بەشی دووەم لە سێ
تیۆریی تۆماس شێلینگ (Thomas Schelling's Theory) کە دەڵێت هەڕەشەکان تەنها کاتێک کار دەکەن کە نەیارەکە باوەڕی هەبێت تۆ بە ڕاستی جێبەجێیان دەکەیت.
ڕاستە غامزی دەتوانێت ببێتە هێزێکی گرنگ، چونکە "شێتێک" کەمتر لە لۆژیکی زیانی هاوبەش دەترسێت وەک لە ئەکتەرێکی عاقڵ، عاقڵەکە دەڵی لەوانەیە کاردانەوە دژم هەبێت بە کاردانەوەی ئەتۆمیشەوە، گوایە شێت حساب بۆ کاردانەوە ناکات، جا تڕەمپ دەیەوێت وا بناسرێت کە شێتە و بێ سڵەمینەوە دەست دەوەشێنێت و باکی هیچ نییە، ( کە واش نییە).
بەڵام دژایەتییەکی جەوهەری هەیە، چونکە کە مێژووی ئەمریکا و ڤێتنام تەماشا دەکەم، کەسایەتیی شێتی سەرۆک نیکسۆن بە بێدەنگی و ئارامی بەڕێوەدەچوو، پەیامەکانی بە چرپە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەگەیەنرا بە نەیارەکانی و هەرگیز بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ سڕینەوەی ڕەقیبەکەی نەدەکرد. ترەمپ پێچەوانەکەیەتی هاوار دەکات، (دەڵێت ئەمڕۆ شارستانییەتێک دەسڕمەوە) بە دەنگی بەرز، هەموو شەوڕۆژێک گرژییەکان دەگەێنێتە لوتکە و لە پڕ دێتەوە خوارەوە. تەنانەت خەڵکی ئاسایی دەڵێن درۆ دەکات، ئەمەش دژایەتییەک بەرهەم دێنێت: ئەگەر هەموو کەسێک، لەوانەش بینەری ناوخۆیی ئەمریکا و کۆنگرێس و خەڵک و کاربەدەستانی ئێران و بەرەی بەرەنگاری، پێشتر بزانن کە تۆ "کارتی یان تێۆری شێتیی" بەکار دەهێنیت، ئەوە بێ ئەوەی ئامانجی گەورە بپێکیت، پرۆڤە بە دووژمنەکەت دەکەیت و ناسەقامگیرییەکی ڕاستەقینە و فشە فشی لێ دەکەوێتەوە.
خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوە (Foreign Policy) وردترین ڕەخنەی تیۆریی سەربازییە: هەڵسوکەوتکردن بێ ئاگاداری دەتوانێت گوشاری باوەڕپێکراوتر دروست بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا تێچووی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بەرز دەکاتەوە، چونکە سەرکردایەتیی ئێران ئێستا دەڵێت دوای ئەوەی دوو جار لە کاتی دانوستانەکاندا بۆردومان کراون، باوەڕ بە دانوستان ناکەن. ئەمە ئەو شتەیە کە ڕێگەی دەرچوون لە تونێلەکە زەحمەت دەکات.
هەڕەشەکانی نیکسۆن لە ڕێگەی کەناڵی دیپلۆماسی و نیشانەی نهێنییەوە بە درێژایی ڕۆژ یان هەفتە دەبینران. هەڕەشەکانی ترەمپ لە ڕێگەی تروس سۆشیاڵ و لێدوانەکانی کۆبوونەوەی کابینەوە لە کاتی ڕاستەقینەدا دەدرێن، کە لە هەمان کاتدا لەلایەن تاران، پایتەختەکانی کەنداو، کۆنگرێس، بازاڕەکانی نەوت و بنکەی ناوخۆیی خۆیەوە چاودێری دەکرێن و زۆر جا وەزیری جەنگ و دەرەوە لە تەنشتییەوە بزەیان پێی دێت. سیاسەتی شێتی، پێویستی بە کەناڵێکی کۆنتڕۆڵکراو هەیە بۆ ئامانجەکە؛ ئەمڕۆ هەموان دەقە بەدەقە پەیامی شێتیان پێ دەگات و هەستیش ناکەیت کەناڵێک هەیە بۆ جڵەوکردنی، گرنگە بزانین ترەمپ لەخۆیەوە شێت نەبووە، ئامانجی لە شێتی هەیە.