دواین هەواڵ

تێۆری شێتی و تێۆرییەکی دیکەیش

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

11 کاتژمێر پێش ئێستا

تێۆری شێتی و تێۆرییەکی دیکەیش

سێیەم و کۆتایی

کاتێک سەیری مێژووی سیاسەت دەکەین، ڕێبازی ناسراوی تیۆریی شێتی کە لە سەردەمی ڕیچارد نیکسۆن و بۆردومانی ڤێتنامدا پەیڕەو دەکرا، لە جیهانێکی دوو جەمسەری و داخراودا بوو؛ لەو دەمەدا بینەرە سەرەکییەکان تەنها مۆسکۆ و هاینۆی پایتەختی ڤێتنامی باکوور کۆمۆنیست بوو، کە ئەوسا بازاڕی جیهانی هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی بەسەر هەنگاوەکانەوە نەبوو. بەڵام کاتێک ئەم ستراتیژە لەلایەن ترەمپەوە لەم سەردەمەدا دووبارە دەبێتەوە، دەبینین جیهان بە تەواوی گۆڕاوە. ئەمڕۆ ترەمپ بە ناو بازاڕی وزەی جیهانیدا یاری دەکات، کە تێیدا هەر گرژییەکی دۆخەکە، نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر کورسی و هەڵبژاردنەکانی سەرۆک و پارتەکەی؛ بارودۆخێک کە نیکسۆن هەرگیز پێویست نەبوو نیگەرانی بێت.

لە لایەکی ترەوە، ژینگەی ئەمڕۆی نێوەندگیری وەک سەردەمی جەنگی سارد تەنها دوو لایەنی نییە، بەڵکو مەیدانێکی فرەجەمسەریی ئاڵۆزە کە تێیدا پاکستان، قەتەر، تورکیا، سعودیە، چین و ڕووسیا هەمویان پێکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەر یەکەو بە جۆرێک ئەم پشێوییە بۆ بەرژەوەندیی خۆی چنگ لێ گیر دەکات؛ هەندێکیان وەک ڕووسیا و ئەمریکا لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سوودمەند دەبن، و هەندێکی تری وەکو پاکستان و عومان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەدەن. ئەم فاکتەرانە نیشانی دەدات کە چوارچێوەی تیۆریی شێتی بە تنهایی ناتوانێت هەموو ڕەهەندەکانی ئەم یارییە نوێیەمان بۆ ڕوون بکاتەوە.

لێرەدا تیۆرییەکی زانستیی دیکە دێتە پێشەوە کە پێی دەوترێت تیۆریی تێچووی بینەر و شەرعییەتپێدانی دەست بژێر؛ ئەم تیۆرییە پێمان دەڵێت کە سەرکردەکان لە هەر سیستەمێکدا بن، لە کاتی هەڕەشە گشتییەکانیادا حساب بۆ جەماوەر و پێگەی ناوخۆیی خۆیان دەکەن، چونکە پاشەکشەکردن بێ هیچ تێچوویەک متمانەیان لە ناوخۆدا دەڕمێنێت. کاتێک سەیری سەرکردەکانی ئەم ناوچەیە دەکەین، دەبینین هەر یەکەیان لەپێناو پاراستنی پێگەی خۆیدا شانۆیەک بەڕێوە دەبات؛ ترەمپ بۆ پاساوهێنانەوەی خەرجییە سەربازییەکان بۆ پێش هەڵبژاردنەکان قسەی توند دەکات، بەڵام لە نرخی سوتەمەنیدا پاشەکشە دەکات، مجتبا خامنەیی لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیدا پێویستی بە نیشادانی هێزە بۆ پیاوانی ئایینیی و باڵەکانی ناوخۆ، ئەردۆگان نمایشی دژە-ئیسرائیلی بۆ ڕازیپێکردنی شەقامەکەی دەکات لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی ناتۆ قووڵتر دەکاتەوە، علی زەیدی بە کاتی گەشتەکەی ریاض هەڵدەوەشێنێتەوە نەک لەبەر بەرژەوەندیی نیشتمانی، بەڵکو لە ترسی کاردانەوەی لایەنە نزیکەکانی حەشدی شەعبی.

کێشمەکێشی ئەمڕۆی ناوچەکە تەنها ململانێیەکی دووقۆڵی نییە، بەڵکو سیمفۆنیایەکە کە تێیدا چەند سەرکردەیەک پێکەوە بۆ ڕازیکردنی جەماوەر و بینەرە ناوخۆییەکانی خۆیان هێز دەنوێنن.

 

کەواتە، لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە سیاسەتەکەی ترەمپ لەم جیهانە شەفاف و پشتبەستووە بە ئابووریی جیهانیدا، ستراتیژێکی سەرکەوتوو نییە، بەڵکو دووبارەکردنەوەی ئەو لاوازییە مێژووییەیە کە پێشتر لە سەردەمی نیکسۆندا تاقی کرایەوە؛ ئەم جۆرە سیاسەتە تەنها تا ئەو کاتە بوزدەخوات کە نەیارەکەت باوەڕی بە هەڕەشەکانت هەبێت، بەڵام کاتێک فێڵەکە ئاشکرا بوو و لایەنی بەرامبەر باوەڕی نەما، ئیتر ناچاریت بۆ سەلماندنی ڕاستی‌یەکەی هەنگاو بنێیتە ناو جەنگێکەوە کە هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن باجەکەی بدەن.

لە کۆتایی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە: ئەو هەڕەشە گەورە و دەنگەبەرزکردنەوانەی کە دەیبینین، لە بنەڕەتدا تاران یان واشنتۆن ناکەنە ئامانج، بەڵکو زۆرتر شانۆگەرییەکەن بۆ ڕازیکردنی ناوخۆ.

 

ئەوانە پەیامن بۆ ناوخۆ؛ هەڕەشەکان بۆ ئەوە دەنێردرێن تا پیاوانی ئایینیی تاران، پەرلەمانی بەغدا و دەنگدەرانی ناوخۆیی وڵاتانی خۆیان باوەڕ بکەن کە سەرکردەکانیان بەهێزن، نەک بۆ ئەوەی ترس لە دڵی نەیارە دەرەکییەکاندا دروست بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP