یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکانی تیۆری ڕیالیسم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، ئەوەیە کە "دەوڵەت" بە "یاریکەری عەقڵانی" پێناسە دەکات. لەم گریمانەیەدایە کە هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت "عاقڵانە"تر لە یاریکەرەکانی دیکە دەبینرێت. لە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانیدا، بۆ پێناسەکردنی هەڵسوکەوتی دەوڵەتێک کە ئایا عاقڵانەیە یان نا، چاو لە درئەنجامی هەڵبژاردنەکە ناکرێت. مادام ڕیالسیم دەڵێت "دەوڵەت یاریکەری عەقڵانیە"، تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی" سەرەتا هەر بەوجۆرە چاو لە دەوڵەت دەکات. بەڵام بۆ ئەوەی بڕیارێک هەڵبسەنگێنێت، پەلە ناکات و خێرا ناڵێت مادام "دەوڵەت یاریکەری عەقڵانیە"، ئیتر هەموو بڕیارەکانی عاقڵانیە. ئەم تیۆریە دەڵێت بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێک، دەبێت سەرەتا لەوە تێبگەین کە چۆن بڕیارەکە دەدرێت، پرۆسەی بڕیاردانەکە چۆنە و لە کۆتاییدا کام تیۆری بەنرخی سیاسەتی نێودەوڵەتی بەکارهاتووە بۆ بڕیارەکە. واتە پرۆسەکە چاولێبکەین. دەوڵەتێک دەتوانێت بڕیارێکی گرنگ لەوانە شەڕ یان ئاشتی بدات، لە کۆتاییدا شکست بهێنێت لە ئامانجەکانی، بەڵام بڕیارەکەی عەقڵانە بووبێت. بیهێننە پێش چاوتان، دەوڵەتێک بڕیار دەدات بچێتە شەڕی دەوڵەتێکی دیکەوە، لە شەڕەکەدا دەدۆڕێت، خێرا هەمووکەس دەڵێن بڕیارێکی عاقڵانە نەبوو. بەڵام تیۆری بڕیاردانی عاقڵانە بەوجۆرە چاو لە بابەتەکە ناکات-ئەوەی گرنگە، سەرەتا و دەستپێکی بڕیارەکەیە، نەک درئەنجامی بڕیارەکە.
ئێران بڕیاری دا بۆ یەکەمجار پێشدەستی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکات، دواجار ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد و دواتر ئەمریکا دەستی بەهێرشکردن بۆ سەر ئێران کرد و هەڕەشەی بەردەوامی هێرشەکان دەکات. ئێستا بەکەڵکوەرگرتن لە تیۆری هەڵبژاردنی عەقڵانی چاو لەو بڕیارەی ئێران بکەین، دەتوانین بزانین ئایا ئێران بەهێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بڕیارێکی عاقڵانی دابوو یان نا.
بۆ ئەم مەبەستە، دەبێت سەرەتا لە دۆخی ئێران بکۆڵینەوە، کە بریتە لە هەبوونی وەهمێک بەناوی "سەرکەوتن لەپێش ئەمریکا و ئیسرائیل"دا. هاوکات گەیشتن بە درئەنجامێک لە لایەن ئێرانییەکانەوە، کە "ئێران چوارەم جەمسەری هێزی جیهانە". ئەم ئارگیۆمێنتانە لە لایەن دامودەزگا و بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە هەمووکات دووبارە دەبێتەوە و باوەڕیان بەوە کردووە کە ئەوان "جەمسەرێکی نوێی" هێزن دوای ئەمریکا، چین و ڕووسیا. لاوازی ئەم ئارگیۆمێنتە لەوەدایە کە "جەمسەر" لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەوجۆرە پێناسە دەکرێت: دەوڵەتێک کە خاوەن ئابووریەکی بەهێز و دانیشتوانێکی زۆر بێت. ئێران خاوەن ئابووری بەهێز و دانیشتوانی زۆر نییە. ئەمە سەرەتا کێشەی تیۆرییەکەی. دواتر ئێرانییەکان دەڵێن "چوارەمین جەمسەری جیهانین"، لەکاتێکدا هاوکات دەڵێن "دوای ئەمریکا، چین و ڕووسیا". مادام دوای ئەمریکا خۆیان بە هێزی گەورە پێناسە دەکەن، چۆن هاوکات دەتوانن بڵێن "ئەمریکا [و ئیسرائیلمان] شکست پێهێنا". ئەمەش یەکێکی دیکە لە پارادۆکسە گوفتمانییەکانیان.
لەم ئاراستەیەدایە کە ئێران بیر لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەکاتەوە و لە مێشکی خۆیاندا دەڵێن "واقعێکی نوێ [نەزمێکی نوێ] دروست دەکەین". کەواتە ئێران بە تیۆری دروست و بەنرخ هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی خۆی نەکردووە لە کاتی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل. بۆیە هەم درئەنجامی هێرشەکەی بوو بە بەڵایەکی نوێ بۆ گیانی خۆی، هەمیش بڕیارەکەی بڕیارێکی عاقڵانی نەبووە. ئێستا ئێران ماوەتەوە چۆن ئەم کێشانە چارەسەر بکات. ئێران ئێستا لە نێوان شەڕێکی گەورە بۆ سەر سەرخان و ژێرخانی دەوڵەتەکەی یان تەسلیمبووندایە. درێژەی دۆخەکەش، دووبارە هەر بەزیانی ئێرانە!