ئەی مالیک، دڵت پڕ بکە لە بەزەیی و خۆشەویستی و میهرەبانی بۆ هاوڵاتیانت...
چونکە ئەوان دوو دەستەن: یان براتن لە ئاییندا، یان هاوشێوەی تۆن لە دروستبوون و مرۆڤایەتیدا...
ئەگەر یەکێک لەوان دەستی درێژکرد بۆ خیانەت، ئەوا سزای جەستەیی بدە و ئەوەی لە دەستیدایە لێی بسەنەوە، پاشان بیخە مۆڵگەی سەرشۆڕییەوە و نیشانی خیانەتی پێوە بنێ."
(لە نامەی ئیمامی عەلی بۆ مالیکی ئەشتەر - نهج البلاغة)
ئەم دێڕانە تەنها ئامۆژگارییەکی ڕۆحی نین، بەڵکو دەستوورێکی کارگێڕی، ئابووری و ئەخلاقین بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و نەهێشتنی گەندەڵی. بەڵام کاتێک لەم گۆشەنیگایەوە تەماشای واقیعی سیاسیی عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەکەین، خۆمان لە بەردەم گەورەترین و تاڵترین دژایەتیدا دەبینینەوە.
بازرگانیکردن بە مەزهەب لە عێراقی دوای ٢٠٠٣
دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣، سیستمی سیاسی لە عێراق لەسەر بنەمای پشکپشکێنەی مەزهەبی و نەتەوەیی دامەزرا.
لەم قۆناغەدا، زۆربەی سەرکردە و پارتە سیاسییە شێعەکان، لەبری ئەوەی مەنھەجی دادپەروەریی ئیمامی عەلی بکەنە نەخشەی ڕێگا بۆ بونیادنانی دەوڵەت، مەزهەب و هێما پیرۆزەکانیان وەک "بەرگێکی شەرعیەت" و ئامرازێکی بازرگانیی سیاسی بەکارهێنا.
دروشمەکان بوونە هۆکاری کۆکردنەوەی دەنگ و ڕاکێشانی سۆزی جەماوەر، لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە، خەزێنەی دەوڵەت و مافی گشتی (بەیتولمال) وەک دەستکەوتێکی حزبی و تایفی دابەش دەکرا.
ئەم هێزە سیاسییانە بە ناوی پاراستنی مەزهەبەوە فەرمانڕواییان دەکرد، بەڵام لە واقیعدا کۆمەڵگەیان ڕووبەڕووی نەبوونی خزمەتگوزاری، وێرانبوونی ژێرخان و بەهەدەردانی سەدان ملیار دۆلار کردەوە؛ ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە نیشانی دەدات چەندە دوورن لە جەوهەری ئایینی ئیسلام و پەیامەکانی پێشەوا عەلی.
نامەی مالیکی ئەشتەر؛ دژەباوی گەندەڵیی سیاسی
ئەگەر پرەنسیپەکانی ناو نهج البلاغة بەراورد بکەین بە ڕەفتاری هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، دەبینین کێشەکە تەنها سەرپێچی نییە، بەڵکو دژایەتییەکی تەواوە:
دوورکەوتنەوە لە داوەت و ماستاوچییەکان: ئیمامی عەلی هۆشداری توند دەداتە والی لەوەی دەوروبەری خۆی لە پیاهەڵدەر و ماستاوچییەکان پاک بکاتەوە کە ڕاستییەکانی لێ دەشارنەوە. تەنانەت لە نامەیەکی تردا بۆ والی بەسرە، بە توندی تەمبێی دەکات تەنها لەبەر ئەوەی چووەتە سەر "خوان و دەعوەتێکی ڕازاوەی دەوڵەمەندەکان" کە هەژارانی لێ بێبەش کراوە. ئەمە ڕێک پێچەوانەی بەرپرسانی عێراقە کە لە پشت دیوارە کۆنکرێتییەکانەوە خەریکی خوانی شاهانەن.
چوونە ناو خەڵک بەبێ پاسەوان: دەستووری عەلی فەرمان دەکات کە والی دەبێت کاتێکی دیاریکراوی هەبێت بۆ دانیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی ئاساییدا، بەبێ ئامادەبوونی سوپا و پاسەوانەکان، تا خەڵک بەبێ ترس کێشەکانیان بڵێن؛ دیمەنێک کە لە عێراقی ئێستادا بەهۆی کاروانی درێژی ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕەکانەوە بووەتە مەحاڵ.
دابینکردنی مووچەی باش و سزادان: نامەکە پێمان دەڵێت کە پێش لێپرسینەوە، دەبێت "مووچە و بژێویەکی شایستە" بۆ فەرمانبەران دابین بکرێت تا هیچ پاساوێکیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل نەبێت. بەڵام ئەگەر دوای ئەوەش خیانەتیان کرد، دەبێت بە توندی سزا بدرێن و سامانەکەیان زەوت بکرێت.
دوورکەوتنەوە لە خزم خزمێنە: نامەکە هاوار دەکات کە پۆستەکان بە واستە و نزیکایەتی نەدرێن، بەڵام جێبەجێکردنی سیستمی پشکپشکێنە (المحاصصة) وەزارەتەکانی کردە مۆڵگەی خزم و لایەنگرانی حزبەکان.
تاقیکردنەوەیەک لەبەردەم مەنھەجی عەلی؛ هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر ئەو سیستمە چەقبەستووەدا، لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێ، عەلی زەیدی، جووڵەیەکی جیاواز لە مەلەفی دژە گەندەڵیدا بەدی دەکرێت.
زەیدی لە ڕێگەی لێژنە ئەمنییەکانەوە دەستی کردووە بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی پێشوو و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرپرس، وەکیل وەزیر و پەرلەمانتارانەی کە لە کابینەکەی سوودانی و خولەکانی پێشوودا دەستیان لە بەهەدەردانی سامانی گشتیدا هەبووە. دەستبەسەرداگرتنی دەیان ملیار دینار و کیلۆگرام زێڕ، نیشانەی جددیبوونی ئەم هەنگاوانەن لەسەر ئاستی کارگێڕی.
بەڵام تاقیکردنەوە ڕاستەقینەکەی هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی لێرەوە دەستپێدەکات؛ ئایا ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی ئێستا تەنها قوربانیکردنە بە ئەڵقەکانی ناوەڕاست و هێزەکانی پێشوو، یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ بەزاندنی هێڵە سوورەکان و گەیشتن بە "سەرە گەورەکان"؟
دەرەنجام
ئیمامی عەلی وانەیەکی گەورەمان پێدەڵێت کاتێک دەفەرموێت: "ڕاستی بە پیاوان مەناسنەوە، بەڵکو سەرەتا ڕاستی بناسن، ئەو کات پیاوانی ڕاستەقینە دەناسنەوە."
مێژووی هاوچەرخی عێراق سەلماندی کە پیرۆزیی مەزهەب ناتوانێت گەندەڵیی سیاسی بشارێتەوە.
هەڵمەتەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کاتێک دەتوانێت خۆی لە مەنھەجی عەدالەتی عەلەوی نزیک بکاتەوە، کە یاسا و لێپرسینەوە وەک شمشێرێک بە یەکسانی بەسەر هەموواندا ببرێت — بەبێ جیاوازی لە نێوان نەیارانی دوێنێ و هاوپەیمانانی ئەمڕۆدا. تا ئەو کاتەش، نامەی مالیکی ئەشتەر وەک بەڵگەنامەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە کە حوکمڕانە گەندەڵەکانی پێ دادگایی دەکرێن، تەنانەت ئەگەر ناوەکانیشیان لەسەر دیوار و پیرۆزییەکان نەخشێنرابێت.
دەقی نامەکەی ئیمامی عەلی بۆ مالیکی ئەشتەر :
ئەمە فەرمانی عەلی کوڕی ئەبو تالیبە بۆ مالیکی کوڕی حارس (ئەشتەر) لە پەیمانەکەیدا بۆی، کاتێک کە کردی بە والی و فەرمانڕەوای وڵاتی میسڕ:
ئەی مالیک، بزانە کە من تۆ دەنێرم بۆ وڵاتێک کە پێش تۆ چەندین دەسەڵاتی دادپەروەر و ستەمکار بەسەریدا تێپەڕیون. خەڵکی بە هەمان ئەو چاوە تەماشای کارەکانی تۆ دەکەن کە تۆ تەماشای کارەکانی دەسەڵاتدارانی پێش خۆتت پێ دەکرد، و هەمان ئەو قسانەت لەسەر دەڵێن کە تۆ لەسەر ئەوانت دەگوت.
بەڕاستی پیاوانی چاک بەوە دەناسرێنەوە کە خودا لەسەر زمانی بەندەکانی دەیڵێت؛ بۆیە با خۆشەویستترین پاشەکەوت لای تۆ پاشەکەوتی کارە چاکەکان بێت.
