دواین هەواڵ

چۆن و بۆچی عەلی زەيدی لەم کاتەدا دەرکەوت؟

‌رەنج نەوزاد

24 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەيدی گەنجێکی ملياردێر و لە خێزانێکی دەوڵەمەندی زيقارە، لە چەندين بواردا وەبەرهينان و کار دەکات، هەر لە زانکۆ و بواری پزيشکی تا دەگاتە بانک و بازرگانی و خواردەمەنی و ڕاگەياندن. زەيدی بە حوکمی بوارەکانی کارکردن و داهاتەکەی و دەرەفەتەکانی، روونە کە بەشێکە لەو تۆڕە ئابووری و گەندەڵييەیی لە عيراقدا هەیە، ئەو تۆڕەی کە تيايدا پارە پيوەری سەرەکييە. لەوێدا ململانێی حيزبی و مەزهەبی و ئايدۆلۆژی و نەتەوەیی کاڵ دەبێتەوە، لەو تۆڕەدا کەسایەتی وحيزبەکانی شيعە و سوونە و کورد هەن. بۆیە پەيوەندييەکانی عەلی زەيدی، تا ئێستا، لەگەڵ هەمووان باش و ئاساییە. دەوترێت خەميس خەنجەر وحلبوسی هاوبەشی زەيدين لە بەشێک لە بازرگانييەکانی. یەکێک لەو بانکانەی کە زەيدی پشکی تیا هەیە، لە لایەن ئەمريکاوە سزادراوە بە تۆمەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ سوپای پاسداران. لە ئيمارات وەبەرهێنانی هەیە، لە ڕێگەی خەنجەر و حلبوسی دەکرێت جێی متمانەی تورکيا و سعوودييە و قەتەر بێت. ئەمريکا و ئێران پشتگيری کانديدبوونی دەکەن. ئەم پەيوەندييە باشە لەگەڵ هەمووان هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکە لە تۆڕە بازرگانی و ئابوورييەکەی عيراق، بەڵام کاتێک دەبێتە بەشێک لە تۆڕە سياسی و حوکمدارييەکە، لەوانەیە بەو شێوەیە نەمێنێتەوە.

پرسيار ئەوەیە ئایا عەلی زەيدی کە حيزب و ئەندام پەرلەمانی نييە، چۆن کانديد کرا بۆ سەرۆکی حکومەت؟ واتە، چۆن و کێ هێنایە ناو مەيدانی سياسەت؟ بە پێی سەرچاوە عيراقييەکان، تا ڕادەیەک هاودەنگييەک هەیە کە عەلی زەيدی بە هۆی فایەق زێدانەوە هێنراوە و کراوە بە کانديد بۆ سەرۆک وەزيران. دەوترێت زەيدی یەکێکە لە باڵە گرنگەکانی فایەق زێدان لە بواری ئابووری و بازرگانی. لەم هاوکێشەیەدا زێدان گرنگترە و بزوێنەری ڕووداوەکەیە، زەيدی تەنيا ئامرازێکە بە دەست فایەق زێدان.

فایەق زێدان کێيە و چ پێگەیەکی لە گۆڕەپانی سياسی ئەمڕۆی عيراقدا هەیە؟
بۆ ناسينی پێگە و ڕۆڵی فایەق زێدان پێويستە بگەڕێينەوە بۆ دەوروبەری ٢٥ ساڵ پێش ئێستا. لە ٢٠٠٢ کاتێک لە چوارچێوەی ئامادەکارييەکانی ئەمريکا بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام، چەندين ليژينە و بەرنامە و پلان دانرابوو بۆ درووستکردنی ڕژێمی نوێ لە عيراقی پاش سەدام. ئيدارەی جۆرج بۆش ئەو کات، جياواز لە ئيدارەی تڕەمپ، پێش جەنگەکە بڕياری یەکلاکەرەوە و ئاشکرا و فەرمی  دابوو کە ڕژێمی سەدام دەڕوخێنن. یەکێک لەو پلان و بەرنامانە تايبەت بوو بە لایەنی یاسایی و دەسەڵاتی دادوەری عيراق، یەکێک لە ئەندامەکانی ئەو ليژنەیە، پارێزەرێک بوو بە ناوی سەرمەد سەراف، لەدايکبووی ئەمريکایە و لە باوکێکی فەڵەستينی و ودايکێکی عيراقي. خاڵێکی، برای دايکە عيراقييەکەی، مەدحەت مەحمود بوو. مەدحەت لە ساڵانی شەشتەکانەوە لە بواری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری عيراق کاری دەکرد، لەسەردەمی پێش ڕووخانی سەدام سەرۆکی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت بوو. سەرمەد سەراف توانی مەدحەت مەحمودی خاڵی لای ئەمريکييەکان خۆشەويست بکات و قبوڵی بکەن بە مانەوە لە دەسەڵاتی دادوەری عيراقی پاش سەدام. هەر بۆیە مەدحەت لە عيراقی نوێ بووە کەسی سەرەکی لە دەسەڵاتی دادوەری و ڕۆڵی سەرەکی بينی لە پێکهێنانی ئەو دامەزراوەیە. لە دوای ٢٠٠٥ەوە تا ٢٠١٧ دەبێتە سەرۆکی دادگای باڵای فيدراڵ  و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عيراق لە یەک کات. لە ٢٠١٧ پاش دەرچوونی یاسایەک تايبەت بە جياکردنەوەی ئەو دوو پۆستە لەیەکتر، بووە سەرۆکی دادگای باڵا هەتا ساڵی ٢٠٢١ و خانەنشين کرا. مەدحەت لە کاتی سەداميش پلەی باڵای هەبوو لە دەسەڵاتی دادوەری، زۆر کات تۆمەتبار دەکرێت بەوەی درووستکراوی سەدامە و بەعسييەکی ڕاستەقينە بووە، گوایە جارێکی وتویەتی بەيعەتی ئەبەدی دەدەمە سەدام، هاوکات وتویەتی پێويستە جۆرج بۆش لە سەدامەوە فێری ديموکراسی بێت. لە دوای ٢٠١٠ ليژنەی لێپرسينەوەی عيراق ويستيان لێپرسينەوەی لەگەڵدا بکەن بە تۆمەتی بەعسيبوون، بەڵام لەبەر هەژموونی بەسەر سيستەمی دادوەری و پەيوەندييە نزيکەکانی لەگەڵ نووری مالکی، نەتوانرا هيچی بەرانبەر بکەن. 

یەکێک لەو کەسانەی کە مەدحەت متمانەی پێ هەبوو و هەميشە هاوکاری دەکرد بۆ بەرزبوونەوە لە دەسەڵاتی دادوەری عيراق لە دوای ٢٠٠٣، بە  خوێندکار و پياوی مەدحەت دادەنرێت، فایەق زێدانە. زێدان خۆشی دادوەرێکی گەنج بوو لە سەردەمی سەدام. ئەويش گومان و تۆمەتی بەعسيبوونی لەسەرە. پەيوەندی و نزيکایەتی زۆری نێوان مەدحەت و مالکی، بووە هۆکاری سەرەکی کە فایەق زێدان بە خێرایی بەرز ببێتەوە. بۆ نموونە پاش چوار ساڵ لە ئەندامبوونی لە دادگای تەمييز، دەبێتە سەرۆکی دادگاکە لە ٢٠١٦ لە تەمەنی ٤٩ ساڵی، دەڵین ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی دادوەری عيراقدا شتی وا ڕووبدات، بەو خێرایی و بەو تەمەنەوە. لە ٢٠١٧ بە پێی یاسایەک سەرۆکی دادگای تەميز دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریش، واتە لەو کاتەوە تا ئێستا زێدان سەرۆکی هەردوو دادگاکەیە. چەندين تۆمەتی لەسەرە لە بەکارهێنانی یاسا و دادوەری دژ بە نەيارەکانی و لەبەرژەوەندی ئێران، بۆ نموونە تۆمەتبار دەکرێت بە داهێنانی "الثلث المعطل" لەبەرژەوەندی بەرەی ئێران. ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بڕيارەکانی دژ بە هەرێم. هەتا پێش چەند ساڵێک سەر بە بەرەی مالکی بوو، بەڵام وردە وردە کەوتە کێبرکێ لەگەڵيدا، لە ناوەندە عيراقييەکان پێی دەڵێن کێبرکێ لەسەر سەرکردایەتی دەوڵەتی قووڵ لە عيراق. زێدان هەوڵی دەدا شوێنی مالکی و تەنانەت چوارچێوەی هەماهەنگی بگرێتەوە لای ئێران، هەندیک پێی دەڵین پياوەکەی ئێران لە دەسەڵاتی دادوەری عيراق. شایەنی باسە فەرمانی دەستگيرکردن بۆ تڕەمپ لە لایەن دادگای عيراقیەوە لەسەر کووشتنی قاسم سلێمانی  و ئەبو مەهدی موهەنديس، لە لایەن فایەق زێدانەوە دەرچووە. ئەو قاسم سلێمانی  و موهەنديس بە برای خۆی وەسف دەکات. لە ٢٠٢٤ لە کۆنگرێسی ئەمريکا پڕۆژەیەک هەبوو بۆ سزادانی فایەق زێدان بە هۆی پەيوەندی و نزيکایەتی لە ئێرانەوە، لە لایەن مايک واڵتز-ەوە پێشنيارکرابوو.

 زێدان لە ڕێگەی یاسا و دامەزراوەی دادوەرييەوە، بە ئەندازەیەک دەسەڵات و هەژموونی هەیە کە چەند جارێک داوای لێکراوە خۆی کانديد بکات بۆ سەرۆک وەزيران، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە. لە ناو شيعەکان، خەزعەلی و حەکيم نزيکن لێيەوە، لەناو سوونەکان خەنجەر و حلبوسی، لەناو کورد یەکێتی. هەر ئەو بەرە تێکەڵە دژی کانديدکردنی مالکی بوون کە لە لایەن زێدانەوە بە نا فەرمی و شاراوەیی ئاڕاستە دەکرێت. هەر بۆیە سەرەتا پارتی لەگەڵ مالکی ڕێککەوت و سەرکەوتوو نەبوون، هەر زێدان ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەيمانی سەدر و بارزانی و حلبوسی لە ساڵانی ڕابوردوو. سەدر چووە دەرەوەی پڕۆسەکە، حلبوسی نزيک بووەوە لە زێدان، بارزانی لە نێوان تەسليمبوون و نيگەرانی بەرانبەر زێدان ماوەتەوە. 

چۆن و بۆچی عەلی زەيدی هێنرایە ناوەوە لە لایەن زێدان-ەوە؟

زێدان لەگەڵ زەيدی و بنەماڵەی زەيدی دەمێکە یەکتر دەناسن و پەيوەندييان هەیە، بنەماڵەی هەردووکيان خەڵکی زيقارن. زێدان لەبەر پلە و پۆستەکەی، خۆی بەدوور دەگرێت لە تێوەگلانی ئاشکرا لە بواری بازرگانی و تاڵانی، بۆیە لە ڕێگەی کەسانی ترەوە ئەو کارە دەکات. یەکێک لەو کەسانە عەلی زەيدييە. گومان زۆرە کە زێدان لە ڕیگەی حلبوسی و سعووييە و تورکيا و تۆم باراک-ەوە تڕەمپ-ی ڕازی کردووە بەوەی دژی کانديدبوونی مالکی بوەستێتەوە. پاشان بە شاراوەیی و نا فەرمی عەلی زەيدی، وەک پياوێکی خۆی، کانديد دەکات. چونکە زەيدی لە ناوەندی سياسی نەبووە، هەمووان پەيوەندييان باش و ئاساییە لەگەڵی، ڕاستە زەيدی لە ميديا و بۆ خەڵک ناسراو نەبووە و زۆربەی سياسيەکانيش چاوەڕوان نەبوونە ئەو ببێتە کانديد بۆ سەرۆک وەزيران بەڵام لە ناوەندی سياسی دەيانناسی بە هۆی کارە بازرگانييەکانی و کارکردنی لەگەڵ حيزب و بەرپرسەکان. لە لایەن شيعە و سوونە و کوردەوە قبوڵکراوە. هاوکات، جێگای ڕەزامەندی ئێرانيشە، چونکە پەيوەندی بازرگانی و بانکی هەبووە لەگەڵ پاسداران و حەشدی شەعبی. دەوترێت شبل زەيدی، سەرۆکی کەتائيبی ئيمام عەلی، کە لەژێر فەرمانی سوپای قودسە، ناسياو و خزمی عەلی زەيدييە. بە پێی هەندێک سەرچاوەی عيراقی، تاکە رێگری لەبەردەم زێدان بۆ کانديدکردنی زەيدی لە سەرەتادا، سەفارەی ئەمريکا بووە لە عيراق، ئەوان پێيان وتوە یەکێک لە بانکەکانی زەيدی لە ژێر سزای ئەمريکایە بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ ئێران، چۆن دەبێت بکرێتە سەرۆک وەزيرانی عيراق لەم کاتەدا. هەر بۆیە زێدان، ڕوون نييە جارێ چۆن و لە ڕێگەی کێيەوە، تۆم باراکی ڕازی کردووە بە عەلی زەيدی و پاشان باراک لۆبيەکی باشی بۆ کردووە لای تڕەمپ. دواتر تڕەمپ پشتگيرييەکی ئاشکرا و زۆری زەيدی کرد و وتی خۆم هاوکاريم کردووە. لە دۆخیکی وادا سەفارە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمريکا جگە لە پيرۆزبایی هيچی تریان پێ ناکرێت و ناوترێت. زێدان زيرەکانە، کانديدێکی هێنا کە لە گۆڕەپانی سياسەتدا نەبووە، سەر بە هيچ حيزب و لایەنێک نەبووە، ئەمەش وا دەکات ئەمريکا و ئێران و بەرەکانی ناوخۆش قبوڵی بکەن. 

مەرجی ئەمريکا و تۆم باراک بۆ زێدان و زەيدی ئەوەیە کە دەبێت ميليشياکانی ئێران لە عيراق دووربخاتەوە لە حکومەت و چەکيان بکەن. وا دەردەکەوێت زێدان بەوە ڕازی  بووە، یاخود بەڵێنی داوە کە هەوڵدەدات. ئەم داواکارييەیی ئەمريکا و ئەو بەڵێنەی زێدان، لە ڕوویيەکەوە نا لۆژيکييە و بەڵام لە ڕوویەکی ترەوە دەکرێت لۆژيکی بێت. نا لۆژيکييە بە پياوەکەی ئێران لە دەسەڵاتی دادوەری عيراق و هاوپەيمانی خەزعەلی و، بە زەيدی کە بانکەکەی لەژێر سزای ئەمريکایە بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران... بوترێت دەبێت دەستی ئێران لە عيراق ببڕن یان لاوازی بکەن. لە ڕوویەکی ترەوە لۆژيکييە، چونکە زێدان، هاوشێوەی مەدحەتی مامۆستای و مالکی کۆنە دۆستی، کەسێکی وەلائی و ئايدۆلۆژيست و خاوەن پرنسيپی نەگۆڕ نييە، هەر وەک چۆن مەدحەت لە پلە باڵایەکی بەعسييەوە بووە پلە باڵایەکی عيراقی ژێر هەژموونی ئێران، چۆن مالکی سەردەمێک شان بە شانی ئەمريکا شەڕی لایەنگرانی ئێرانی دەکرد لە عيراق و پاشان خۆی کردە سەرکردەیەکی باڵای بەرەی مقاوەمە، زێدانيش بە هەمان شێوە، لە بەعسيەکەوە بووە پياوی ئێران، دەکرێت ببێتە پياوی ئەمريکا دژ بە ئێران. بەڵام ئەمە بە مەرجێک دەببێت ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕوخێت یاخود گورزی تری لێ بدرێت بە ئەندازەیەک کە توانای دەستێوەردانی لە عيراق نەمێنێت. ئێران لە سوريا بە تەواوی وای لێ هاتووە، لە لوبنان تا ئەندازەیەکی زۆر، ڕوون نييە لە عيراق چۆن دەبێت. 
وا ديارە زێدان وەک ئەگەرێک دايناوە ڕژێمی ئێران لەوانەیە بڕوخێت، چ ئەمساڵ یان لە ساڵانی داهاتوو. لە گريمانەیەکی وا، ئەوا ئەمريکا ڕۆلی سەرەکی دەبينێت لە عيراق، ئەو کات زێدان خۆی بە ڕابەری پڕۆسەکە، وەک جۆلانی، دادەنرێت. بۆیە ڕازی بوون بە داواکارييەکەی ئەمريکا، یان ڕەتنەکردنەوەی، دەکرێت ئەوە هۆکارەکەی بێت. 

ئەگەر ئێران نەڕوخێت، ئەوا زێدان داواکارييەکەی ئەمريکا پشتگوێ دەخات و کات دەکووژێت یان هەندێک هەنگاوی ڕەمزی دەنێت بۆ خۆ دوورخستنەوە لە سزا. بێ گومان هەر وەک چۆن زێدان کۆمەڵێک قسە و بەڵێنی داوە بە ئەمريکا کە بە دڵی ئەمريکا بووە، لەگەڵ ئێرانيش هەمان شتی کردووە کە بە دڵنيایەوە ئێران متمانەی زیاتری پێ هەیە و چەندين ساڵە پياوی خۆیەتی. 
ئەوەی ئەمريکا داوای دەکات، بە بێ ڕووخانی ئێران، یان وێرانکردنی بە شێوەیەکی گەورە، ئەستەمە بێتە دی لە عيراق. ئێران سنووری بە سوريا و لوبنانەوە نييە، لە عيراقدا سنوورێکی درێژی هەیە، بۆیە بە بێ ڕووخانی ڕژێم زۆر قوورسە لە عيراق دەستی ببڕێت و لاواز بکرێت. هاوکات، لە سوريا ڕژێمی ئەسەد ڕووخا بۆیە ئێران دەرکرا، لە لوبنان حيزبوڵا پێکهاتەیەکی سەرەکييە نەک دەوڵەت، بەڵام عيراق وەک دەوڵەت سەر بە ئێرانە، واتە دەوڵەتی عيراق وەک حيزبوڵایە بۆ ئێران، نەک وەک لوبنان. 

لەم قۆناغەدا هەتا یەکلابوونەوەی پرسی ئێران، زێدان و عەلی زەيدی کارێکی قوورس و ئاڵۆزیان لە پێشە، نە دەبێت بەڵێنەکەی خۆیان بە ئەمريکا بشکێنن، نە بەڵێنەکەیان بە ئێران. چونکە هەردوو دەوڵەت دەتوانن کێشە و قەيرانی گەورە درووست بکەن. زێدان و زەيدی هەردووکيان مەلەفيان لای ئەمريکا هەیە کە پياوی ئێرانن، دەبێت پێچەوانەکەی بسەلمێنن. ئێرانيش وەک پياوی خۆی سەيريان دەکات و دەبێت بەردەوامی بەوە بدەن. 

لەم قۆناغەدا کە ڕوون نييە چی دەبێت، وا باشترە هەرێم (پارتی) پەيوەندييەکی ئاسایی و باش لەگەڵ زەيدی درووست بکات و هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی موچە بدات. چونکە لەم کاتەدا، زەيدی پشتگيرييەکی هەمەلایەنی هەیە، پياوێکی ئێرانە و تڕەمپ بە کانديدی خۆی دەزانێت. زۆربەی شيعە و سوونەکان پشتگيری دەکەن، یەکێتی و حيزبە کوردييەکانی تر بە هەمان شێوە. پارتی پێويستە لە گۆڕانکارييەکانی عيراق تێبگات، ئامراز و لایەن و کەسەکان گۆڕاون، لە کازمييەوە کۆمەڵێک ڕوخساری نوێ و گەنج هاتوونەتە گۆڕەپانەکە، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم نەوە تازەیە، جياوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەوە کۆنەکە، سروشتی پەيوەندييەکان و ئامرازەکان گۆڕاون. ئەم چەقبەستوو بێ ئاگایەیی پارتی لە هاوکێشەکانی بەغدا، هەرێمی تەواو لاواز و پەراوێز کردووە. بەڵگەیەکی ئەو بێ ئاگاییە ئەوە بوو پارتی لەم کاتەدا چوو لەگەڵ مالکی کە پێشتر دووژمنی یەکتر بوون، رێککەوت، هۆکارەکە ئەوەیە پارتی تەنيا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ نەوە کۆنەکە، مالکی و عەلاوی و سەدر... بکات، نەک کازمی و سودانی و زەيدی و حلبوسی... قۆناغی داهاتوو ڕوون نييە چی ڕوودەدات، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە پێويستە لەگەڵ ئەو نەوە تازەیە مامەڵە بکرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP