دواین هەواڵ

کۆدەکانی دیمەشق؛ کاتێک هەولێر نەخشەی یارییەکە دادەڕێژێتەوە

‌ئاسۆ عوسمان

1 رۆژ پێش ئێستا

لە پەراوێزی مێژووەوە بۆ ناوەندی بڕیار؛ چۆن نێچیرڤان بارزانی هاوکێشەی دیمەشقی گۆڕی؟ لە ناوەڕاستی ئاگر و گێژاوی تەنگژە جیوپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا—لە کاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران، ئەمریکا، ئیسرائیل و هێزە هەرێمییەکان ناوچەکەی بەرەو نادیاری بردووە—سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی دەگمەن لە "دیپلۆماسییەتی چالاک" و هۆشیاریی سیاسی پێشکەش دەکات.

لە ڕووداوێکی مێژووییی بێپێشینەدا، سەردانە فەرمییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع، سەلماندی کە هەولێر نەبووەتە تەنیا بینەرێکی بێدەنگ، بەڵکو بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان لە کێشانی هێڵە گشتییەکانی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.

ئەم سەردانە ئەنجامی دەستپێشخەرییەکی لەناکاوی ناوخۆیی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی داواکاری و بانگهێشتی بەردەوامی سووریا بوو؛ لە کۆنگرەی بەرلین و، دواتر لەڕێگەی وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی و تا گەیشتە بانگهێشتی فەرمیی ڕاستەوخۆ لە کۆشکی گەل. بڵاوکردنەوەی پەیامی فەرمیی ئەحمەد شەرع بە زمانی کوردی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) و بەکارهێنانی دەستەواژەی "أخي العزيز"، لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵایەکی ١٥ مەتر لە پایتختی سووریا، پەیامێکی دیپلۆماسیی بەهێز بوو کە نەک تەنیا کۆتاییهێنانی بە عەقڵییەتی دەیان ساڵەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە دیمەشق ڕاگەیاند، بەڵکو دانیپێدانانێکی فەرمی بوو بە شکۆ و قورسایی سیاسیی هەرێمی کوردستان.

هاوکات تەوەرێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی ئەم سەردانە، ئەو بایەخە ڕاگەیاندنکارییە بێپێشینەیە بوو کە میدیا فەرمی و نافەرمییەکانی سووریا—لە سەروویانەوە ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی سووریا (سانا) و کەناڵە ئاسمانییەکان—پێیاندا؛ ڕووماڵکردنی سات بە ساتی کۆبوونەوەکە و دانانی هەواڵی سەرەکیی وڵات بە وێنەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئاڵای هەرێم، لەگەڵ شرۆڤەی ڕاستەوخۆی شیکەرەوە سیاسییە عەرەبەکان لەسەر گرنگیی ڕۆڵی هەولێر، ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کە دیمەشق دەیەوێت رای گشتیی سووریا ئامادە بکات بۆ وەچەرخانێکی سیاسیی ڕاستەقینە و ئەرێنی بەرامبەر بە کورد و هەرێمی کوردستان. لە ئەزموونی تاڵی سەدەی ڕابردوودا، گەورەترین شکستی ژیۆپۆلیتیکیی کورد لەوەدا کورت دەبووەوە کە کاتێک هێزە هەرێمی و جیهانییەکان پێنووسەکانیان بۆ کێشانەوەی نەخشەی شەرقی ئەوسەت دەجووڵاند، کورد لە ژوورە داخراوەکانی بڕیاردان ئامادە نەبوو؛ تەنیا بابەتێک بوو لە سەودای زلهێزەکاندا، نەک خاوەن دەنگ و ویست. ستراتیژ و دیبلۆما سیەتی نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەڵگەڕاندنەوەی ئەم تەلیسمە مێژوویییە. ئەو تەسلیمی ئاڕاستەی ڕووداوەکان و خۆبەدەستەوەدان بۆ "چارەنووسی سەپێنراو" نادۆڕێت؛ بەڵکو شوێنپێی دیپلۆماسییانەی خۆی لە ناوەندی قەیرانەکاندا جێدەهێڵێت.

بە بەستنەوەی پایتەختە دژبەر و جەمسەرگیرەکانی ناوچەکە وەک بەغدا، ئەنقەرە، تاران و شام، توانیویەتی مۆدێلێکی نوێ لە ئامادەییی کاریگەر بێنێتە ئاراوە، تا ڕێگری بکات لەوەی کێشەی کورد وەک کارتی کاتی لە ململانێی هێزەکاندا بەکاربهێنرێت و بگوێزرێتەوە بۆ فاکتەرێکی دانەبڕاو لە هاوکێشەی ئاسایشدا، هاوکات زەمینەسازی بکات بۆ ئەوەی لە کێشمەکێشی نێوان دیمەشق ورۆژئاوای کوردستا دەستکەوت و ناسنامەی گەلی کورد لە سووریای داھاتوودا بپارێزرێن و لە سەوداکارییە نهێنییەکاندا نەفەوتێن. لە لایەکی ترەوە، لە کاتێکدا بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانەوە گرژی و ساردی لە نێوان عێراق و سووریادا هەبوو، نێچیرڤان بارزانی بە ناوی هەرێمی کوردستان و عێراقیشەوە بانگهێشتی ئەحمەد شەرعی کرد بۆ سەردانیکردنی بەغدا، کە ئەم هەنگاوە دەسەلمێنێت دەسەڵاتدارانی بەغدا و سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکی هەرێم وەک بڕواپێکراوترین کارەکتەر دەبینن بۆ کردنەوەی ڕاڕەوە دیپلۆماسییە ئاڵۆزەکان و کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر بەغدا.

ئەم پێگە قووڵەی سەرۆکی هەرێم تەنیا بەهۆی شوێنی جوگرافیی هەرێمەوە نییە، بەڵکو لەبەر ئەو متمانە میحوەرە جیاوازانەیە کە بۆیان دروست بووە؛ لە ڕۆژئاوا و واشنتن وەک سەرکردەیەکی عەقڵانی، هاوسەنگ و دەوڵەتمەدار (Statesman) دەبینرێت، لە وڵاتانی کەنداو ڕێزێکی تایبەتی لێدەگیرێت وەک فاکتەری سەقامگیری، و لە تاران و ئەنقەرەش وەک دەروازەی سەرەکیی دیالۆگ و هێمنکەرەوەی تەنگژە هەرێمییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

پاراستنی گەلێکی دەورەدراو و بردنە پێشەوەی قەزیەی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، تەنیا بە مافداربوون بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو لێزانینی سیاسی و هونەری دیپلۆماسیی گەرەکە؛ سەردانەکەی دیمەشق و پەیامە ئاڵوگۆڕکراوەکان سەلماندیان کە هەولێر، لە ڕێگەی ڕوئیای واقیعییانەی نێچیرڤان بارزانییەوە، توانیویەتی کورد لە ڕۆڵی قوربانییەوە بگوێزێتەوە بۆ ئاستی کارەکتەرێکی سەرەکی کە نەخشەی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا دادەڕێژێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP