دواین هەواڵ

گەروی هورمز: دوا بزمار لە تابوتی هەژمونی ئەمریکا یان کلیلی روخانی ئێران

‌عومەر قادر

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماژە و لێکەوتە ترسناکەکانی بەردەوامی شەری نێوان (ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران) زیاتر دەر دەکەون. باڵادەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوی سەربازی، وای کردوە ئاسمانی ئێران تا ئاستێکی زۆر کۆنترۆڵ بکەن،توانیویانە لە ڕێگەی بۆردومانی ئاسمانی زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە ئێران لە سەر زەوی لەناوبەرن؛ سەرەڕای ئەمەش، تا ئێستاش نەیانتوانیوە سەرکەوتنی کۆتایی مسۆگەر بکەن .ئەمەش ئەوە دەردەخات هێزی ئاسمانی دەتوانێ سوپایەک تێک بشکێنێ بەڵام ناتوانی ئایدولۆژیا، سیستەم یان دەوڵەت بروخێنێ ،ئەم حەقیقەتە لەشەری (عیراق و ئەفغانستان...هتد) بە رونی دەرکەوت. 

پێگەی "جیۆپۆلەتیکی" ئێران و هەژمونی بەسەر میلیشیا ناوچەییەکان و خاوەندارێتیی موشەکی پێشکەوتو، پاڵپشت بە هەواڵگریی ڕوسیا و چین، هێزی بەرگری و مانەوەی پێ بەخشیوە.بەڵام تا ئێستاش شەرەکە لە جوگرافیایەکی نیمچە فراون و سنوردارە، لە ئێستادا جگە لە ئیسرائیل، هیچ لایەک بەرژەوەندی لە هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریدا نییە، بەڵام ئاماژەکان وا دەردەخەن دۆخە وانامێنێتەوە، بەردەوامی ڕەوشەکە لەوانەیە لایەنەکانی "شەڕی سێبەر" بەرەو بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆ ببات؛ ئەمەش ئەگەر روبدات بە ترسناکترین قۆناغی سەربازی دوای جەنگی جیهانی دوەم دادەنرێت.

ئەگەر لە ئایندەی نزیک چارەنوسی شەرەکە یەکلایی نەبێتەوە، بژاردەی "جەنگی سەرتاسەری" دەبێتە نزیکترین ئۆپشن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ڕەوشێکی ئاوادا ئەمنیەت و بنەماکانی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەونە بەردەم مەترسییەکی ڕاستەقینە. هۆکاری سەرەکی ئەم مەترسیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل، سەرەڕای کۆنترۆڵی ئاسمانی، نەیانتوانیوە لەسەر زەوی کۆتایی بە یارییەکە بهێنن.

سەرەرای بەریەکەوتنی قورس لە دەریا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر کەشتیی ئێرانی نوقم کراون، بەڵام تا ئێستاش کلیلی (جوڵە و وەستان)ی کەشتییەکان لە دەستی ئێراندایە. بە واتایەکی تر، ئەمریکا و ئیسرائیل نەیتوانیوە "گەروی هورمز" کۆنترۆڵ بکەن.بەمەش روبەری بژاردەکانی بەردەم ئەمریکا و ئیسرائیل تەسکو و ئاڵۆزن؛ هەر چەندە بژاردەی شەری وشکانی لەسەر مێزی گفتوگۆیە بەڵام مێژو سەلماندویەتی جیۆپۆلەتیکی ئێران بۆ جەنگی وشکانی ئاسان نیە، گۆڕینی ڕژێم لە ئێران زیاتر پەیوەست بوە بە هێزی ناوخۆیی نەک جەنگی دەرەکی. وەک جێگرەوەی شەری وشکانی لە ئێستادا
ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن گەروی هورمز کۆنترۆڵ بکەن، ( هورمز ) بە "سییەکانی ئێران" پێناس دەکرێ؛مەبەست ئەوەیە قورگ و هەناسەی ئابوریی ئێران بگرن، بەڵام ئەم هەنگاوەش پڕ ڕیسک و ئەگەرە، چونکە دوری نێوان هێزی زەمینی ئێران و گەروی هورمز 25 بۆ 30 کیلۆمەترە، جوگرافیای هورمز ئەرکی پاراستنی سەخترە لە کۆنترۆڵکردن. دەستبردن بۆ ئەم کارتە لێکدانەوەی وردی گەرەکە، چونکە هورمز شا ڕەگی وزەی کۆمەڵێک هێزی گەورەی دنیایە، لەوانەیە لەبەر بەرژەوەندیەکانیان دۆخی پشتیوانی ئێران بباتە ئاستێکی تر، بە پێچەوانەشەوە پشتێکردنی چاوەرواننکراوە، دواجار کات لەبەرژەوەندی ئەمریکا و ئیسرائیل نیە، پێم وایە زۆرترین چەنس بۆ کاتی زیاتکراو سێ هەفتەی داهاتوە، ئەگەر لە رێگەی خولقاندنی پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو متمانەی خەڵکی ئێران بۆ ڕاپەرین بەدەست بهێنێتەوە یاخود گەروی هورمز کۆنترۆڵ بکەن، بۆ هەمو لایەک ساغدەبێتەوە ئەمریکا توانی جارێکی تر خۆی بەرهەم بهێنێتەوە وەک یەکەمی بێ رکابەر، ئیسرائیلیش دەبێتە زلهێزی ناوچەیی پلە یەک لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.بەڵام لە ئەگەری درێژەکێشان و لاسەنگ نەبونی شەرەکە لەبەرژەوەندی خۆیان، بە پێچەوانەوە لێکەوتەکانی دۆخەکە دەبنە دوابزمار لە شکۆو هەیمەنەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP