لە جیهانێکی پڕ لە ململانێ و لە ناوچەیەکدا کە بەردەوام لەسەر لێواری تەقینەوەی
سیاسی و سەربازییە، هەرێمی کوردستان توانیویەتی وەک کارەکتەرێکی ژیر و کاریگەر
خۆی بپارێزێت و پێگەی خۆی لە نەخشەی سیاسیی جیهاندا بەهێزتر بکات. پاراستنی
قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناو دڵی ئاڵۆزییەکاندا، بەرهەمی تێگەیشتنێکی
قووڵە بۆ هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی دیپلۆماسییەتە وەک قەڵغانێکی
پتەو.
سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە بە دۆخێکی ناسەقامگیر و ناهەمواردا تێدەپەڕێت و کڵپەی ئاگری
جەنگەکان گەیشتوونەتە نزیکترین سنوورەکانمان، بەڵام ئەوەی جێگەی بایەخ و
دەستخۆشییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بە سیاسەتێکی عاقڵانە و
دووربین، خۆی لەم پشکۆیانە بپارێزێت، کە
دەرەنجامی کارنامەی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە
سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی.
سەردانە دیپلۆماسییە گرنگەکانی سەرۆکی حکومەت بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بە تایبەت بۆ
دەوڵەتی ئیمارات و تورکیا، وەرچەرخانێکی گرنگ بوون لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی
هەرێمدا. ئەم هەنگاوانە نیشانەی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان خاوەن دیدگایەکی ڕوونە
بۆ داهاتوو؛ دیدگایەک کە جەخت لەسەر سەروەرییەکی بەهێز و ئابوورییەکی کاریگەر
دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا پاراستنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ
لە بەغدا بە بنەمایەکی سەرەکی دەزانێت.
مەسروور بارزانی هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان نەک تەنها لایەنێکی
ململانێ نییە، بەڵکو سەنتەرێکی گرنگی چارەسەری و دیالۆگە. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست و زلهێزەکانی جیهانیش بە گرنگییەوە لەم ڕۆڵە دەڕوانن.
وەک چۆن زاناکانی بواری سیاسەت ئاماژەی پێ دەدەن؛ "دیپلۆماسییەت یەکەم هێڵی
بەرگرییە بۆ هەر قەوارەیەک کە بییەوێت لە ناو گەردەلوولەکاندا بمێنێتەوە."
هەرێمی کوردستان بە کردەیی ئەم تیۆرییەی سەلماندووە. ئێمە لە کاتێکدا داوای ئاشتی
دەکەین، کە ئامادەی بەرگریین لە مافە دەستوورییەکانمان. پاراستنی هەرێم لە کڵپەی
ئاگری ململانێکان، بەڵگەی ئەو سەرکەوتنەیە کە دیپلۆماسییەتی کوردی بەدەستی
هێناوە.
لە کۆتاییدا، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە هەرێمی کوردستان لە ناو هەموو
ئاڵۆزییەکاندا، هەمیشە وەک پارێزەرێکی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و
ماڵوێرانی ماوەتەوە. ئەم قەوارەیە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە
وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیان و سەقامگیری دەمێنێتەوە، بە مەرجێک
هەموومان پێکەوە پشتگیری لەم کارنامە نیشتمانییە بکەین بۆ پاراستنی نیشتمان
لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەک.