دواین هەواڵ

پاراستنی بەرژەوەندی یان شکۆی سیاسی؟ چۆن ترسی مایەپووچبوون شاسواری کردە ملكەچی بریارەکانی دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا!

‌ئاسۆ عوسمان

13 کاتژمێر پێش ئێستا

کاتێک سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە لووتکەی هێرش و زمانتیژییەوە کتوپڕ سارد دەبێتەوە و دەبێتە هاوپەیمانێکی بێدەنگ، شەقامی ناڕازی مافی خۆیەتی بگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەمە ڕێککەوتنێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو سەودایەکی ناچارییە بۆ مانەوە.

پاشەکشەی سیاسی لە لوتکەی هاوارکردنەوە بۆ لوتکەی کڕنۆشبردن، تەسلیم بوون لەلایەن خەڵکەوە وەک حیکمەت یان پلان وەرناگیرێت، بەڵکو وەک شکانێکی دەروونی لەبەرامبەر هێزێکی تونددا دەبینرێت.

خەڵک کاتێک دەبینن هێزێک کە پێشتر سەرکردەکانی دەسەڵاتی بە "ناشیاو بۆ شاکردی" دادەنا، ئێستا کورسییەکانی دەخاتە خزمەت هەمان ئەو سەرکردانە، تەنها یەک لێکدانەوەی بۆ دەکەن: کە ئەوەی لە پشت پەردەی فشار, ئەشکەنجە و زیندانیکردنەکاندا بەسەر سەرکردایەتیی ئەم جووڵانەوەیەدا هاتووە، شتێکی هێندە ترسناک بووە کە ئیرادەی سیاسی و شکۆی لێ زەوت کردوون و ناچاری کردوون لە پێناو پاراستنی ئیمپراتۆرییە داراییەکەیاندا، ببنە شەریکێکی گوێڕایەڵ.

‎ئەم وەرچەرخانە تیژە دەیسەلمێنێت کە جووڵانەوەی نەوەی نوێ نموونەیەکی کلاسیکی و تەواوی هێزێکی پۆپۆلیستە (الشعبویە). لە زانستی سیاسەتدا، هێرشکردنە سەر سەرکردە نەتەوەییەکان کە ساڵانێکە کۆچی دواییان کردووە (وەک مەلا مستەفای بارزانی)، کارێکی باو نییە لای ئۆپۆزسیۆنی تەندروست و بەرنامە داڕێژراو، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکیی پۆپۆلیزمە بۆ دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ "خەڵکی چاک" و "نوخبەی خراپ" و یاریکردن بە سۆزی خەڵک لەسەر حیسابی بەرنامەی واقیعی.

کاتێک لە واقیعی ئێستادا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی خزمەتگوزاریی سلێمانی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکەیان نییە، پەنا دەبەنە بەر شەڕی میدیایی دژ بە ڕابردوو بۆ دروستکردنی دەنگدەنگ (Noise) و ڕاکێشانی سەرنج، ئەمەش نیشانەی نەبوونی پرەنسیپی جێگیرە کە دوێنێ دەیانوت لەگەڵ پارتی و یەکێتی دانانیشن و ئەمڕۆ بوونەتە پاشکۆی یەکێکیان. ‎بەم هەنگاوە نوێیە، جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕێک بە ڕێچکەی گۆراندا دەڕۆنەوە و هەمان هەڵەکانی ئەوان دووبارە دەکەنەوە. کاتێک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن ناسنامە بنەڕەتییەکەی دەگۆڕێت و دەبێتە پاشکۆ، تا متمانەی شەقام دەدۆڕێنێت. ‎

ئەم تەسلیمبوونە ناچارییە کاتێک دەستی پێکرد کە شێوازی بەڕێوەبردنی یەکێتی لە دوای ڕووداوەکانی 8ی تەممووزەوە گۆڕا بۆ سیستمێکی توند و یەکلاکەرەوە؛ کاتێک بافڵ تاڵەبانی توانی لاهور جەنگی ئامۆزای بە تەواوی لە کایە سیاسییەکە دووربخاتەوە، پەیامێکی ڕوونی نارد کە کەس لە سەرووی هێزی ئەوەوە نییە لە سنوری سلێمانی . دواتر، بەکارهێنانی کارتی یاسایی قەرزەکانی حکومەت، باج، و دۆسیەی خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند شانبەشانی هەڕەشەی فرۆشتنی موڵکەکان و زیندانیکردن، گەورەترین زەنگی مەترسی بوون بۆ داڕووخانی تەواوی ئیمپراتۆرییە داراییەکەی شاسوار عەبدولواحید، کە وای لێکرد لە بازرگان و سەرکردەیەکی یاخییەوە ببێتە هاوپەیمانێکی کپ و گوێڕایەڵ کە تەواوی هێرشەکانی تەنها چڕ بکاتەوە سەر هەولێر و چاو لە کەمکووڕییەکانی سلێمانی دابخات.

هەر ئەمەش وایکردووە کاتێک میدیای نەوەی نوێ دەیەوێت ئەم هاوپەیمانێتییە وەک "خزمەتی خەڵک" بفرۆشێتەوە، شەقام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تانەوتەشەری تیژی وەک "بتلیان پێ هەڵگرتوویت" وەڵامی دروشمەکانی بدەنەوە. ئەم دەستەواژە میللییە لە واقعدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ شکاندنی شکۆی سیاسی و زەوتکردنی ئیرادەی مرۆڤ لە ژێر ئەشکەنجە و فشاری ئابڕوبردن لە زینداندا.

خەڵک بەم کۆمێنتانە پێی دەڵێن کە پاساوی بێمانا نەهێنێتەوە، چونکە ئەم کڕنۆشبردنە تەنها لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو سزایانە و پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانێتی، ئەمەش تیژترین چەکە کە تەواوی شەرعیەتە پۆپۆلیستییەکەی نەوەی نوێی پێ بریندار کراوە و کۆتایی بە ناسنامەی ئۆپۆزسیۆنبوونی هێنا.

ئێستا خویندنەوە سیاسییەکان هەموو بەو ئاراستەیەن کە لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی پێکەوە حکومەتی نوێ پێکدەهێنن، و ئەوەی لەم کایەیەدا دەستی بەتاڵ دەبێت تەنها شاسوارە. هەرچەندە خوشکەکەی لەسەر ئاستی بەغدا کراوەتە وەزیر، بەڵام ئەمە ناتوانێت پێگەی ئەو لە ناوخۆدا بپارێزێت یان وای لێبکات بەرامبەر ئیرادەی یەکێتی بوەستێت.

ئەگەر شاسوار کایەکە تێکبدات یان وەک جاران دەست بە گوتارە پۆپۆلیستییەکەی بکاتەوە، ئەمجارە نە شەقام بڕوای پێدەکات و نە یەکێتیش بێدەنگ دەبێت؛ یەکێتی خێرا کێشە کۆنەکان و دۆسیە یاساییەکانی لە ساردکەرەوە دەردەهێنێت و جارێکی تر دەیخاتەوە زیندان، لەو کاتەشدا ئیتر کەس ئامادە نابێت بەرگری لە سەرکردەیەک بکات کە متمانەی شەقامی دۆڕاندووە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP