زمان تەنها ئامرازێکی سادەی پەیوەندی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاری، کلتوور، ناسنامەی ڕەوتی سیاسی و کەسایەتییەکانە. لە زانستی سیاسەتدا، گوتاری سیاسی پێویستە خاوەن نۆرم و بەهای ئەخلاقی بێت و لەسەر بنەمای دیالۆگی بنیاتنەر و ڕێزگرتن لە بەرامبەر دابڕێژرێت، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانى دونیادا، هەمیشە بەکارهێنانى زمانى گونجاوى دور لە توندوتیژى و تۆمەت و ناو و ناتۆرە، لە چوارچێوەى یاسا و بنەما ئیتیکى و ئەخلاقییەکاندا بەکاردەهێنرێـت، بەڵام بەداخەوە لە زمانی سیاسەتی هاوچەرخدا، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، جوێن، ناووناتۆرە و ناوزڕاندن لە ڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت لاى کەسە پۆپۆلیستەکان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو. ئەم تاکتیکە لە زانستی سیاسی و ڕاگەیاندندا پێی دەوترێت "سیاسەتی ژەهراویکردن" یان "شەڕی زمانەوانی".
بێگومان گەشەسەندنى رەوشى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان، و ئاسان بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وایکردوە هەندێک کەسى بەرژەوەندخواز و پۆپۆلیست دەربکەون و لە رێگەى وروژاندنى سۆزى خەڵک و بە پشت بەستن بە تەکنیکەکانى هەڵخەڵەتاندن ئەسپى خۆیان تاوداوە، ئەم مۆدێلەش وایکردوە کە گوتاری سیاسی لە هەرێمی کوردستان تووشی پاشەکشەیەکی گەورە ببێت، یەکێک لەو نمونانە، شاسوار عەبدولواحیدە، کەسەرەتا خۆى وەک بازرگان ناساند و سودى لە دەرفەتەکان بینى و دواتر لە رێگەى دروستکردنى حزبەوە هەر رۆژ بە شێوازێک یارى بە سۆز و لایەنى دەرونى هاوڵاتیان دەکات، کە ئەوانەى شارەزان باش دەزانن ئامانج لەو جۆرە گوتارە سیاسییە، تەنها و تەنها بەرژوەندییە ئابورییەکانى خۆیەتى و پارێزگارییکردنیەتى لە پرۆژە بازرگانییەکانى.
ئەم زمانى گوتارى سیاسیی و مۆدێلى سیاسەتکردنە کە سیاسییە پۆپۆلیستەکان و میدیا سێبەرەکانیان ئەم زمانە بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەیە زۆر بەخێرایی سۆزی شەقام بجوڵێنن، نەیارەکانیان بشکێنن، و سەرنجی کۆمەڵگە بە لاى خۆیاندا ڕابکێشن. بەڵام ئەم شێوازە لێکەوتەی زۆر مەترسیداری لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگە هەیە. کاتێک تاک بەردەوام گوێبیستی جوێن و سوکایەتی دەبێت لە میدیاوە، مێشکی لە شیکردنەوەی لۆژیکیی بەرنامە و پلانەکانەوە دەگۆڕێت بۆ کاردانەوەی سۆزداری واتە یان خۆشویستنی کوێرانە یان ڕق لێبوونەوەی ڕەها، ئەمەش وادەکات توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لاى تاکەکان کەمببێتەوە، لەلایەکى دیکەوە وادەکات تاک لە ژیانی ڕۆژانەیدا لاسایی ئەو زمانە بکاتەوە و توندوتیژی زمانەوانى لەلاى ئاسایی ببێتەوە، کە ئەمەش راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناو خێزان، قوتابخانە، و شوێنی کار، بەمەش ئاستی گفتوگۆی کۆمەڵایەتی دادەبەزێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى دەبێتە هۆى دروستبوونى دڵەڕاوکێ و نائومێدی و بێهیوایی لای تاک. لەلایەکى دیکەوە ئەم جۆرە مۆدێلە لێکەوتەکانى لەسەر کۆمەڵگە تەواو مەترسیدارن، ئاستى ناووناتۆرەدان لە نەیارەکان (وەک تۆمەتی خیانەت، جاشایەتی، گەندەڵی ڕەها، یان بەکرێگیراوی) بەرزدەکاتەوە و چەندین گروپى دژ بەیەکتر دروستدەبن، ئەمەش وادەکات هاوڵاتیانى شارێک لەسەر جیاوازى بیروباوەڕى سیاسى ببنە دوژمنى یەکتر.
