با سەربەخۆییی زاتی خۆمان بەدەستبێنینەوە:
لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، بوونی کیانی هەرێمەکان لە هێزی سەربەخۆیییاندایە، کە بتوانێت دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکان، دەسەڵات و سەروەریی هەرێمەکان نەبەن و ، مایەپووچ دەرنەچێت..
کورد لە سایەی بێ بەرنامەیی و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیدا، بە شێوەیەک هەرێمەکەی سنوردار و بێ نووزە کراوە، کە لونڕوو وەستان و راستکردنەوەی ژیری و حیکمەتی دەوێ، نەک دروشم و چاوەڕوانی گۆدۆ، قسەیوک بۆ ئیرادەی هەرێم و تاک، لە روانگەی فیکرەوە..
ئامۆژگاریم ئەوەیە کە؛ هێشتا دەرفەت هەیە کوردی باشوور بە شێوازی دەستوری بڵێت، هەم و دەبم ..
گومانم نییە کە بە دەستور و قانون و بە ئیرادەی سەربەخۆیی زاتی، کە چوارچێوەی قبوڵکراوی قانونی هەیە ، کورد ، هەرێم، باشور دەتوانێ ئەمە بکات، ئەگەر پارتی و یەکێتی بیانەوێت، و ئەرک و ئەدای کوردایەتی راستەقینە بۆ خاک و خەڵک بکەن .
لە بارەی سەربەخۆیی زاتییەوە:
یەکەم: لە ڕووی یاسایی - سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە
کۆمەڵەیەک یان گروپێک خاوەنی سەربەخۆییی زاتییە، ئەگەر خۆی یاساکانی خۆی دابنێت و لە ژێر بارودۆخ و سنوورێکی دیاریکراودا کاروباری خۆی بەڕێوە ببات. ئەم سەربەخۆیییە دەکرێت کەم یان زیاد بکات:
لە کەمترین ئاستیدا: دەگاتە حوکمڕانییەک کە تەنها سنووردارە بە بەڕێوەبردنی هەندێک کاروباری کارگێڕی و دارایی (وەک حوکمڕانیی خۆجێیی، یان هەندێک دامەزراوەی گشتی کە تا ڕادەیەک لە دەسەڵاتی ناوەندی جیاوازن).
لە بەرزترین ئاستیدا: دەگاتە دەسەڵات و سەروەریی (وەک دەوڵەت و هەرێمەکان لە دەوڵەتی فیدڕاڵیدا )…. و سیستەمە فیدڕاڵی و کۆنفیدڕاڵیەکان .
دووەم: لە ڕوانگەی فەلسەفەی (کانت)ەوە
سەربەخۆییی زاتی لای فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت بە واتای سەربەخۆییی ئیرادەدێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە:
پێویستە لەسەر تاک، ڕەفتار و سلوکی خۆی بەپێی یاسایەکی گشتگیر ڕێکبخات کە بە ئیرادە و عەقڵی خۆی بەسەر خۆیدا دەسەپێنێت، بەبێ ئەوەی بکەوێتە ژێر کاریگەریی پاڵنەرە هەستیی و غەریزییەکان یان بەرژەوەندیخوازییە کاتییەکان.
کور لە باشوور وەک یەکەیەکی بەرجەستەکراو، دەبێ ئیرادەی خۆی بسەلمێنێت، ئەڵبەتە دوور لە فەوزا و لە چوارچێوەی یاسادا ..
سێیەم: لە ڕووی دەروونییەوە (ئازادیی بەرامبەر کۆیلایەتی)
سەربەخۆییی زاتی بە واتای ئازادیی دەروونی دێت وەک واقیعێکی بەرجەستە لە دژی کۆیلایەتی. مەبەستیش لەم کۆیلایەتییە دوو لایەنە:
لەلایەکەوە: ملکەچبوونی مرۆڤ بۆ پاڵنەرە هەستی و غەریزییەکانی خۆی.
لەلایەکی ترەوە: ملکەچبوونی بۆ ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لە دەرەوە بەسەریدا دەسەپێنرێن.
جیاوازی نێوان ژێردەستەیی و سەربەخۆیی
ئەم کۆیلایەتییەی کە پێی دەڵێن پەیڕەویکردنی فەرمانی کەسانی تر، تەواو پێچەوانەی ئەو ئازادییەیە کە ناوی دەنێن سەربەخۆییی زاتی. ئەم سەربەخۆیییە وا لە مرۆڤ دەکات کە:
پێش دەستپێکردنی هەر کارێک، بە قووڵی بیر لەو کارە بکاتەوە.
بنەماکانی کارکردنی لە بیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە بگرێت.
ئەو تاکەی خاوەن سەربەخۆییی زاتییە، کەسێکی بێ سەروبەر نییە کە بێ یاسا بژی، بەڵکو بەپێی یاسایەک دەڕوات کە خۆی بە ئیرادەی خۆی بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی. ئەو نەک هەر تەنیا بەپێی عەقڵی، بەڵکو ڕەفتارەکانی بەپێی ویست و هاوسەنگی نێوان عەقڵ و دڵی پێکەوە ڕێکدەخات.
کورد وەک نەتەوە، وەک تاک، دەبێ بە قوڵی بەدوای پرسی سەربەخۆیی زاتیدا ئاڕاستەی خۆی وەربگرێ … دەبێ لەم قۆناغەدا بە ئیرادەی ئازادەوە، لە پێناو مێژووی راستەقینەی کوردایەتی و پاکڕاگرتنی ئیرادە و ئۆباڵی مێژوو، بێتە مەیدانی کار ..