دواین هەواڵ

دیپلۆماسی، چۆن دەتوانێت ڕۆڵ بگێرێت لە سەردەمی ئاژاوەگێڕیدا

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

15 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بینیمان کە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا له نێوان هەڕەشه و نزیکبوونەوەکاندا بەردەوامن، و لەم قۆناغەدا دیپلۆماسی تاکە ڕێگەی چارەسەری گرفتە نێودەوڵەتیەکانە لەم نوسینە شیکارییەماندا هەوڵدراوە ئاماژە بە ڕۆڵی چەند دەوڵەتێک بکەین، کە وەک ناوەندێکی نێوەندگیری لە چوارچێوەی شەری نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێراندا بە میکانیزمی دیپلۆماسییان لەسەرخەت بوون. ئەمەش وایکرد لۆژیکی شەری ئەمریکا بەرامبەر ئێران تا ڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا بێت. کە پێشتر ئەمریکا بەردەوام بوو لەسەر گوتاری شەری بەرامبەر بە ئێران.

هەروەک لامان ئاشکرایە هەوڵی بیست سالەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر پرسە ئەتۆمییەکەی ئێران چڕ بووەوە. هەردوو دەوڵەت بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بە نێوەندگیری لەسەرخەت بوون، بە ئامانجی گەیشتن، یاخود زیندووکردنەوەی پلانی کاری گشتگیری هاوبەش، بە شێوەیەکی فرەلایەنە کە پێکهاتبوو لە گروپی (پێنج کۆ یەک) کە ئەوانیش (ئەمریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا)بوون. ئەم گروپە بەردەوام بوون لەسەر هێڵی گفتوگۆکانی ئەمریکاو ئێران وووزە ئەتۆمیەکەی ئێران. بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی گەڕی دووەمی وەرگرتنەوە پۆستی سەرۆکایەتی بۆ ترەمپ، ئەمریکا لەڕێگەی گرتنەبەری میکانیزمی وموزایەدەی بەردەوامەی کاری پێدەکرد، ڕوویکردە بەکارهێنانی هەرەشە تا گەیشتن بە پاشەکشەی ئابوری و دواجار بەکارهێنانی هێزی سەربازی ڵێکەوتەوە.

بێگومان هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەرئەنجامی قووڵی ناوچەیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە ڕژێم یان تەسلیمبوونی ئێرانی لێبکەوێتەوە، هەربۆیە گەڕاندنەوەی شێوازە تەقلیدییەکانی دیپلۆماسی بۆ ناوەندەکانی بڕیاری نێوان ئەم دوو لایەنە شەرکەرە باشترین بژاردەبوو، هەرچەندە شێوازی گفتوگۆکانی ئەمجارە، بێ پێچ و پەنا ئەنجامدران، کە ئەمەش هەولێکە بۆ کەمکردنەوەی بە پەلەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران. لەلایەکی تریشەوە پەیوەندی دیپلۆماسی فرەلایەنە، جەخت دەکاتەوە وەک ئامرازێکی هێزی نەرم بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ لە نەزمێکی ناوچەیی کە بە خێرایی دەگۆڕێت. چونکە لەئەنجامی شەری نێوان ئەمریکاو ئێران لەپاڵ بوونی هێزە نێوەندگیرییە کۆنەکانی وەک عومان و قەتەر، ئەمجارە پاکستان وەک هەڵبژاردەیەکی چاوەرواننەکراوی نێوەندگیری شەڕ دەرکەوت. بۆ ئیسلام ئاباد، وەک ناوبژیوانی دانوستانەکانی ئەمەریکا وئێران ئەنجامێکی سەرکەوتووبوو بۆ پاکستان، هەرچەندە گرنگ نییە دەرئەنجامەکانی دانوستانەکان هەرچییەک بێت. چونکە بەشداریکردنی پاکستان تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی وڵاتەکەی لە گۆڕەپانی جیهانیدا.
 لەکاتێکدا هێشتا لە بەرایی دانوستانەکان ڕێککەوتنێک بەرهەم نەهێنرابوو، هێنانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ ئیسلام ئاباد بۆخۆی سەرکەوتوو بووە، پاکستان جیهانی ئاگادار کردەوە کە پێگەی دیپلۆماسیەکەی وای لێدەکات ببێتە ئەکتەرێکی بەسوود لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەحوکمی ئەوەی هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ حکومەتەکەیدا هەیە؛ لەهەمانکاتدا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ چین و سعودیەدا هەیە؛ لەماوەی ڕابردووشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باشتر کردووە، هەروەها سەروەت و سامانە زیاددەکەی ساڵانەی وایکردووە ئیسلام ئاباد، وەک نێوەندگیرییەکی جددی سەیر بکرێت. بەپێچەوانە ئەگەرتەماشای هیندستان بکەین، هەرچەندە دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ئەکتەرە پەیوەندیدارەکانی هاوشێوەی پاکستان بکات، بەڵام کاریگەرییەکی کەمی دیپلۆماسی هەیە لەناوچەکەدا. هەروەها سەبارەت بەوەی کە ئایا پاکستان دەتوانێت لە ڕۆلە دیپلۆماسیەکانی بەردەوام بێت، بەندە بە چەندین هۆکارەوە، لەنێویاندا هەستی بەهێزی دژە ئەمریکای زۆرێک لە پاکستانەکان، لەگەڵ سیاسەتە پێشبینینەکراوەکانی ترەمپ.

هەریەکە لە تورکیا ومیسریش لەم چوارچێوەی شەرەدا کە وەک دەڵالی ئاشتی دەرکەوتن، دەتوانن شانازی بە زیادبوونی پەیوەندییەکانیانەوە بکەن لەگەڵ وولاتانی جیهان و ناوچەکە، لەلایەکی تریشەوە چین هاوشێوەی پاکستان کە بەشداریکردنی ڕۆڵەکەی بەهێمنی دەرکەوت لەم چواچێوە ئاشتیانەدا کاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگەکەی، وەک گەرەنتیکەرێکی نەزم و سەقامگیری نێودەوڵەتی. لە لایەکی دیکەوە، بەشداریکردنی سنوورداری ڕووسیا، هەرچەندە مۆسکۆلە شەری نێوان ئەمریکاو ئێران لەسەر سیاسەتی پاراستن پابەندە، بەڵام هەڵوێستەکانی ڕووسیا لە شەڕی ئەمریکا/ئیسرائیل-ئێران تا ڕادەیەکی بەرچاو ناڕوون بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاشکرا مۆسکۆ چەندین جار داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی و ئاگربەستی کردووە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە خۆی وەک نێوەندگیرییەکی ئەگەری خستووەتەڕوو، بەو پێیەی ڕووسیا لە دۆخێکدا نییە کە نێوەندگیری لە هیچ ململانێیەکی نێودەوڵەتیدا بکات، چ جای ئەوەی کە بە ڕوونی نزیکتر بێت بۆ یەکێک لە نەیارەکانی (ئێران) لە چاو ئەوانی دیکە، بەهۆی ئەو پاشەکشە ستراتیژییەی کە لە سوریا تووشی بووە.

ئەگەر تەماشای ستراتیژی چین بکەین لە کەنداو دا، بۆمان دەردەکەوێت کە چین هەڵوێستێکی پراگماتیکی هەیە سەبارەت بەو ئاگربەستەی باسی لێوە دەکرا، هەرچەندە بەلای چینەوە رێکەوتنەکەی نێوان ئەمریکاو ئێران گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی ووزەکەی. هەربۆیە بە پێی سەرچاوە فەرمیەکان دەوترێت چین، ڕۆلی سەرەکی هەبووە لە پاڵنانی تاران بەرەو قبوڵکردنی ئاگربەست، بەلام بەئاشکرا ڕۆڵی نێوەندگیرییەکەی پاراستوەو نەبۆتە لایەنگیری ئاشکرای بەرەکانی شەر.
هەرچی پەیوەندی بە رۆڵی دیپلۆماسیەتی میسریشەوە هەیە کە وەک ناوەندێکی نێوەندگیری شەری ئێران و ئەمریکا دەربکەوێت، ڕۆڵی میسر هێشتا وەک سێبەر دەردەکەوێت بەهۆی هەوڵەکانی بۆ بێڵایەنی بەردەوامە کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێک یەک لەوانە بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی GCC و ئەمریکا، لە لایەک، و هەم بەهۆی کێشە ئابوورییەکانیەوە کە پێویستی بە یارمەتی دەوڵەتانی کەنداو هەیە بۆ چارەسەرکردن، لە لایەکی دیکەوە، هەربۆیە ڕۆڵی دیپلۆماسیەکانی میسر هێشتا سنووردارە.