گوتارى سیاسییە پۆپۆلیستەکان وادەکات زمانى جوێن و ناوزڕاندن گەشە بکات، بەمەش دەرفەتەکانى پێکەوەدانیشتن بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش، تەواو لاواز دەبێت، لەجیاتى ئەوەى پەرلەمان و ناوەندە یاسایییەکان ببنە شوێنى دانانى یاسا و جێبەجێکردنى، بێگومان پەکدەخرێن و میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شوێنیان دەگرنەوە و دەبنە مەیدانی شەڕەدەنوک و شکاندنی کەرامەتی یەکتر، هەر ئەمەش وادەکات شەرعییەت بدرێت بە توندوتیژی فیزیکی، لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە گوتارە سیاسییە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەزاران ئەکاونتی ساختە و سێبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کە کاریان تەنها هێرشکردن، سوکایەتیکردن و تیرۆری کەسایەتی ئەو خەڵکانەیە کە خاوەن بیروڕای جیاوازن.
وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، کەسانى پۆپۆلیست لەگەڵ رۆژگارو بەرژەوەندییەکانیان گوتارە سیاسییەکانیان دەگۆڕن، بۆ نمونە بە بیرتانى دەهێنمەوە، شاسوار عەبدولواحید لە ساڵی ٢٠١٣دا، کاتێک لە ڕووداوێکی بەناو تەمومژاویدا بریندار کرا، تەنها شوێنێک کە لێی پارێزراو بو، فریای کەوت، دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بوون، ئەو کاتە خۆی بە فەرمی سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە پارێزگارییان لێکرد و ژیانیان ڕزگار کرد، مۆقیفی پارتی وەک مۆقیفی دەولەت وەسف کرد، چونکە لەو کاتەدا بەرژەوەندییەکەى واى دەخواست، بەڵام ئەمڕۆ پێچەوانەى ئەو مێژووەی خۆى خەریکى وتارى دروشمبازى و ناووناتۆرەیە، ئەمەش لەژێر گوشاری لەدەستدانی بزنسەکەی و ئەو ڕێککەوتنە نا-سیاسییانەی کە لەپشت پەردەوە لەگەڵ لایەنێکی تری سیاسی کردوونی، ناچار بووە بۆ ڕازیکردنی ئەوان و پەردەپۆشکردنی دۆسیەکانی پەنا بباتە بەر بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و نزم لەپێناو مانەوەی خۆیدا. پێویستە لایەنگرانی ئەم جۆرە گوتارانە لە مێژوو تێبگەن، لە دێرین زەمانەوە، کەسایەتی زۆر دیارتر، بەهێزتر و بەناوبانگتر لە شاسوار، هەموو جۆرە فێڵ، توندوتیژی و هێرشێکیان بەکارهێنا بۆ نەهێشتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵی بارزان، بەڵام سەرەنجام نەیانتوانی و بەو ئاواتەوە سەریان نایەوە، چونکە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد، شاهیدی دڵسۆزی و خەمخۆریی پارتی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەدات. پارتی هەمیشە وەک چەترێکی نیشتمانی ماوەتەوە، تەنانەت ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان قسەی توندیان بە پارتی دەوت، لە کاتی لێقەومان، کارەسات و نەهامەتییەکاندا، هانایان بۆ پارتى هێناوەو، پارتیش وەک هەمیشە، دوور لە بیروباوەڕ و رابردوى کەسەکان، بۆتە پارێزەریان.
کێشەی سەرەکی شاسوار و ڕەوتەکەی ئەوەیە کە خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆیان نین و ئێستا (ڕێشمەی) بڕیاردانی ئەوان بە دەست کەسانی ترەوەیە کە ئاڕاستەیان دەکەن، چونکە ئەگەر ڕێشمە و پەروەردەی ئەوان بە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بوایە، بێگومان فێری ئەدەبی قسەکردن، و ڕێزی سیاسی و بنەمای گفتوگۆی نیشتمانی دەکران. شاسوار چونکە سیاسییەکى پۆپۆلیستە، هەرگیز خاوەنی قسەکانی ڕابردووی نەبووە، ئەمەش وادەکات لە داهاتوودا رەوتەکەى توشى شکستی گەورە بکات، تەنانەت ئەو هێزە مرۆییەى لەناو رەوتەکەشیدایە، باوەڕیان بەو مۆدێلى کارکردنەى نامێنێت و متمانەى ئەوانیش و ئەوانەى لە رابردوشدا دەنگیان پێداوە لەدەست دەدات، مێژوو هەمیشە باشترین دادوەرە و ڕۆژێک دێت کۆمەڵگە بەیەکجارى گوێیەکانى بەرووى سیاسییە پۆپۆلیستەکان دادەخات.
فریاد شێخ رەسول