دڵت پڕ بکە لە بەزەیی و خۆشەویستی و میهرەبانی بۆ هاوڵاتیانت، و مەبە بە دڕندەیەکی برسی بەسەریانەوە کە خواردنیان بە غەنیمەت بزانیت؛ چونکە ئەوان دوو دەستەن: یان براتن لە ئاییندا، یان هاوشێوەی تۆن لە دروستبوون و مرۆڤایەتیدا. کاتێک تووشی هەڵەیەک دەبن، یان کێشەیەکیان بۆ دروست دەبێت، یان بە ئەنقەست یان بە هەڵە کارێکی خراپ دەکەن، تۆ لێیان خۆشبە و چاودێرییان بکە، بەو شێوازەی کە حەز دەکەیت خودا لە گوناهەکانی تۆ خۆش بێت.
خۆت بەدوور بگرە لەوەی کە خۆپەسند بیت، یان متمانەت بەوە هەبێت کە لە خۆتدا دەتسەلمێنێت، یان حەزت بە زێدەڕۆیی لە مەدح و ستایشدا بێت؛ چونکە ئەمە نایابترین دەرفەتی شەیتانە بۆ سڕینەوەی چاکەی چاکەکاران. با نێزیکترین کەس لە تۆوە ئەو کەسە بێت کە ڕاستییە تاڵەکانت پێ دەڵێت، و کەمتر لەوانی تر هاوکاریت دەکات لەو کارانەی کە خودا پێی ناخۆشە.
دەوروبەری خۆت لە پیاهەڵدەر و ماستاوچییەکان پاک بکەرەوە، چونکە مەدحکردنی زۆر مرۆڤ تووشی الغرور (خۆپەسندی) دەکات و لە ڕاستییەکان دووری دەخاتەوە.
پاشان کارەکانی فەرمانبەرانت بپشکنە، و لەسەر بنەمای تاقیکردنەوە و لێهاتوویی دایانبمەزرێنە، نەک لەسەر بنەمای حەزی خۆت و پێشینەی خۆت (واستە و خزمایەتی)، چونکە دواندنی خەڵک بەبێ تاقیکردنەوە کۆکەرەوەی لقەکانی ستەمکاری و خیانەتە. مووچە و بژێوییەکی شایستە و باشیان بۆ دابین بکە، چونکە ئەمە هێزیان پێدەدات بۆ چاککردنی دەروونی خۆیان، و دەوڵەمەندیان دەکات لە خواردنی ئەو سامانەی لەژێر دەستیاندایە، و دەبێتە بەڵگەی کۆتایی لەسەریان ئەگەر سەرپێچی فەرمانت بکەن یان ناپاکی لە ئەمانەتەکەت بکەن.
پاشان چاودێری ڕاستگۆ و وەفادار (چاودێری نھێنی) لەسەریان دابنێ؛ چونکە چاودێریکردنی نھێنی تۆ بەسەریانەوە، پاڵنەر دەبێت بۆیان بۆ پاراستنی ئەمانەت و میهرەبانی لەگەڵ هاوڵاتیاندا. ئەگەر یەکێک لەوان دەستی درێژکرد بۆ خیانەت و پارەی گشتی برد، و ڕاپۆرتی چاودێرە نھێنییەکانت لەسەری کۆبووەوە، ئەوا بەم بەڵگەیەوە ڕازی بە، سزای جەستەیی بدە و ئەوەی لە دەستیدایە لێی بسەنەوە، پاشان بیخە مۆڵگەی سەرشۆڕییەوە، و نیشانی خیانەتی پێوە بنێ، و جەوقی شەرمەزاری بکە بە گەردنیدا.
دەبێت گرنگیدانت بە ئاوەدانکردنەوەی زەوی زیاتر بێت لە گرنگیدانت بە کۆکردنەوەی باج، چونکە باج بەدەست نایەت مەگەر بە ئاوەدانکردنەوە نەبێت؛ هەر کەسێکیش باج داوا بکات بەبێ ئاوەدانکردنەوە، وڵات وێران دەکات و بەندەکانی خودا تیا دەبات، و دەسەڵاتەکەی نامێنێت مەگەر بۆ ماوەیەکی کەم.
بەشێک لە کاتی خۆت تەرخان بکە بۆ ئەوانەی پێویستیان بە تۆیە، کە تێیدا خۆت بۆیان چۆڵ بکەیت و لە کۆڕێکی گشتیدا لەگەڵیان دابنیشیت، و تێیدا لەبەر ئەو خودایەی کە دروستی کردوویت خۆت بچووک بکەیتەوە، و سەرباز و پاسەوان و هاوکارانت لەوان دوور بخەیتەوە، تا قسەکەرەکەیان بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ و بەبێ زمانگرتن قسەی خۆی بکات؛ چونکە من لە پێغەمبەری خودا (ص) بیستوومە کە چەندین جار دەیفەرموو: "هیچ ئوممەت و گەلێک پیرۆز و سەرکەوتو نابێت، مەگەر تێیدا مافی لاوازەکان لە بەهێزەکان بسەندرێت بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ."