دواین هەواڵ

کوردستان، سەرە ڕێی بۆرییەکان!

‌شیروان تاڵیب

2 رۆژ پێش ئێستا

وەکچۆن ئەسەد تەنیا لەبەرئەوەی ڕازی نەبوو بۆریی غازەکەی قەتەر ـ ئەورووپا بەناو خاکی وڵاتەکەیدا تێپەڕێ، ئیتر سەرەتا سوپاکەی و دواتر خاکی سووریاکەی و پاشان ئەرکانی سوڵتەکەیان هەڵوەشاند و دواجار خۆیشیان هەڵفڕاند، هۆکاری سەرەکی هێنانی ئەلشەرع ـیش بۆسەر کورسییەکەی ئەسەد و پشتیوانیکردنیشی بۆ یەکخستنی سوپا و سووریا و سوڵتەی وڵاتەکەی، تەنیا و تەنیا بۆ تێپەڕاندنی ئەو بۆرییەیە!
تەبعەن سەرێکی بۆریەکە لە قەتەرە و بەهۆیەوە بازاڕێکی دەوڵەمەند و نزیک و موشتاق بۆ غازەکەی، دەستەبەر ئەکا! 
سەرەکەی تریشی لە ئەورووپایە و ئەگەر پێیان بگا، (تاڕادەیەک) لە هینی ڕووسیا بێ منەتیان ئەکا!
شەریکەکانی ئەم هەرایە، سعوودیە و ئەردەن و تورکیان، جا ئەم سێیە، لەسەر هەموو شتێک تا سەر ئێسقان پەرتن، بەڵام ئەم بۆرییە کۆیکردوونەوە و ئیتر یەکەمیان کارتێکی سیاسی و دووەمیان بڕێک خێر و سێیەمیش هەردووکیان مسۆگەر ئەکا!
قسە قسە ڕائەکێشێ..
( ئەلجەزیرەی قەتەری) و (ئەلعەرەبییەی سعوودی)، لەوەتای هەن تف لە ڕووی یەکتری ئەکەن، کەچی لەوەی کە بەسەر کوردی سووریادا هات، ئیتر ئەڵێی تفیان لە دەمی یەکتری کردووە و نەک وەک یەک خوێندیان و ئەخوێنن، بگرە جوملە و تەعبیراتیش لە یەکتری قەرز ئەکەن، لەمەدا مەسەلەکە هەر کورد نیە ها، بۆرییەکەیە!
کوردستان، خاڵی بەریەککەوتنی حەضاراتەکان و خاڵی پێکدادانیشیانە، بەڵام دەرکەوت خاڵی بەیەکگەیشتنی بۆرییەکانیش دیسان هەر نیشتمانی جوان، کوردستانە، بەڵام وما ادراک وما کوردستان؟!
حوسێنی مەدەنی (مع حفظ الالقاب)، جگە لەوەی پیاوێکی پڕە، کوردێکی ساغیشە، کاتی خۆی کە پرۆژەی نابۆکۆ (پرۆژەی تێکەڵکردنی بۆریی غازی کوردستان بە بۆریی تورکمەنستان ـ تورکیا ـ ئەورووپا) هاتە گۆڕێ، لە مەجلیسێکدا وتی: نەشمانکاتە دەوڵەت، ئەمانکاتە ڕەقەم! 
نابۆکۆ، ڕووسیا و ئێران (کە ئەوکات لە ئەوجی قووەتی خۆیاندا بوون) تێکیان دا، نوقتە
ئێستا ئەو دووانە، زیاتر بە خۆیانەوە مەشغووڵن تا غەیری خۆیان، هەربۆیەش جووڵەیەکی جددی بۆ بۆرییەکەی قەتەر ـ ئەورووپا لە گۆڕێیە و دیسانەوە سەرێکی لە قەتەرە و سەرەکەی تری لە فەرەنسایە و لە ناوەڕاستیشدا، سعوودییە و تورکیایە! 
فەرەنسییەکان هەر دێن و دەچن، تورکەکان وڵاتەووڵات ئەگەڕێن، سعوودییەکانیش هەر خەریکن و تەنانەت ئەو ڕۆژە سەرێکی (سلێمانی)یشیان دا! 
جا وەختی تەفسیلات نیە و ( قسە هەزارە و دووانی بە کارە)، دەرفەتێک هاتووەتە پێش و (ئەکرێ) جێیەک بۆ خۆمان لەو بۆرییە هەم تازە و هەم کۆنەدا بکەینەوە، ئەگەرنا، ئەوە هیچ کە ( با) غازەکەمان دەبا، خەم ئەوەیە خاوەنەکەشی ببا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP