دواین هەواڵ

لەنێوانی بێباكیی سیاسی و ڕۆحی نیشتیمانپەروەریدا

‌زكری موسا

21 کاتژمێر پێش ئێستا

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەداخەوە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم چووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و گاڵتەجاڕیانە. بەشێكی لایەنە سیاسییەكان كەوتوونەتە داوی هاتوهاوار و گوتاری عەوامفەریب و پۆپۆلیستانە. سادەكردنەوەی كێشە ئاڵۆزەكان و لێدوانی سەتحی و بازارییانە لەبەردەم مایكەكان، قسەكردنی بێ بەڵگە تەنیا لەپێناو ڕاكێشانی هەست و سۆزی جەماوەر، هەوڵدان بۆ لێكترازان و دابەشبوونی زیاتر لەناو خەڵك، زیندووكردنەوەی ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ و ناوچەگەرێتی، هاندان بۆ قووڵكردنەوەی ڕق لەنێوان كایەكانی كۆمەڵگە، شانازیكردن بە خوڵقاندنی قەیران و بە بنبەستگەیاندنی هەموو شتێك، ترساندن و نائومێدكردنی جەماوەر، هەر هەمووی بەشێكن لەو گوتارە بێباك و پۆپۆلیستییەی كە جەستەی هەرێمی كوردستان شەكەت و ماندوو دەكەن.

ئەو گوتارە كە هیچ ناسنامەیەكی سیاسیی ڕوونی نیە، تەنیا ڕەنگی ڕەشوسپی دەناسێت و هیچ پڕۆژەیەكی نیشتیمانی و جددی و ڕاستەقینەشی بۆ داهاتووی وڵات پێ نیە. گوتارەكە گوتاری بەها و پڕەنسیپ و پلان و ستراتیژی نیە، گوتارێكی سادەی سەودا و كڕین و فرۆشتن و درۆكردنە لەگەڵ دەنگدەر و هەوادارەكانی. بە دڵنیاییەوە هەر لایەنێكی سیاسییش بیەوێ بەدوای ئەو بازاڕە سەتحی و گاڵتەجاڕییەدا بكەوێت، دواجار ناسنامەی سیاسیی خۆی و دیتی بۆ ئاییندە و لێكدانەوەی بۆ پڕۆسەی سیاسی دەشێوێنێت و سەری لەخۆی و هەوادارانی تێكدەدات. تەنانەت ناچار دەبێت پشت لەو پڕەنسیپ و بنەما و دروشمانە بكات كە لەپێناوی دامەزراوە.

ئەزموونی سی و پێنج ساڵەی هەرێمی كوردستان سەرباری بوونی كەموكوڕی بەڵام ئەزموونێكی دەوڵەمەندە و تژییە لە فرەلایەنی و فرەڕەنگی. لەونێوەدا هەلپەرست و پۆپۆلیست و گاڵتەجاڕیی سیاسیش بۆیان ڕەخساوە گەشە بكەن و قسەیان هەبێت و تەنانەت ببنە هەڕەشەش لەسەر خودی ئەزموونەكە. ئێستا هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی ڕەنج و ئازار و تێكۆشانی دوورودرێژی ڕۆڵەكانیەتی بە قۆناغێكی زۆر هەستیار و یەكلاكەرەوەدا تێپەڕ دەبێت. هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان پڕن لە هەڕەشە و دەرفەت. دووركردنەوەی هەڕەشەكان و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكان لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستی بە باڵادەستبوونی دەنگی پەرۆشی و حیكمەت و ڕۆحی نیشتیمانپەروەرییە بەسەر ئاوازی بێباكی و بێ ڕوئیایی و خۆخۆریدا.

خەڵكی كوردستان دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە یەكێك لە پاكترین و شەفافترین هەڵبژاردنەكانی چوار دەیەی ڕابردوو، دەنگی خۆیان دا. بەشێكی لایەنەكان بە ئەنجامەكان ڕازی نین. بەشێكیان بە ئیستحقاقی ئینتیخابی خۆیان ڕازی نین، بەشێكیان خەون بە نەمانی هەرێمەوە دەبینن. ناكرێ چارەنووسی دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان لەو هەلومەرجە هەستیارەدا بدرێتە دەستی گوتاری گاڵتەجاڕانە و بێباكیی سیاسی. ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ دەنگدەر و ئەندام و لایەنگرانیاندا ڕاستگۆن با ڕێگە بدەن نوێنەرانیان بچنە پەرلەمان و لەوێ بڕیار لەسەر كۆی كێشەكان و چارەسەركردنیان بدەن. ئەگەر بڕوایان بە دیموكراسی و دەنگی دەنگدەرانیان هەیە، با لەوێ بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتەكان و وردەكاریەكانی تر و ستراتیژیی گشتیی حكوومەت بدەن. ئەمە نەخشەڕێگە دروستەكەیە و خۆسەپاندن و هاتوهاواری بەردەم مایك و شاشەكان و قووڵتركردنی لێكترازانەكان دەردی ئەو میللەتە چارەسەر ناكەت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP