ئەمڕۆ ڕۆژی ژنانە. ژن تەنها بونەوەرێک نیە، بەڵکو ستاتۆییەکی کۆمەڵایەتی و فیکریی و ئەخلاقی و ئینجا مرۆییە. ژن بە گشتی لە کەلتوری ناوچەی ئێمەدا کۆیلەیە. ژنی بەڕێز ئەو ژنەیە کە خۆشبەختە بە کۆیلەیەتی خۆی. ئەم دۆخەی ژن بەشێکە لە پلەبەندی یان هەرەمیەتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. ژنی خراپ ئەو ژنەیە کە داوای ئازادی دەکات.
ئەمە دیدێکی باڵاییە، نەک تەنها بەرامبەر ژن، بەڵکو بەشێکە لە هاوکێشەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی. لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئازادی پەیوەستە بە هێزەوە. ژن کاتێک لاواز دەکرێت، کەواتە نەک تەنها ناسک دەکرێتەوە بۆ خۆشی پیاو بەڵکو لە مافی ئازادبون دادەماڵرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە هەمان هاوکێشەی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، لە نێوان کۆمەڵگا گەورەکان و کۆمەڵگا بچوکەکاندا پیادە دەکرێت. کورد، مایەی رق لێبونەوەیە کاتێک دەیەوێت کورد بێت، هەتا زیاتر لە کوردبونی خۆی دوور کەوێتەوە زیاتر قبوڵکراوە. کوردی ئازاد، کوردێکی تیرۆریست یان کوردێکە کە دەبێت بکوژرێت یان ڕێگریی لە ئازادبونی بکرێت.
بۆیە وەک چۆن پرسی ژن ئەخلاقییە، پرسی کوردیش ئەخلاقییە. وەک چۆن ژن کۆیلەیە، کوردیش بە هەمانشێوە کۆیلەیە.
ئەگەر ئەمە بخەینە ناو دیالیکتیکی کۆیلە و ئاغاوە: عێراقییەک یان تورکێک هەست دەکات عێراقیبونی یان تورکبونی یان ئێرانیبونی ناتەواوە کاتێک کە کوردێک خۆی بە عێراقی نازانێت. ئەمە سەرچاوەی ئەو هەستەیە کە زۆرێک لە خەڵکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان هەست بە سوکایەتی دەکەن کاتێک کوردێک خۆی بە تورک یان عێراقی یان ئێرانی نەزانێت.
کێشەکە لەوەدایە کە ئەو خەڵکانە تەنها فۆرمویلای کۆیلە و ئاغا دەبینین نەک هیچ شێوازێکی تر لە پەیوەندیی.
ئەم دۆخە لە ئێستادا زۆر زەقە کاتێک کورد لە لایەن زلهێزەکانەوە ناوی دەهێنرێت، ئەو کاتە پەیوەندی خۆ بەبەهێزان و کوردی لاواز تێکدەچێت.
بۆ نمونە کاتێک مارکۆ روبیو مەزڵوم عەبدی لە گەڵ شەیبانیدا بینی، زۆر قورس بوو بۆ سورییەکان هەزمی بکەن.
هیچ خاوەن کۆیلەیەک بە خۆشی خۆی کۆیلەکانی ئازادناکات.