ئێستا حکومەتی عیراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی هەڵمەتیکی دەستپێکردووە بۆ ڕاوەدوان و دەستگیرکردنی هەندێک ئەندامی پەرلەمان، بەرپرس، کەسایەتی سیاسیی و بازرگانان. ناوی ئەم هەڵمەتیان ناوە هەڵمەتی دژایەتی گەندەڵی. ئەوەی تاکو ئێستا دیارە، هەنگاوەکان زۆر سەرەتایین و هێشتا دیار نییە ئامانجی ڕاستەقینەی پشت ئەم هەڵمەتی چییە. هەرچەندە شەقامی عیراق، تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش، بە گەرمی پێشوازی لەم هەنگاوانە دەکات، بەڵام نابێت لە بیرمان بچێت کە دەکرێت ئامانجی ڕاستەقینە تەنها دژایەتی گەندەڵی نەبێت. بۆیە پێویستە زۆر بە وریاییەوە چاودێری بکرێت ئایا بەڕاستی حکومەتی عیراق مەبەستی ئەوەیە دژایەتی گەندەڵی بکات و هەوڵ دەدات گەندەڵکاران، دزەکان و ئەوانەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ سامانی گشتیی وڵاتیان تاڵان کردووە، رووبەرووی دادگا و یاسا بکاتەوە یان نا.
ئەگەر بەڕاستی ئامانج رووبەرووی گەندەلی بێت، بێگومان هەنگاوێکی زۆر گەورەیە و پێشوازیکراو دەبێت و گومانێکیش لەوەدا نییە کە زۆرینەی خەڵکی عیراق پشتیوانی لێ دەکەن.بەڵام، لە بیرمان نەچێت کە گومانی زۆر لەسەر ئەم هەڵمەتە هەیە و دەکرێت مەبەستی ئامانجێکی تر بێت، نەک دژایەتی ڕاستەقینەی گەندەڵی.
یەکەم، دەکرێت ئەم هەنگاوانەی حکومەتی زەیدی تەنها ڕیکلامێکی سیاسی بێت بۆ ئەوەی، وەک زۆربەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، جێگە و پێگەی خۆی لە ناو شەقامی عیراقدا بەهێز بکات، نەک هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی. دووەم، دەکرێت ئەم هەنگاوانە ئامانجیان تەنها لێدان بێت لە هەندێک ڕکابەری سیاسی ، نەک دژایەتی گەندەڵی. بە تایبەتی کە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی دەستیگیر کراون نزیکن لە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو لەوانەش محەمەد شیاع سوودانی. بۆیە دەکرێت ئەم هەنگاوانە سەرەتایەک بێت بۆ لاوازکردنی پێگەی سوودانی، نەک دەستپێکردنی ڕیفۆرمێکی ڕاستەقینە.
سێیەم، دەکرێت ئەم هەڵمەتە ئامانجی لێدانی بەشێک لە هێزە سوننییەکان بێت، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ڕوانگەی زەیدی بەربەستن لە بەهێزبوونی پیگەکەی و هاوپەیمانەکانی لە ناو پێکهاتەی سوننەکان.
چوارەم، زۆربەی ئەو کەسانەی تاکو ئێستا دەستیگیر کراون، کەسانێکن کە هێزی چەکداریان نییە و لە ڕووی سەربازییەوە پێگەیەکیان نییە. بۆیە دەکرێت ئەو پرۆسەیە تەنها ئەو کەسانە بگرێتەوە کە بێدەسەڵاتن یان هێزی چەکداریان نییە، بەڵام ئەوانەی هەم گەندەڵن و هەم چەکدارن، هێشتا کەس نەوێرێت ناویان بهێنێت. پێنجەم، تاکو ئێستا زۆربەی ئەو کەسانەی بە ئامانج کراون لایەنە سوننەکانن، لە کاتێکدا هیچ سەرکردەیەکی بەهێزی ناو پێکهاتە شیعەکان دەستیگیر نەکراوە. بۆیە مەترسی ئەوە هەیە ئەم پرۆسەیە تەنها دژی یەک یان دوو پێکهاتە بێت، وەک سوننە و کورد، بەڵام سەرکردە گەورەکانی پێکهاتە شیعەکان پارێزراو بن.
شەشەم، خودی زەیدی لە رابردوودا جێگای گومان بووە لە پرسی گەندەڵی. تەنانەت ماوەیەک ناوی لە لیستی رەشی ئەمریکادا هاتبوو بەهۆی گومان لە هەناردەی کرندی پارە بۆ ئێران. بۆیە ئەگەر زەیدی دژی گەندەڵیش بێت، دەکرێت هۆکارەکە ئەوە نەبێت کە کابرا باوەڕی بە دژایەتی گەندەڵی هەیە، بەڵکوو دەیەوێت تەنیا خۆی گەندەل بێت. واتە ئەو باوەری بە فرە گەندەلی نییە، بەلکوو باوەری وایە گەندەلیش دەبیت قورخ بکریت لە چوارچیوەی هەندیک کەسی دیاریکراودا. بوویە، لە هەر چاکسازییەکی ڕاستەقینەدا، یەکەم هەنگاو دەبێت لە خۆوە دەست پێ بکرێت.
بە گشتی، حکومەتی زەیدی حکومەتێکی زۆر لاوازە. هەر کاتێک هێزە شیعەکان هەست بکەن کە ئەو هەنگاوانە مەترسییە بۆ پێگە و بەرژەوەندییەکانیان، دەتوانن بە ئاسانی لە پەرلەمان متمانەی لێ بسەننەوە و ناچاریبکەن دەست لەکار بکێشێتەوە. بۆیە زۆر بە زەحمەت دەبینم ئەم پرۆسەیە مەبەستی چاکسازییەکی ڕاستەقینە بێت. تەنانەت ئەگەر ئەو مەبەستەشی هەبێت، ئەگەری زۆر هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەلایەن هێزە شیعەکانەوە ڕێگری لێ بکرێت. بۆیە باشترە زۆر گەرم نەبین و بریاری پیشوەختە نەدریت، بەڵکوو دەبێت چاودێری بکرێت بزانرێت هۆکار و ئامانجی ڕاستەقینەی پشت ئەم سیاسەتە چییە و تا چەند ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی هەیە. لە رابردوودا زۆر بازرگان و سیاسیمان بینیوە کە بە ناوی دژایەتی گەندەڵی هاتنە پێشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا تەنها بەرژەوەندیی خۆیان مەبەست بوو. بۆیە، لە ئێستادا هێشتا باوەڕێکی تەواوم نییە کە ئەم حکومەتە بتوانێت چاکسازییەکی ڕاستەقینە ئەنجام بدات.