دواین هەواڵ

دادگه‌ى دەستووریى باڵاى عێراق؛ وەک میکانیزمێک بۆ لاسەنگکردنى تەواوى پڕۆسەى سیاسی

‌د. سەردار قادر

27/04/2021

(خوێندنەوەیەک بۆ بەسیاسی و مەزهەبیبوونى بەرزترین دامەزراوەى دادوەرى)

ئەزموونێکی دێرینی یاسایی لەبەر ڕەحمەتی سیاسەت

هەر لە سەرەتاى دروستبوونى حکوومەتى عێراقی له‌ ساڵى 1920 و پێکهێنانى دادگه‌ى دەستوورى لە ژێر ڕکێفى دەسەڵاتى سیاسیدا بووە و هەمیشە حکوومەت و تائیفەى قۆرخکارى دەسەڵات لە هەوڵی قۆستنەوەیدا بوون، تا باشتر لە بەرەژەوەندیى خۆیان کۆنترۆڵی بکه‌ن؛ ئەمەیش لە دونیاى دیکتاتۆرییەت و مەزهەبگەراییدا کارێکی ئەوەندە قورس و مەحاڵ نییە. بەپێی ماددەى 81 لە دەستوورى عێراقی ساڵی 1925، دادگه‌ى دەستووریى باڵا لە وڵات دروست بووە.

ئەوکات دادگه‌ى دەستووریى باڵا لە سەردەمى پاشایەتیى وڵاتدا، ڕاشکاوانە لە دەستووردا ئاماژەى پێ درابوو کە دەزگه‌یەکى سەربەخۆ نییە و لەلایەن ئەنجومەنى پیرانەوە سەرۆکایەتى دەکرێ. هەر بۆیە کۆى ئەندامانى دادگه‌کە لە جیاتی نۆ ئەندام، تەنیا هەشت بوون و لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنى پیرانەوە سەرۆکایەتیى دانیشتنەکانى دەکرا؛ بە ئەوەوە دەیکردە نۆ ئەندام؛ لەو نۆ ئەندامە پێنجیان ئەندامى ئەنجومەنى پیران بوون، بە سەرۆکەکەیەوە و، چوارەکەى تریش لە ئەندامانى دادگه‌ى پێداچوونەوە بوون و، لەلایەن پاشاوە فەرمانى دانان و پەسەندکردنیان بۆ دەردەچوو.

کەواتە لە کۆى ئەو نۆ ئەندامە پێنجیان لەلایەن دەسەڵاتەوە دیاری دەکران کە دەکاتە 55.5%؛ ئەمەیش کاریگەریى لەسەر ڕەوشی بڕیاردان هه‌بوو و هەر لە سەرەتاوە یەکلایی كرابووه‌وه‌ و هیچ بڕیارێکى دادگه‌ بەدەر لە ئارەزووى دەسەڵات لە ڕێگەى ئەنجومەنى پیرانەوە دەرنەدەچوو. ئەنجومەنی پیرانیش (1921 – 1958) لە 40 ئەندام پێک هاتبوو و یەکێک بوو لە دوو ئەنجومەنەکەى دەسەڵاتى یاسادانان، کە لەلایەن خودی پاشاوە بۆ ماوەى حەوت ساڵ دادەنران و پەسەند دەکران.

لە سەردەمى حزبی بەعسدا ئەوەندەى کە دەسەڵاتى قەزایی بەشێک بووە لە دەسەڵاتى جێبەجێکردن و شەرعییەتدان بووە بە بڕیارەکانى، ئەوەندە خۆى سەربەخۆ نەبووە، بەڵکوو بەو ڕاددەیەیش لە دەسەڵاتى یاسادانانەوە نزیک نەبووە؛ هەروەک ئەزموونى سەردەمی پاشایەتى و لەژێر ڕکێفی ئەودا بووە. دادگه‌ى باڵاى دەستوورى بە بڕیارى تایبەتى ژمارە 159، لە ساڵى 1968 دواى کودەتاى بەعسییەکان دروست کراوە؛ ئەویش بە هەمان ئەزموونى پێشوو، تەواوى ئەندامانى لە دادوەرەکان پێک نەهاتبوو.

هەرچەندە ژمارەیان لەوەى پێشتر زیاتر بوو و ژمارەیان گەیشتە 13 ئەندام (9 ئەندامى ڕەسەن و چوارى یەدەگ)، بەڵام تەواوى ئەو ئەندامانە دادوەر نەبوون، بەڵکوو لەلایەن سەرۆکی دادگه‌ى پێداچوونەوەى ئەوکاتى عێراق سەرۆکایەتى دەکرا، ئەندامەکانیش لەمانە پێک هاتبوون: سەرۆکی دادگه‌ى پێداچوونەوە (کە خۆى سەرۆکایەتیى دادگه‌ى باڵاى دەستوورییشی دەکرد)، سەرۆکی ئەنجومەنى چاودێریی دارایی، سەرۆکی دیوانى تۆمارى یاسایی، 3 دادوەرى هەمیشەیی لە دادگه‌ى پێداچوونەوە، 3 ئەندام لە گەورە کارمەندانى دەوڵەت کە پلەیان لە بەڕێوەبەرى گشتى کەمتر نەبوون، 4 ئەندام کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە لەسەر پێشنیارى وەزیرى داد دیاری دەکران و دواتر ئەنجومەنى سەرکردایەتیى شۆڕش پەسەندى دەکردن؛ لەو چوار ئەندامەى کە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە پێشنیار دەکران،

دوانیان -وەک یەدەگ- لە ئەندامى دادگه‌ى پێداچوونەوە بوون و دوانەکەى (وەک یەدەگ) لە گەورە کارمەندانى دەوڵەت بوون، کە پلەیان لە بەڕێوەبەرى گشتى کەمتر نەبوو. کەواتە لەو 13 ئەندامە حەوتیان دادوەر نەبوون، کە ڕێژەکەی دەیکردە 53.8%، کە ئەویش نزیک بە ڕێژەکەى سەردەمى پاشایەتى بوو. لە کۆى 9 ئەندامەکەیش (5)یان دادوەر نەبوون کە دەیکردە هەمان ڕێژەى سەردەمى پاشایەتى و، لەو نێوانه‌یشەوە کۆنترۆڵی چۆنێتیی بڕیاردان لەناو دادگه‌ى باڵاى دەستووریدا دەکرا و لەو ڕێگەیەیشەوە بە ناوى زۆرینە، شەرعییەت بە نفووز دەسەڵاتى جێبەجێکردن دەدرا. ئەو شێوازەیش تا ڕووخانى ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو.

دواى ڕووخانى ڕژێمی بەعس، دەسەڵاتى ڕاگوزەر لە عێراق پێک هێنرا و یاساى بەڕێوەبردنی دەوڵەتى وەک دەستوورێکی کاتى لە 1/1/2004 دەرکرد، کە پێک هاتبوو لە 6 دەروازە و 62 ماددە. ساڵى 2005 دەستوورى هەمیشەییی عێراق لەلایەن گەلەوە لە نێوه‌ندی ڕاپرسییەوە پەسەند کرا و تەواوى دەستوورە کاتییەکەى ساڵى 2004ى هەڵوەشاندەوە، بێجگە لە هەردوو ماددەى 53 و 58، کە تایبەت بوون بە گێڕانەوەى مافەکان و زیاتر تایبەتمەندیى بۆ دۆسیەى کوردی تێدا بوو. هەر ئەو ماددانەیش گواسترانەوە بۆ دەستوورى نوێ و بە شێوازێکی تر لە دەستوورى هەمیشەییی نوێدا دایان ڕشتنەوە.

ماددەى 44 لە دەستوورە کاتییەکە تایبەت کرابوو بە دادگه‌ى دەستوورى بۆ عێراق و لە نۆ ئەندام لە دادوەرانى بەتوانا پێک هاتبوو، کە لەلایەن ئەنجومەنى دادوەریى عێراق بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان دیاری دەکران و ئەنجومەنى سەرۆکایەتییش پەسەندى دەکردن و سیسته‌مى دەنگدانیش بە ڕێژەى 50+1 بوو. دواتر ماددەى 92و93و94 لە دەستوورى هەمیشەییی ساڵى 2005، تەرخان کرا بۆ دادگه‌ى فیدراڵی و لە پەیڕەوى ناوخۆى دادگه‌ى فیدراڵییشدا کە بەپێی یاساى ژمارە 30ی ساڵى 2005 لە 17/3/2005 لە ماددەى 3ى پەیڕەوى دادگه‌، چۆنێتیی پێکهاتە و دەنگدان و جۆرى ئەندامەکانى دیاری کران، کە هەمان ناوەرۆکی ماددەى 44ى دەستوورى کاتیى ساڵى 2004 بوو؛ بەوەى کە ئەندامان لەلایەن ئەنجومەنى دادوەریى عێراق بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان دیاری دەکران.

بەڵام ماددەی 3 لە پەیڕەوی دادگه‌ لە ڕۆژى 21/5/2019 بەپێی بڕیارى دادگه‌ى باڵاى فیدراڵی ژمارە 38/2019 هەڵوەشێندرایەوە؛ ئەمەیش بە پێشینەیەکی باش داناندرێ کە دادگه‌ى فیدراڵی ئه‌و کاره‌ی كردووه‌.

لە ڕۆژى 18/3/2021 پەرلەمانى عێراق، یەکەمین هەموارى بۆ یاساى ژمارە 30ی ساڵى 2005ى تایبەت بە دادگه‌ى فیدراڵی کرد، ئەویش لە نێوه‌ندى ڕاسپاردنی دادگه‌ى فیدراڵی بۆ ئەنجومەنى نوێنەران بە دانانى دەقێکی تر لە شوێن ماددەى (3)ی پەیڕەوى دادگه‌ کە 21/5/2019 لە بڕیارى 38/2019ى دادگه‌ى فیدراڵیدا هاتووە و، پەرلەمانى ڕاسپاردبوو کە ئەو گۆڕانکارییە لە ماددەى (3)ی پەیڕەودا بکات، چونکە لەلایەن دادگه‌ى دەستوورییەوە لە 2019 لا برا.

زۆرینە سەروەرە، نەک دەستوور

پڕه‌نسیپی زۆرینە یەکێکە لە پڕه‌نسیپە سەرەکییەکانى دیموکراسییەت و هەر ئەوەیشە کە لە وڵاتانى دیموکراسی و لیبراڵیی ڕاستەقینە، بووه‌تە مایەى سەقامگیرى و جیاوازیی ڕاوبۆچوونى ئه‌رێنی. بەڵام ئەو پرەنسیپە بەو بیانووەوە دەقۆزرێتەوە و لەو نێوه‌ندەوە زیاتر زۆرینە زاڵتر دەکەن؛ هەر بۆیە لە ئەزموونى دیاردەى دیموکراسی لە عێراق لە ساڵى 1921ه‌وه‌ کە بۆ یەکەمین جار بریتانییەکان هێنایانە ناو ڕەوتى سیاسیی عێراق، زیاتر دیموکراسییەت بەشێک بوو لە سیاسەتى "پەرت کە و زاڵ بە". لەو نێوانەوە عێراقییەکان ئەوەندەى بە خۆیانەوە خەریک بوون، هەندە بە کۆڵۆنیالیستەوە خەریک نەبوون. دواتر سه‌ددام حسێن پڕه‌نسیپی دیموکراسییەتى دواخراو (الديمقراطية المؤجلة)ى بانگەشە کرد؛ بەوەى کە ئەوان دژى دیموکراسییەت نین،

بەڵام کۆمەڵگەى سیاسیی عێراقی، جارێ نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە کامڵەى دیموکراسییەت تا پیادەى بکا. ئەمەیش هەمان بیانووى حوکمکردنى کۆڵۆنیالیزمی بریتانی بوو لە عێراق لە ساڵى 1921 – 1958، کە بەو بیانووەوە سیاسەتى ئینتداب پیادە دەکرا و ئەوەیان بەگوێی گەلى عێراقدا دا؛ بەوەى کە ئەوان داگیرکەر نین و لە جیاتی ئەوان سەرپەرشتیى حوکم دەکەن تا ئەو کاتەى بۆ حوکمدارى پێ دەگەن و کارەکانیان تەسلیم دەکەنەوە.

لە عێراقی هاوچەرخى دواى ساڵى 2003 هەمان پڕه‌نسیپ لە ئارادایە. گەرچی دەستوورى هەمیشەیی جۆرێک لە بنەماکانى دیموکراسییەت و فیدراڵییەت و مافی مرۆڤى بۆ بونیادی سیاسیی عێراق داناوە، بەڵام ئەوانەى کە هاتوونەتە سەر حوکم و زۆرینەن، نەیانتوانیوە لە که‌لتوورى دەسەڵاتە سیاسییەکانى پێش خۆیان، خۆیان قوتار بکەن و سیاسەتە ئاپارتایدەکەیان بەمیرات وەرنەگرن؛ ئەوەى دەگوزەرێ هەمان سیاسەتى پێش ڕزگارکردنى عێراقە.

گەرچى دیاردەى سیاسیی عێراقی هاوچەرخ لەسەر بنەماى تەوافوق و شەراکەت و هاوسەنگى بونیاد نرابوو، بەڵام زۆرینەى وڵات پێوەى پابەند نەبوون. هەمیشە کار لەسەر زۆرینە دەکەن تا زیاتر خۆیان بسەپێنن. ئەوان لەسەر ئاستى دەسەڵاتى جێبەجێکردن زۆرینەن و دەسەڵاتى کردەییی وڵات لەچنگ ئەواندایە. لەسەر ئاستى دەسەڵاتى یاسادانانیش بە هەمان شێوە و لەو نێوه‌ندەوە چەندان بڕیاریان تەنانەت دژ بە گەلى کورد و هەرێمی کوردستان دەرکرد و هیچ ئیعتبارێکیان بۆ ئەو سێ پرەنسیپەى کە عێراقی هاوچەرخی لەسەر بونیاد نرابوو نەهێشتەوە و، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان واقعی زۆرینە بکەنە پێوەر و ئەوانى تر وەلاوه‌ بنێن. هەر ئەو هەوڵەیە کە مەبەستیانە دادگه‌ى فیدراڵییش بەو ئاقارەدا ببەن و لەگەڵ بوونى نوێنەرایەتییەکى کارتۆنیى پێکهاتەکان، تەواوى بڕیارەکان بە زۆرینە دەربکەن.

پوختەى گوتەمان ئەوەیە، کە زۆرینەى وڵات ئەوەندەى جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەى هاوکێشەکانى حوکم لە نێوه‌ندى زۆرینەوە دەکات، ئەوەندە مەبەستى جێبەجێکردنى ماددە و دەقەکانى دەستوورى نییە. لەو ڕوانگەوە ئەو ڕاستییە گەیشتۆتە بنبەست کە زۆرینە نیازى جێبەجێکردنى دەستوورى نییە و بە کۆسپیشی دادەنێ لە بەردەم ئەجێندا مەزهەبییەکەى و، بەردەوام بە ناوى هەموارکردنەوەوه‌ لە هەوڵی گۆڕینیدایە. پێشتریش لاى هەمووان ئاشکرا بوو کە خودى حکوومەتى فیدراڵی، تەنیا دەرهەق بە گەلی کورد زیاتر لە 55 ماددەى دەستوورى پێشێل کردووە. کەواتە زۆرینە، بنەماى ڕەوتى حوکمکردنى بەدوور لە پابەندبوونى بە دەستوورى وڵاتەوە ئەنجام دەدا.