کۆتا وێستگەی رۆڵی دیپلۆماسی لەم شەردا کە باسی لێوە دەکەین. ڕۆڵی یەکێتی ئەوروپایە کە چۆن لە پەراوێزەوە دەتوانێت ببێتەوە بە ناوەندێکی بڕیاری نێودەوڵەتی لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا ئایا یەکێتی ئەوروپا دەتوانێت لە ڕێگەی دیپلۆماسیەوە ڕۆڵی خۆی وەربگرێتەوە؟ دانوستانەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئێران ئاماژە بە واقیعێکی تاڵ دەدەن، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئەوروپا لە پەراوێزدایە، بەڵام مەرج نییە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران بە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا بوو، هێشتا یەکێکە لە گەوهەرە تاجیەکانی دیپلۆماسییەتی ئەوروپا و یەکێکە لە کەمترین سەرکەوتنە بەرجەستەکراوەکانی فرەلایەنە دیپلۆماسیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی برۆکسل هەیەتی لە توانای دیپلۆماسی واشنتۆن کەمیکردووەتەوە، هەرچەندە بە بروای ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا لەو باوەرەدان کە هێزە دیپلۆماسیەکەی جارێکی تر بتوانێت دانوستان لەنێوان ئێران وئەمریکادا بکات، هەروەها لەو باوەرەدان پێش هەموو شتێک ئەم دانوستانە دەبێت دیپلۆماسی بێت، نەک سەربازی، بۆ ئەوەی مەترسیی پەرەسەندنی زیاتری شەڕ بەرز نەبێتەوە، ئەوروپاش لەم شەڕەدا بمێنێتەوە و جارێکی دیکە بەناچاری سەرکردایەتی دیپلۆماسی ئێران بکات.

هەربۆیە لەسەر هەردوو کەیسی هورمزو پرسی ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەمریکا ناتوانێت شەرەکە بخاتە چوارگۆشەیەکی دیاریکراوەوە، چونکە ئەم دوو پرسە پێش ترەمپ کێشە نەبوون بە حوکمی بوونی ئەو ڕێکەوتنامە ئەتۆمیەی ئێران کەلە سالی ٢٠١٥ دا لەنێوان پێنج دەولەتی کۆ یەکدا (JCPOA) بەسترابوو. بەمەبەستی سنوردارکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، لەگەڵ ئەوەی دانوستانەکان لە ڕابردوودا بەردەوام لەسەر پرسی ئەتۆمیەکەی ئێران بوون، لە ئێستادا گەرووی هورمز یەکێکی ترە لە وێستگەکانی دانوستانی نێوان ئەمریکاو ئێران، چونکە شەری ئەمریکاو ئێران دەریخست کە چۆن ئێران بە ئاسانی دەتوانێت گەرووەکەی بەڕووی کەشتیگەلی بازرگانی وولاتاندا دابخات کە ئەمەش بە سەرکەوتن بۆ ئێران هەژماردەکرێت. هەربۆیە بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆتاییدا دانوستانە بەردەوامەکان ڕەنگە لەبیر بکرێت لە ئەنجامی دەرکردنی بریارێکی نوێی هەڵچوونێکی ترەمپەوە کاریگەری جیهانی لێبکەوێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP