جۆرج ئۆروێل، بەیەكێك لە رۆماننووسە هەرە دیارەكانی جیهان دادەنرێت، بەوەی هیچ رۆماننوسێك نەیتوانیوە وەكوو ئەو رۆمانی سیاسی بنووسێت، بۆیە هەمیشە رژێمە تۆتالیتار و دكتاتۆرەكان لێی ترساون و رۆمانەكانیان لە وڵاتی خۆیان قەدەغە كردوە. ئۆروێل، بەڕوونی باس لەو كەسایەتییانە دەكات، كە خەبات بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و عەدالەت دەكەن، بەڵام كاتێك دەخرێنە زیندانەوە، هەوڵی سیستەمی دیكتاتۆری بۆ ئەوەیە لە شكۆیان بدەن و بە پۆست و پارەیەكی خەیاڵی، لەبەر چاوی میللەت دەیانهێێنە خوارەوە.
لە رۆمانی ١٩٨٤، كە ستالین ئەو رۆمانەی لە یەكێتی سۆڤیەت قەدەغە كردبوو، چونكە بەڕوونی لەوێدا باس لەو سیستەمە تاریك و رەشەی ستالین دەكات كە لە یەكێتی سۆڤیەت دروستی كردووە، هەروەها رەخنەی لێدەگرێت و لێبووكی ئەو سیستەمە و ستالین و هاوشێوەكانی بۆ رای گشتی جیهان دەهێنێتە خوارەوە.
لەبارەی ئەوەی چۆن ئەو سیستەمانە شكۆی بەرپرسێك، یان كەسێك باس لە ئازادی و عەدالەت دەكات و خەڵكی لەدەور كۆ دەبێتەوە، چۆن وا بكات هاوكێشەكە پێچەوانە بكاتەوە و ئەمجارەیان ئەو كەسە لەبەر چاوی خەڵك بخات و نەفرەتی لێ بكەن.
نموونەی ئەوە دەهێنێتەوە، ئەوانەی ئیرادەیان بەرزە و دەخرێنە زیندانەوە جا بە هەر هۆكارێكی سیاسی بێت، ئامادە نین بۆ پۆست و پارە خۆیان بچووك بكەنەوە و شكۆی خۆیان لەكەدار بكەن، بۆیە یان لە زیندان دەپووكێنەوە، یان لە سێدارە دەدرێن، بەڵام ناویان دەچێتە مێژوو و نەوە دوای نەوە وەكوو پاڵەوان ناویان دەهێنن و دەبنە ئیلهام بەخش بۆ شۆڕشگێڕان، بۆ نموونە گیڤارا و ماندێلا.
بەڵام بەدیدی ئۆروێلەوە، سیستەمی دیكتاتۆری نایەوێت ئەو كەسایەتییانە لە سێدارە بدات، یان دوای دەیان ساڵ زیندانی ئازادیان بكات، چونكە ئەوان وەكوو پاڵەوان ناویان دەچێتە مێژوو، ئەو سیستەمە دەیەوێت ئەوان وەكوو نەفرەتلێكراوی گەل، یان خاین ناویان بچێتە مێژووەوە، بۆ ئەمەیان لەناو زیندان بە پێدانی پارە و پۆستی باڵا، لەخۆیانیان نزیك دەكەنەوە.
ئەو زیندانییە، ئەگەر ئیرادەی لاواز بێت و ئاستی نزم بێت بۆ پارە و پۆست، هەر لە سەرەتاوە دروشمی ئازادی و عەدالەتی بەدرۆ و هەڵخەڵەتاندنی میللەت بەرز كردبێتەوە، هەرزوو رازی دەبێت لە پاڵەوان و خەباتگێڕەوە ببێت بە خاین و نەفرەتلێكراو، بۆیە بەنهێنی پارە و پۆست وەردەگرێت و لەزیندان دەهێنرێتە دەرەوە، ئەمەش ئامانجە گەورەكەی سیستەمی دیكتاتۆرییە.
ئۆروێل، لە رۆمانی ١٩٨٤دا، باس لەوە دەكات، ئەو كەسانەی ئیرادەیان لاوازە و لە زیندان شكۆیان شكێنراوە و لاوازن بەرامبەر بە پارە، دەكەونە بەر نەفرەتی گەل و مێژوو لێیان خۆش نابێت و وەكوو نموونەیەكی خراپی لەمێژووی سیاسیدا ناویان دەهێنرێت.
لەمێژووی خەباتی كورددا، هەزاران نموونە هەن، كە زیندانیانی سیاسی نەیانهێشتووە شكۆیان بشكێت و ئامادە نەبوونە بۆ پارە و پۆست، بەر نەفرەتی میللەت بكەون، بۆیە ناویان چووەتە مێژوو و نەوە دوای نەوە بەڕێزەوە سەریان دەكەن، بەڵام بەداخەوە كەمیش نین ئەوانەی شكۆیان شكێنرا و بۆ پارە و پۆست، پشتیان لە دۆزی میللەت و داوا رەواكەی كرد.