ترامپ، بە تایبەتی تۆم باراک، بۆ ئەوەی سەبارەت  پرسی کورد یارمەتی‌دانی تورکیا بکرێت. تا ڕادەیەکی زۆر، تۆم باراک  یارمەتی تورکیای داوە لە پشکردن ئەمریکا لە پرسی کورد، بە تایبەتی لە سوریا، و تەنانەت ئەگەر بکرێت لە عێراقیش هەمان کار دەکەن.

خاڵێکی تر کە جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە یەکێک لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان باسی هێزەکانی نزیک لە پەکەکە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باسی ئەوە دەکات کە لەم قۆناغەدا تورکیا ڤیتۆی لەسەر ئەو هێزانە نییە بۆ ئەوەی چەکەکانیان دابنێن.هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوای شەری ٤٠ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەوەی بیانووەکانی تورکیا لەبارەی پرسی کورد ببرن، خۆیان لەو هێزانە نزیک کردووەتەوە کە زیاتر نزیک بوون لە پارت، بە سەرۆکایەتی بارزانی، و زیاتر پەیوەندییان لەگەڵ ئەوان درووست کردووە، بۆ ئەوەی لە هاوکێشەکانی داهاتووی ئێراندا یارمەتیی ئەمریکا بدەن. بۆیە، تورکیا هەست دەکات کە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، واتە کارتەکی گرنگ لە دەستی دەردەهێنرێت بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ئێران و پرسی کورد لەو پارچەیە. بۆیە، ئێستا نەرمی نواندووە بۆ ئەوەی هێزەکانی پژاک چەک دانەنێن.ئەمەش بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەک کارێک لە دەست بێت دژی  هێزەکانی تری لە کوردستانی ئێران، و تەنانەت وەک کارتی فشار دژی هێزەکانی تری ئەمریکا  بەکاری بهێنێت.هەروەها بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت لە ڕێگەی ئۆجەلان و پەکەوە هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێران دووبارە بکرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP