دواین هەواڵ

گرنگی پارادیبلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان

‌رەهێل دزەیی

پێش 1 هەفتە

پارادیبلۆماسی دیاردەیەکی تا ڕادەیەک تازەیە لە شێوازی پەیوەندیەکانی نێودەوڵەتی دا، ئاماژە بە توانا و چالاکیەکانی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمەکان، ویلایەتەکان، یەکەئیداریە سەربەخۆیەکان و بەشداریان لە دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان (لە سنووری ئەو مافانەی چەسپێندراوە لە دەستووری وڵات) بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی مەرکەزی دەدات، لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە ئابوری وفەرهەنگی وڕامیاریەکانیان. پارادیبلۆماسی دەکرێ ببێتە بنەمایەک بۆ دروست کردنی پەیوەندیەکی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی پشتوانی و هاوسۆزیان و بەدیهێنانی مافی سەربەخۆی و دواتر دروست کردنی ولاتێکی سەربەخۆ.

جیاوازی لە نێوان دیبلۆماسیەت و پارادیبلۆماسی ئەوەیە، دیبلۆماسیەت لەلایەن وڵاتانی دانپێدراو لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پەیڕەو دەکرێت ونوێنەرایەتی وڵات دەکات لە ڕێگای دروست کردنی سەفارەت یان قونسولیەت لە وڵاتانی تر بۆ دروست کردن و گەشەپیدانی پەیوەندی(سیاسی، بازرگانی، فەرهەنگی) لە نێوان وڵاتان وگەلانی جیهاندا و دابین کردنی ئارامی وسەقامگیری و نزیک کردنەوەی بیر و بۆچونەکان و لێکتێگەیشتن لەسەر بابەتە گرنگەکان کە پەیوەندی هەیە بە پاراستنی مرۆڤایەتی.

لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕێگا پێدراوە ولاتان بەڵێن نامە یان هەرجۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ هەرێمەکان ببەستن بێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی سەرەکی، هەرێمەکانیش دەتوانن لە سنووری یاسا و دەستووری وڵاتەکەیان پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەروە ببەستن. پارادیبلۆماسی سنووردارە، ئەرک وچالاکیەکانی دەستور و یاسای وڵات دیاری دەکات.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پارادیبلۆماسی دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی هەرێمەکان بۆ دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەروەها بۆ خۆ ناساند و بەدەست هێنانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان. هەرێمەکان رێگە پێدراونین سەفارەت یان قونسلیەت لە وڵاتان بکەنەوە، بەڵکو نوسینگەیەکیان دەبێت لە ناو سەفارەتەکانی دوڵەتی مەرکەزی کە نوێنەرایەتی هەرێمەکەیان دەکات.

دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعس و دوای دەرچوونی دەستوری عیراقی لە ساڵی ٢٠٠٥ کە دانی بە هەرێمی کوردستان نا لە چوارچیوەی دەوڵەتی عیراقی فیدڕال دا، پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بەرگیکی یاسای وەرگرت.

دەستووری عیراقی ماف بە هەرێم دەدات نوسینگەی هەبێ لە سەفارەتەکانی عیراقی و هەروەها نێردراوی دیبلۆماسی بنێرێت بۆ وڵاتان، ئەمەش بووە هۆی کرانەوەیەکی گەورە بۆ هەرێم بە ڕووی جیهانی دەرەوە.

بۆ پەیڕەوکردنی پارادیبلۆماسی لە هەریمی کوردستان وە دروست کردنی پەیوەندیەکی سەرکەوتوانە کە لە بەرژەوەندی گەلەکەمان بێت، دەبێ پێشچاوڕوونیەکی تەواومان هەبێ بۆ ئەم ڕێگری و هەروەها ئەو کەرستانەی لە هەرێمەکەمان هەمانە کە لە ڕێگایەوە بتوانین هەرێم بە جیهان بناسێنین وبەهێزی بکەین و بتوانین پەیوەندیەکی دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی بەهێزی جیهان دروست بکەین وایان لێبکەین پشتیوانمانبن.

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان سنوورێکی داخراوی هەیە و ناکەوێتە سەر دەریا و ئەم وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵی، وڵاتانێکن نەیارن و کێشەی زۆریان هەیە لەگەڵ کورد و مافە ڕەواکانی، ئەم ناوچەیەی هەرێمی کوردستانی لێهەڵکەوتووە ناوچەیەکە هەردەم ناکۆکی ومڵملانی زۆری هەیە و هەبووە، دیاری نەکردنی سنووری هەرێم بەتایبەتی لە باشور و باشووری ڕۆژئاوا( ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان)، نەبوونی دەرستوری تایبەت بە هەرێمی کوردستان، ئەمانە ڕێگرن لەبەردەم دروست کردنی پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ جیهای دەرەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان خاوەن چەندین فاکتەری بەهێزە کە دەتوانێت لە ڕێگایەوە پەیوەندییەکی باش و دۆستانە لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دروست بکات کە لە بەرژەوەندی هەرێم بێت.

ڕاستە هەرێمی کوردستان هەرێمێکە ڕووبەرێکی بچووکی هەیە بەڵام پارسەنگیەک هەیە لە نێوان قەبارەی دانیشتوان وقەبارەی ڕووبەرەکەی، زۆربەی خاکی هەرێمی کوردستان شیاوە بۆ نیشتەجێبوون، هەرێمی کوردستان یەکەیەکی یەکگرتووە لێکدانەبڕاوە. هەرێمی کوردستان خاوەن خاکێکی بەپیتە و دەوڵەمەندە و سروشتێکی دڵگیر و جوانی هەیە، سەرچاوەی ئاویی زۆرە. خاوەن سەرچاویەکی زۆری نەوتە ئەمەش هێزێک بەهەرێم دەبەخشێت، پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئاینە جیاجیاکان لە هەرێمی کوردستان.

هەموو ئەم تایبەتمەندییانەی هەرێم هەیەتی و لەبەردەستیەتی دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت ئەگەر بێتوو سیاسەتێکی پارادیبلۆماسی حەکیمانە و بە شارەزایەتیەکی زۆرەوە بەکار بهێندرێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە نێو سیاسەت نێودەڵەتی و ببێتە بنەمایەک بۆ بەدەست هێنانی مافی چارەی خۆنووسین و دانپێنانی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، لەم کاتەیە دەکرێ پارادیبلۆماسیەتی هەرێم ببێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی دەوڵەتی عیراقی وهەنگاوبنێ بەرەو دروست کردنی دەوڵەتی کوردی.

قۆرخ کردنی پەیوەندیەکانی دەرەوە لەلایەک حزبەکانی دەسەڵات وایکردوە نەتوانین سەرکەوتووبین لە دروست کردنی پەیوەندیەکی بەهێز و سەرکەوتووانە کە پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.

ئەم نوسینگانەی دراون بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەفارەتەکانی عیراقی ئەوەندەی کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی حزبەکانی دەسەڵات دەکەن ئەوەندە کار بۆ ناساندن و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان ناکەن، ئەوەندەی هەوڵدەدەن بۆ دروست کردنی پەیوەندی بازرگانی حزبەکانیان لەگەڵ کۆمپانیەکانی ئەم وڵاتانەی لێین، ئەوەندە کار بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێم ناکەن. ئەوانەی وەک نوێنەر دادەندرین حزبەکانی دەسەڵات دەستنیشانیان دەکەن و دەبی ولائی تەواویان بۆ حزب هەبی نەک بۆ هەرێمەکەیان و کورد.

ئەم سیاسەتەی حزبەکانی دەسەڵات پەیڕوەی دەکەن بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانرێ سوود لە ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی هەرێم وەربگیرێت، هەوڵیان نەداوە ڕێکیانبخەن و لەبەرژەوەندی هەریم کاربکەن ولۆبیەکی گەورە و بەهێز دروست بکەن، بەڵکو هەموو هەوڵیان ئەوەبوو ئەندام بۆ حزبەکانیان زیادبکەن. لە دەرەوەش بە شەڕی نێوان حزبەکان مەشغولیان بکەن، لە چیاتی هاندان و هاوکاریان بۆ ئەوەی بڕوانامە و شارەزایی لە بوارە جیاجیاکان بەدەست بێنن و بیانگەڕێنەوە بۆ کوردستان بۆ ئەوەی سوودیان لێوەربگرن لە بنیاتنانی ژێرخانی وەڵاتیکی بەهێز.

لەگەڵ ئەوەی لە دەستووری عیراقی ماف بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە کە لە ڕێگای نوسینگەکانیان پەیوەندی دروست بکەن لەگەڵ وڵاتانی جیهان، بەڵام حزبەکانی دەسەڵات ئەم مافە و ناوی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنن بۆ بەرژەوەندی حزبەکانیان بەتایبەتر کەسانێکی دیاری ناو حزبەکانیان، هەرێمی کوردستانیان بێ بەش کردوە لەم دەسکەوتە نەتەواییەتیانەی لەم ڕێگایە دەکرا بەدەستی بهێنیت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP