دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان؛ لە ناوچەیەکی ئاڵۆزدا چۆن هەولێر بووەتە ناوەندی دیپلۆماسی و سەقامگیری؟

‌فرسەت سەید شوكر

9 کاتژمێر پێش ئێستا

خوێندنەوەی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێمان دەڵێت کە ناوچەکە بەردەوام لەسەر لێواری گۆڕانکاری و تەنگژەدایە. لەناو ئەم ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەدا، مانەوە نەک هەر کارێکی قورسە، بەڵکو گەشەکردن و بوون بە ئەکتەرێکی کاریگەر، پێویستی بە ئەندازیارییەکی وردی سیاسی هەیە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە کە تەنیا بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات، بەڵکو (هەولێری پایتەخت) بووەتە سەنتەرێکی بەهێزی بڕیاردان و خاڵی یەکلاکردنەوەی زۆرێک لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و عێراق.

لە زانستی سیاسەتدا، کاتێک باس لە "تیۆریی هاوسەنگیی ستراتیژی و دیپلۆماسییەتی ژیرانە" (Strategic Balancing & Smart Diplomacy) دەکرێت، مەبەست لێی ئەوەیە کە هێزی قەوارەیەک تەنیا بە پێوەری سەربازی ناپێورێت، بەڵکو بەو توانایە دەپێورێت کە چۆن دەتوانێت لەناو یەکتربڕینی بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا، خۆی بکاتە پێویستییەکی حەتمی بۆ ئاشتی و سەقامگیری. 

سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان.

پایەی سەرەکیی ئەم جیۆپۆلەتیکە بەهێزە، ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو دیدگا واقیع‌بینانەیەی سەرۆک مەسعود بارزانییە. ستراتیژیی سەرۆک بارزانی لەسەر بنەمایەک داڕێژراوە دەبێت ئامانجی کۆتایی سیاسەت، دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و ئارام بێت کە تێیدا هاووڵاتیانی کوردستان و عێراق بتوانن بە خۆشگوزەرانی بژیەن. 
ئەم تێڕوانینە وایکردووە هەولێر ببێتە چەترێک نەک تەنیا بۆ چارەسەری قەیرانە چەقبەستووەکانی بەغدا، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی ئیلهام و مەرجەعێکی ئاشتیخوازانە کە لێرەوە هەوڵی هێورکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەدرێت، دوور لە هەر گوتارێکی توندڕەوانە.

دیارترین بەڵگە بۆ سەلماندنی هێز و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان، ئەو ترافیکە دیپلۆماسییە چڕەیە کە ڕوو لە پایتەخت دەکات. کۆبوونەوەکانی دوێنێێ دواییەی (تۆم باراک)  نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سوریا، لەگەڵ سەرۆک بارزانی و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی گەورەی لەپشتە.

 ١. کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەر و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان، سەلمێنەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی جێی متمانە لە ستراتیژیەتی زلهێزەکاندا ئامادەیی هەیە و پارێزگاری لە پێگەی خۆی دەکات.

 ٢. ئەم جۆرە لێکتێگەیشتنانە دەرفەتێکی زێڕینن بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەزموونی نێودەوڵەتی، سیاسەتێکی ئابووریی تۆکمەتر دابڕێژێت. 
هاندانی وەبەرهێنانی بیانی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەشێکی سەرەکین لە ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە.

 ٣. هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوت و وزەدا یاریزانێکی عەقڵانییە. لەبری ئەوەی وزە ببێتە سەرچاوەی کێشە، هەرێم کردوویەتییە پردێک بۆ بەستنەوەی بەرژەوەندییەکان. گفتوگۆکان لەگەڵ باراک، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت سیاسەتە هاوسەنگەکەی لە بازاڕی وزەدا بپارێزێت و بەردەوام بێت لە دابینکردنی سەقامگیریی ئابووری.

وەک دەرەنجامێکی لۆژیکی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوی گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی کە دابینکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکێشەیەکە بەبێ بەشداریی هەرێمی کوردستان تەواو نابێت. 

وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی جیهان پێویستییەکی زۆریان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەولێر هەیە، چونکە قەوارەیەکی بەهێز، سەقامگیر و ئابوورییەکی گەشەسەندوو لە کوردستان، مەرجی سەرەکییە بۆ ئارامیی عێراق و تەواوی ناوچەکە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP