ئەو قەوارە سیاسی و دەستوورییەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، خەڵاتێک نییە پێمان بەخشرابێت، بەڵکو مێژوێك و قەڵایەکی پۆڵایینە کە بە خوێنی سووری هەزاران شەهیدی ڕێگای رزگاریخوازی گەلەكەمان هاتۆتەكایەوە كە هەمیشەجەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی بە سیاسەتە حەكیمانەكەی ئەم كیانەی زیاد لە چەندین جار لە داڕمان و لەناوچوون ڕزگاركردووە. ئەم کیانە بەرهەمی دەیان ساڵ خۆڕاگری، پێشمەرگایەتی و خەباتی چەقەسۆی نەتەوەیەکە کە لە پێناو پاراستنی شەرەف و ئازادیی مللەتەكیدا مەزنترین قوربانیی داوە. بۆیە، لە فەرهەنگی نیشتمانپەروەریدا، ئازادی و ڕزگاری خاک یەکسانە بە شەرەف، وە هەر جۆرە دەستبردنێک، کەمپێپەدانێک یان لێدوانێک بۆ تێکدانی پرسی قەوارەی هەرێم، نەک هەر تەنها هەڵەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو خۆكوژیە بەرامبەر بە پیرۆزیی خاک و خوێنی پاکی شەهیدانمان.
کێبڕکێی حزبی نابێت خاکی تێدا بکرێتە قوربانی ، مرۆڤ دەتوانێت سیاسی بێت، دەتوانێت لە لوتکەی ئۆپۆزسیۆنبووندا بێت و توندترین ڕەخنەی یاسایی و ئیداری لە شێوازی حوکمڕانی بگرێت؛ ئەمە مافێکی سروشتییە, بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ناکۆکی و ململانێ بگاتە ئاستی بێ بەهاكردنی كیانی یاسایی و سیاسی هەرێم كە بەدەستور چەسپێندراوە.نیشتمان ناسنامەیە، نابێت کاتێک ململانێی حزبی توند دەبێت، پرسی ڕووخان و لێکهەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم بکرێتە چەکێکی میدیایی بۆ فشار و دەستكەوتی وەزاری زیاتر.
سیاسیی ڕاستەقینە لە ناوخۆدا شەڕی چاکسازی دەکات، بەڵام کاتێک دێتە سەر پرسی مانەوەی هەرێم، دەبێتە قەڵایەک لە بەرگری، چونکە لێدانی بەردەوام لەم قەوارەیە تەنها ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی نەیارانی دەرەکی بە ئاسانی پەلی بۆ بهێنن و مەترسیی لەسەر دروست بکەن.
.
پەیامێک بۆ ئەوانەی مێژوویان لەبیر چووەتەوەو دەیانەوێ مێژووی ڕزگاریخوازی ئەم گەلە ستەم دیدەیان فەرهوود بكەن، لەسەروبەندی ئەم واقیعەدا، کاتی ئەوە هاتووە ئەو هێز و تاقمە سیاسییە ناوخۆییانە لە خەوی غەفڵەت بەئاگا بێنەوە و بەدەم پەیامە مێژوویەكەی سەرۆك بارزانی بێن و بەرپرسیارتییەتی مێژووی لەئەستۆبگرن وە سنوورێک بۆ لێدوانە بێباکەکان و دوور لە بەرپرسیارتیەكانیان دابنێن. سیاسەتی حەکیمانە و پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیەک، بە لایک و کۆمێنتی سۆشیاڵ میدیا و وروژاندنی دروشمی هەمەکی ناپێورێت. قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی چەند ناو و پارتێکی کاتی هەلتۆقیوی تازە نییە تا بیکەنە هۆکاری ململانێ، بەڵکو هێڵێکی سووری نەبەزاوە.
بۆ ڕاگرتنی ئەم پاشاگەردانییە و گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ دامەزراوە نیشتمانییەکان، پێویستە بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان كارابكرێتەوە؛ تا ببێتە قەڵغانی یاسایی و ڕاستەقینە بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئەم قەوارەیە. پاراستنی ئەم هەرێمە، پاراستنی ئەو شەرەف و ناسنامەیەیە کە بۆ هەمیشە لە دەرەوەی بازاڕی کێبڕکێی سیاسیدا دەمێنێتەوە.
چیا خورشید