دواین هەواڵ

چەند سەرنجێک دەربارەی کورد و ئیسرائیل

‌د.سەردار عەزیز

11 کاتژمێر پێش ئێستا

پاش ڕوداوەکانی ڕۆژئاڤا، شرۆڤەی زۆر دەکرێت دەربارەی ئەوە چی بوو کە ڕویدا و بۆ رویدا. ئیسرائیل یەکێکە لە وڵاتەکان کە بە جۆری جیاواز قسە لە سەر دەکرێت.
بە گشتی دوو دید هەیە: یەکەم، ئیسرائیلش کوردی فرۆشت. دووەم، ئیسرائیل بۆیە نەیتوانی هاوکاری کورد بکات چونکە کورد خۆی نەیدەویست.

دیارە هیچ کام لەم دیدانە بەر مەبنای زانیاری و لێکۆڵینەوە نیە، بەڵکو زیاتر لە هەڵوێست و خەون و حەز و خولیاوە سەرچاوە دەگرێت. 
ئەم پرسە گرنگە، چونکە بە هەڵەداچون باجی گەورەی هەیە وەک بینیمان. 

سەرەتا، ئێمە بەڵگەمان هەیە کە ئیسرائیل بەشداربوە لە کۆبونەوەکانی پاریس و دەرئەنجامی ئەو کۆبونەوانە بە زیانی کورد بوە.
 دوەەم، پەیوەندی ئیسرائیل بە کوردەوە، لە بەر کورد نیە، بەڵکو لە ئێستادا لە بەر سوریا و تورکیایە. ئیسرائیل لە خواستی بۆ باڵادەستی لە ناوچەکە ڕوبەڕوی خواستی تورکی دەبێتەوە. بەڵام لە ئێستادا، ئیسرائیل نایەوێت تورکیا بە سەر هەموو سوریادا زاڵ بێت بە تایبەتی باشور، چونکە ڕەنگە ببێتە مایەی ئەوەی کە ڕێگریی بکات لە بەکارهێنانی پانتایی و ئاسمانی سوریا کە ئێستا بۆ شەڕی ئیسرائیل لە گەڵ ئێراندا زۆر زەرورە.
سێیەم، زۆر ڕودەدات لایەنێک لایەنێکی تر هاندەدات، هەتا خواستی گەورەی هەبێت، نەک لە بەر ئەوەی بگاتە خواستی گەورە، بەڵکو هەتا زەمینە بسازێنێت بۆ ئەوەی لایەنی هاندەر لە میانەی سازشکردندا دەستکەوتی باشتر بە دەست بهێنێت. ئەمە چوارچێوەی دانیشتنەکانی پاریس بوو.
پێنجەم، کورد وەهای دەزانی کە تورکیا لە بەر ئیسرائیل پەلاماری نادات. بەڵام لای کەس نهێنی نەبوو کە ئیسرائیل و تورکیا بە هیچ جۆرێک ڕوبەڕووی ڕاستەوخۆ نابنەوە. تەنانەت هەردولا ڕازی بوون کە ڕوسیا لە باشور بونی هەبێت وەک دابر یان بەفەرێک لە نێوانیاندا.
شەشەم، ئیسرائیل داکۆکی لە دروز کرد، بەڵام ئامادەنیە پشتیوانی سەربەخۆیی دروز بکات. بەڵام نابێت کەس خۆی بە دروز بەراورد بکات، لە بەر هۆکاری جوگرافی و بونی دروز لە ناو سوپای ئیسرائیل و پێویستی ئیسرائیل بە بونی دابڕ یان بەفەرێک لە نێوان دیمەشق و ئیسرائیلدا.
حەوتەم، لە پاش هێرشەکانی ڕۆژئاڤا، لە زیاتر لە ناوەندێکی ئیسرائیلیەوە دەبیستین کە خەتای کورد خۆی بوو، هەندێک دەڵێن خەتای ئیدەلۆژیایە، هەندێک دەڵێن خەتای نەزانی دیپلۆماسییە. بەڵام بۆ من ئەم نوسینانە، دەرخەری ئەوەیە کە ئیسرائیل دەخوازێت نەرەتیڤێیک یان حەکایەتێک دروست بکات کە کورد هەموو خەتایەکی ئیسرائیل لە بیر بکات، تەنها لۆمەی خۆی بکات. ئەمە لە هەمانکاتدا هەوڵە بۆ پۆشینی ڕاستی دۆخەکە.

هەشتەم، دەکرێت ئیسرائیل لە سودی بێت هاوکاری ئەوانیتر بکات. بەڵام یەک شت دەبێت هەمیشە لە بیر بێت. دەوڵەتی ئیسرائیل دەوڵەتێکە بۆ بون و داکۆکی لە جوو لە دونیادا. ئەمە کرۆکی نەگۆڕاوە، هەموو شتێکی تر گۆڕاوە. 
نۆیەم، یەکێک لە هۆکارەکانی خراپ تێگەیشتنی ئێمە، دۆخی ناوەوەی خۆمانە. زۆرجار کورد دۆخی ناوەکی خۆی دەکاتە بنەمای دیدی بۆ دونیا. ئەمە هەڵەیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP