ئایا باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، هانی سەدامی داوە بۆ داگیرکردنی کوێت؟
هەمیشە کە یادی داگیرکردنی کوێت دەکرێتەوە، کۆبوونەوەکەی سەدام و(ئەپریل گلاسپی) ژنە باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە بەغدا باسدەکرێت، واش بڵاوکراوەتەوە کە لەو دیدارەدا، باڵیۆزەکەی ئەمریکا بە سەدامی وتووە: ئێمە هیچ پەیوەندییمان بە کێشەی نێوان کوێت و عیراق نییە، ئەمەش وەک هاندانێک وابووە بۆ سەدام بۆئەوەی بچێت کوێت داگیربکات. واش لێکدەدرێتەوە، کە ئەمریکا سەدام و ڕژێمەکەی هەڵخەڵەتاندبێت، تاوەکو دوایی بێت هەموو ناوچەکە داگیربکات. منیش تا ماوەیەکی زۆر وامدەزانی کە ئەوە ڕاستییەکەیە، بەداخەوە بە حوکمی ئەوەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا، سیستەمی دیموکراسی نییە، توێژە و نووسەران، ناتوانن بە ئاسانی دەستیان بە بەڵگە مێژوویی و دیپلۆماتییەکان بگات، بۆیە زۆرجار بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاستییەکان دەشێوێنرێت، لەهەمانکاتیشدا ناتوانرێت سوود لە هەڵە مێژووییەکان وەربگیرێت.
لەعیراقدا هەمیشە نووسەر و ئەکادیمی و مێژوونووسی باشی تێدا هەڵکەوتووە، لەئێستاشدا بەهەمانشێوە، کۆمەڵێک مێژوونووسی باشیان هەیە، یەکێکیش لەوانە د.حەمید عەبدوڵڵایە، ئەم مێژوونووسە جگە لە کاری نووسین، بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی زۆرباشی هەیە بەناونیشانی ( تلک الایام)، من بە بەردەوامی سەیری ئەڵقەکانی دەکەم، لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەشەوە کۆمەڵێک ڕاستی مێژووی سیاسیی عیراقم بۆ دەرکەوتووە. د. حەمید بە پشت بەستن بە بەڵگەی مێژوویی، زۆرجاریش بە شاهیدحاڵەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن بڕیاڕ بوون یان لە ناوەندی بڕیار نزیک بوون، باسی ڕووداوە مێژووییەکانی عیراق دەکات.
لەماوەی پێشوودا یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەکەی بۆ کۆبوونەوەی نێوان سەدام ئەپریل گلاسپی باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغدا تەرخانکردبوو، ئەم کۆبوونەوەیە لە 25 تەمووزی 1990 کراوە، واتە بە هەفتەیەک پێش داگیرکردنی کوێت.
تاکە کاری باشی سەدام و ڕژێمەکەی ئەوەبوو، کە هەموو شتێکی نووسیوە، هەموو دیدارەکانی سەدام بەشێوەی پرۆتۆکۆڵی نووسراون، ئەمەش خزمەتێکی باشی نووسەران و مێژوونووسان دەکات، تاوەکو باشتر لە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بکۆڵنەوە.
د. حەمید توانیوویەتی پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەی سەدام و گلاسپی دەستبکەوێت. وەکو لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، دیدارەکە سەعات1ی پاشنیوەڕۆی 1990.7.25بووە، سەرەتا گلاسپیان بانگهێشتکردووە بۆ وەزارەتی دەرەوە، بۆئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی عیراق ببینێت کە تاریق عەزیز بووە، بەڵام پاشان کە دێتە وەزارەت، یەکسەر دەیبەن بۆ کۆشکی کۆماریی و پێیدەڵێن سەرۆک کۆمار دەیەوێت بتبینێت. وەکو لە پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەدا نووسراوە، لەم کۆبوونەوەیەدا تەنیا سەدام و تاریق عەزیز و وەرگێڕەکە و عەبد حەمود سکرتێری تایبەتی سەدام بەشداربوون.
تەواوی دیدارەکە کەشێکی زۆرباش و ئیجابی بەسەریدا زاڵبووە، سەرەتا سەدام کۆمەڵێک گلەیی لە حکومەتی ئەمریکا دەکات، لەوانە لەپاش بڵاوبوونەوەی سکانداڵی (ئیران گەیت) پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا سارد دەبێت، سکانداڵی ( ئیران گەیت یان ئیران کۆنترا) ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەمریکا بە نهێنی چەکی بە ئێران فرۆشتووە، پاشان پارەکەی ناردووە بۆ چەکدارانی ( کۆنترا) لە نیکاراگاوا، تاوەکو دژی حکومەتی شۆڕشگێری ئەو وڵاتە بجەنگێن، ئەمەش سکانداڵێکی گەورە بوو کە حکومەتی ئەمریکای ئیحراج کرد.
گلاسپی لەبارەی ئەم کێشەیەوە دەڵێت: سەرۆک ڕیگن لە ڕێگەی نێردەیەکی تایبەتی خۆیەوە، ڕوونکردنەوەی لەبارەی ئەم کێشەیە خستبووەڕوو. دواتر دەڵێت: ئەمساڵیش سەرۆک بوش لە نامەیەکدا کە بەبۆنەی شۆڕشی 14 تەموز بۆی ناردبووی، داوای لێبوردنی کردووە. سەدامیش دەڵێت: بەڵێ ڕاستە و نامەکەشی زۆر باشبووە، ئێمەی عەرەب هەرکەسێک هەڵەمان بەرامبەر بکات و پاشان داوای لێبوردن بکات، ئیتر هیچمان لەدڵمان نامێنێت. دواتر سەدام باسی ڕەخنە و پەلاماردانی ڕژێمەکەی دەکات لەناو میدیای ئەمریکیدا، گلاسپیش دەڵێت: سەرۆک بوش دەسەڵاتی بەسەر میدیای ئەمریکیدا نییە و لەم وڵاتەدا میدیا ئازادە، پاشان پێشنیاز دەکات کە سەدام لەڕێگەی دیداری رۆژنامەوانی یان تەلەڤزیۆنی، پەیامی خۆی بە گەلی ئەمریکا بگەیەنێت و دژی ئەو ڕەخنانە بوەستێتەوە کە لە ڕژێمەکەی دەگیرێت.
بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا
دواتر گلاسپی دەڵێت: من لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە داوام لێکراوە، کە پەیوەندییەکان لە عیراق، گەشە پێبددەم، حکومەتی ئەمریکا زۆر مەبەستیەتی، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق، لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێز بکات. ئەمەش لەکاتێکدا ڕژێمی سەدام چەکی کیماویی لە دژی گەلی کورد و ئێران بەکارهێناوەو پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی لە دژی کورد کردووە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان ویستوویانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی سەدام بەهێزتر بکەن.
بڕینی نانی خەڵکی لەسەربڕینیان خراپترە
دواتر سەدام باسی کرۆکی کێشەکەی کردووە کە ئەویش دابەزاندنی نرخی نەوتە کە لەو کاتەدا نزیکەی 7 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک. سەدام داوایکردووە نرخی نەوت بۆ 25 دۆلار بەرزبکرێتەوە، بەمشێوەیە عیراق دەتوانێت نزیکەی 40 ملیار دۆلار قەرزەکەی ببداتەوە کە بەهۆی جەنگی ئێران تووشی بووە، هەروەها لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی عیراقیش بەردەوام بێت. پاشان سەدام دەڵێت: لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی بە شێخ زایدی ئیمارات و شێخ سەباحی کوێتم ووتوە کە ئەم کێشەیە بۆ ئێمە زۆر گەورەیە بۆ ئێمە وەکو مەسەلە عەرەبییەکەیش دەڵێت: بڕینی نانی خەڵکی لەسەربڕینیان خراپترە، بەڵام ئەو دوو وڵاتە هیچیان نەکردووە. بۆ ئەم کێشەیەش لەگەڵ مەلیک فەهد و حوسنی موبارەک و مەلیک حوسێن قسەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە.
لە وەڵامی ژنەکەدا هاتووە: جەنابی سەرۆک، ئێمە وەکو ئەمریکا دەسەڵاتمان بەسەر نرخی نەوتدا نییە، بۆ ئەم کێشەیەش لەگەڵ کوێت و ئیمارات، پێشنیاز دەکەین، لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبییەوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
پاشان سەدام دەڵێت: ماوەی چەندین ساڵە، ئێمە دۆستەکانی ئێوەمان لە ناوچەکە لە هێرشی ئێران پاراستووە، ئێمە نەبوونایە، ئێران ئەوانی