بینیمان لەگەڵ چنگنەخستنى دوو لەسەر سێی دەنگەکانى پەرلەمان بۆ دانانى پەێڕەوێکی نوێ بۆ دادگه‌ى فیدراڵی، پەنایان بۆ هەموارکردنەوەى یاساى ژمارە 30/2005 بردەوە و بە دڵی خۆیان هەمواریان کردەوە بە ڕێژەى 50 + 1، بەبێ ئەوەى هیچ ئیعتبارێک بۆ هەرێمی کوردستان دابنێن. جارێکی تر پڕه‌نسیپی زۆرینەیان لەناو دادگه‌ى فیدراڵییشدا سەپاند، چونکە خۆیان هەر لە بونیادەوە لە پێکهاتەکەیدا زۆرینەن. لەو بارەیەوە شارەزایانی یاساى دەستوورى واى بۆ دەچن، ئەوەندەى دادگه‌ى فیدراڵی شوێنکەوتەى دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردنە، ئەوەندە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نییە؛ هەرچەندە لە ماددەى 92/1 دەستوورى هەمیشەیی، جەخت لەسەر سەربەخۆییی دەسەڵاتى قەزایی کراوەتەوە.

هاوردەکردنى ئەزموونى ئێرانی

زۆر جەخت دەکرایەوە لەسەر ئەوەى پەیڕەوى دادگه‌ى فیدراڵی بەو شێوەیە بڕوات کە دەیانەوێ، لەو بارەیەوە هەندێ ئاماژەمان چنگ دەکەوێ، لەوانەیش:
هەر لە سەرەتاى دانانى دەستوورى هەمیشەییی عێراقه‌وه‌، ئەو بناغەیه‌ی، کە سیسته‌مێکی مەزهەبیی وەک ئێران پێویستیەتى، دایان ناوە؛ بێ گومان کەم تا زۆر لایەنەکانى عێراقی کورد و شیعە زۆر هەستیان بەو پلان و مەترسییە نەکردووە.

کەمکردنەوەى پڕه‌نسیپی جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان لە یەکترى و تێکەڵکێشکردنیان و چوونبەناویەکدا؛ بەمەیش چوارچێوەیەکی تەواوکاریى ئۆرگانى دروست دەبێ و گەلانی عێراق لەناو قۆزاخەى یەک سیسته‌مى مەزهەبگەراییدان کە دواتر گۆڕانکارى تێیدا ئاسان دەبێ و دەستوور دەگۆڕدرێ و سیسته‌مى سیاسییش بەناڕاستەوخۆیی دەچێتەوە سەر ئێران و هاوسیسته‌مییەک دێتە ئاراوە.

ئەندام خزاندنە ناو دادگه‌ى فیدراڵی لە پسپۆرانی شەریعەتى ئیسلامی و شارەزایانى یاسا؛ گەرچی لە دەستووردا هاتووە، زیاتر پێدانی سیفەتێکی مەزهەبگەرایییە بۆ ناو دادگه‌ى فیدراڵی نەک ئیسلامی، چونکە تەواوى ئەو دادوەرانەى کە ئەزموونێکیان هەیە لەو بارەوە، شارەزایییان لە شەریعەت هەیە و لە ڕێگەى چەندان بابەتەوە لە پڕۆگرامی خوێندن لە بەکالۆریۆس و قۆناغەکانى دواتر خوێندوویانە. کەواتە دادوەرێک نییە لەو ئاستەدا کە لە شەریعەتى ئیسلامدا شارەزاییی نەبێت، تایبەت لەو بابەتەى کە نابێ لەگەڵ جێگیرەکانى شەریعەت دژاوار و پێچەوانە بن؛ بەڵام زیادکردنى ئەو پسپۆرانە، تەنیا پێدانی ڕوخسارى مەزهەبگەرایییە بەو دادگه‌یە. لە لایەکى تریشەوە، دەکرێ بڵێین کام مەزهەب، ئەوەندەى کە مەزهەبی شیعە مافى هەیە، بۆ مەزهەبی سوننەیش بەڕەوا دەبینرێ. ماوەتەوە ئەوە بڵێین، ئەدى لە کاتى بڕیاردەرکردن چۆن هەماهەنگى دەنوێنن؟

چونکە ئەوەى کە ئەم، لاى پەسەندە، لاى ئەوى دی بەپێچەوانەوە. بەڵام دەکرێ ئەو مافە کە لە ماددەى 92/2 هاتووە، پسپۆرانی شەریعەت و شارەزایانى یاسا وەک شارەزا و ڕاوێژکار ئەژمار بکرێن، تا ئەو مەبەستەى لە ماددەى 2دا هاتووە بەرقەرار بێت؛ چونکە ئەو مافەى کە بە پسپۆرانی شەریعەت دەدرێ، هەمان ئەو مافەیە کە شارەزایانی یاسا دەبێ بیاندرێتێ، تا مەغزاى ماددەى 2ى دەستوور بەرقەرار ببێ.

پێکهاتەى دادگه‌

دادگه‌ى باڵاى فیدراڵیی نوێ لە ساڵی 2004 لەلایەن دەسەڵاتى هاوپەیمانانەوە دروست کراوە و لە دەستوورى کاتیى ئەوکات لە ماددەى 44 باسی لێوە کراوە. هەر ئەو واقعە دەستوورییەیش بە هەموارکراوییەوە گواستراوەتەوە ناو دەستوورى هەمیشەییی 2005 و لە ماددەکانى 92و93و94 باس کراوەتەوە. دادگه‌ لە 13 یەکەى کارگێڕی پێک هاتووە، کە بە بەرزترینیان، واته‌ دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی دەست پێ دەکات و بە یەکەى کارگێڕیی پاسەوانەکان کۆتایی دێت. دادگه‌ بەپێی هەموارى نوێ بۆ پەیڕەوەکەى، لە 13 ئەندام پێک دێ؛ نۆیان ڕەسەن و چوار یەدەگ، کە خزمەتى دادوەرییان نابێ لە 15 ساڵ کەمتر بێ و لە تەمەنى 72 ساڵیش خانەنشین دەبن و بە لە 80% لە مووچەکەیشیان بۆ خانەنشینی خەرج دەکرێ؛ بەڵام ئەوەندەى کە لە خزمەتى کرداریدا بن، پۆست و مووچەیان وەک وەزیر بۆ ئەژمار دەکرێ.

زیادکردنى ئەو ژمارەیە بۆ 13 ئەندام، هەمان ئەزموونى پێشووى سەردەمى بەعسە، کە دادگه‌ى فیدراڵی لەو ژمارەیە پێک هاتبوو و 7 لەو ئەندامانە سەر بە دەسەڵاتى جێبەجێکردن بوون و دادوەر نەبوون؛ بەمەیش زۆرینەى دەنگى ناو دادگه‌ بۆ دەسەڵات زامن بوو. ئێستا ئەو ژمارەیە بە شێوەیەکى تر دووبارە بۆتەوە؛ گەرچى لەو ژمارەیان نۆیان ڕەسەنن و چواریان یەدەگ، بەڵام یاساکە ئەوەى یەکلا نەکردۆتەوە کە لە کاتى ئامادەنەبوونى یەکێک لە ئەندامانى ڕەسەن، کام لە ئەندامە یەدەگەکان شوێنی دەگرێتەوە لە کۆبوونەوە و بڕیاردان. ئەم بابەتە بۆ کورد و سوننە گەلێک هەستیارە و نابێ بەسەریاندا تێ بپەڕێ؛ به‌تایبەت کە یاساکە باس لەوە دەکات کە نوێنەرایەتیى هەرێمەکان هه‌ن.

پێشتر ئەنجومەنى دادوەریى باڵا بە ڕاوێژکردن لەگەڵ هەرێمەکان ئەندامانى دیاری دەکرد و دەیپاڵاوتن، بەڵام ئێستا لە پێنج یەکەى کارگێڕیی یاساییی ناو دەسەڵاتى دادوەرى، چواریان بەشدارى لەو پرۆسەیەدا دەکەن. ئەمەیش کارەکە زیاتر ئالۆز دەکات و هەژموونى مەزهەبی، زیاتر بەسەرییەوە دیار دەبێ، چونکە تەواوى بڕیاربەدەست و سەرۆکەکانى ئەو یەکانە لەناو دەسەڵاتى دادوەرى، لە چنگ زۆرینەى وڵاتدان؛ ئەوانیش سەرۆکى ئەنجومەنى دادوەرى و سەرۆکی دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی و سەرۆکی داواکارى گشتى و سەرۆکى سەرپەرشتیارى دادوەرین. ئەو پرۆسەى دیاریکردنەیش لەلایەن ئەم چوار سەرۆکانەوە دەکرێ، نەک یەکە کارگێڕییەکە و ئەنجومەنەکانیان؛ لە هیچ کام لەو چوار یەکە یاساییانە، کوردی تێدا نییه‌.

ئەوەى کە دواتر دەبێتە گرفت بۆ پێکهاتەى دادگه‌ى دەستوور ئەوەیە، کە پەیڕەوەکە هەموار کراوەتەوە و لەگەڵ ماددەى 92/2 دەستوورى هەمیشەییدا تەواو یەک ناگرێتەوە؛ ئەویش بوونى پسپۆرانی شەریعەت و یاسایە، کە دەبێ بەپێی ئەو ماددەیە بێنە ناوەوە و ڕۆڵیان هەبێت و گومانیش لەوەدا نییە کە دادگه‌ى دەستوورى هەروەک چۆن لە ساڵى 2019 مافی دیاریکردنى ئەندامانى لە ئەنجومەنى دادوەرى سەندەوە و لەلایەن پەرلەمانەوە بە 50+1 هەموار کرایەوە،

هەر ئاوایش ئەو پەیڕەوەى کە ئێستا هەیە لە ڕێگەى 50+1 جار دواى جار هەموار دەکرێتەوە؛ بەو پێیەى کە خۆیان مەبەستیانە و ئەو ڕێژەیە لە دەنگى پێویست نییە کە بۆ گۆڕینی پەیڕەو پێویستیەتى کە دوو لەسەر سێی ئەندامانى پەرلەمانە. لە ئاکامدا دەبێ ئاماژە بەوە بدرێ کە بە دوو یان سێ یان تەنانەت لە یەک دانیشتنى پەرلەمان، ئەو چەند ماددەیەى تر هەموار بکرێنەوە؛ بەو شێوەیەى کە خۆیان مەبەستیانە، بەبێ ئەوەى پێویستیان بە دەنگى دوو لەسەر سێ بێت.

پرۆسەى دەنگدان

یەکێک لەو گرفتانەى کە لە پەیڕەوە نوێیەکە بۆ دادگه‌ى فیدراڵی هەبوو، چۆنێتیی دەنگدان بوو لەسەر کەیسەکان، کە کورد بێمتمانە بوو لە دادگه‌؛ بەوەى بڕیارەکانى، لایەنگیرییان تێدایە و داواى 8 دەنگى دەکرد لە کۆی 9. ئەمەیش لەلایەن زۆرینەى شیعەوە ڕەت کرایەوە. کورد لەو بابەتە متمانەى بە سوننە نەبوو کە لە کەیسەکانیدا پشتگیریی دەکات، هەر بۆیە جەختى تەواوى لەسەر بوونى خۆى دەکردەوە لەناو دادگه‌. هەرچەندە لەو بابەتانەى کە پەیوەستن بە هەرێمەکان، دەبێ بە دەنگى دوو لەسەر سێ یەکلایی ببنەوە. بەڵام کورد لەو پرۆسەیە بێتمانە بوو، چونکە تەواوى ئەو بڕیار و شرۆڤانەى کە لە دادگه‌وە دژ بە کورد دەرکراون، بە دوو لەسەر سێ بوون و سوننە هیچ هەڵوێستێکی پشتگیریی بەرامبەر بە کورد نەبووە،

بەڵکوو بەپێی یاساى پاڵنان، کە پاڵیان بەوانەوە ناوە و بۆ ئەوەى لە جێگە و بەرژەوەندییەکانیان بیانخلیسکێنن، نەچوون دژایەتیى ئەو سیاسەتە بکەن کە شیعە دەیکات؛ بەڵکوو دێن پاڵ بە کوردەوە دەنێن و بەنیازن لەسەر حسیابی ئەو، بەرژەوەندى و بوونى خۆیان سەرلەنوێ چنگ بخەنەوە؛ باشترین نموونەیش دواى ڕیفراندۆم و ناوچە جێناکۆکەکانە.

بەڵام دواتر پڕۆسەى دەنگدان لە ڕێگەى هەموارکردنه‌وه‌ى یاسا کۆنەکەوە، هەر لە بەرژەوەندیی کورد نەشکایەوە و بە زۆرینە دەنگیان بە یاساکە دا و ئەو فراکسیۆنە کوردییانەى کە بەشدارییان تێدا کرد بەرپرسیارێتیی یاسایی و نەتەوەیییان دەکەوێتە ئەستۆ، کە لە کەسێتیى مەعنەویى کوردیان کەم کردەوە. هەرچەندە ئەوان هەر بەنیاز بوون یاساکە هەموار بکەنەوە و تێی پەڕێنن، بەڵام نەدەبوو بە دەستخۆشی و پیرۆزباییی یەکێک لە فراکسیۆنە کوردییەکانەوە بێت.

کەواتە پڕۆسەى دەنگدان بەو شێوەیە کەوتەوە کە خۆیان مەبەستیان بوو، بەڵام نەک لە نێوه‌ندى پەیڕەوى نوێی دادگه‌، بەڵکوو لە ڕێگەى هەموارکردنەوە؛ نەک بە دوو لەسەر سێ، بەڵکوو ئاسانتر بە 50+1. هەر بۆیە مەترسییەکان بەردەوامن و دووبارەیش دەبنەوە، بە هەمان وەتیرەى پێشوو.

باڵادەستیى سیاسەت لە شرۆڤەکاندا

دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی لە ساڵى 2005 – 2021، زیاتر لە 2227 کەیسی یەکلایی کردۆتەوە؛ لەناو ئەو کەیسانەدا تا ساڵی 2018، زیاتر لە 74 کەیسیان لە بابەتى شرۆڤەکردن بوون کە پرۆسەى شرۆڤەکردن بەپێی ماددەى 93/ف2 دەستوور لە تایبەتمەندیى دادگه‌ى دەستوورییە. بەڵام تاکە تێبینیى یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو کەیسانە، ئەوەیە ئەگەر دەقەکە ڕاشکاوانە نەبووبێ، هەمیشە لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتى فیدراڵی و زۆرینە یەکلایی کراونەتەوە. لەوانەیشە بپرسین: ئایا ئەگەر دەقێک ڕاشکاو و ڕوون بوو، ئایا پێویستى بە شرۆڤە هەیە؟ لەوانەیش بە نموونە ماددەى 140، 76/ف1. ئەمەیش یەکێکە لەو کارانەى کە نابێ لە بوارى شرۆڤەکردندا هەبێت، چونکە شرۆڤەکردنەوەى سەرلەنوێ بۆ دەقێکی ڕۆشنی دەستوور، گومانخستنە سەریەتى.

دەرچوون لە دەستوور لە پێناو زۆرینەدا

لێرەدا مەبەستمانە ئاماژە بە چەند حاڵەتێک بدەین کە دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی، هەندێ جار ڕەفتارەکانى وەک دەرچوون لە دەستوور وایە، لەوانەیش:
خۆدزینەوە

چەندان کەیسی جۆراوجۆرمان هەیە کە دادگه‌ى دەستووریى باڵا، چونکە لە بەرژەوەندیى زۆرینەى وڵات نەبووە، بە بیانوو نەیویستووە بیانبینێ و شرۆڤەیان بۆ بکات، لەوانەیش: کەیسی پارێزگارى پێشووى کەرکووک و لابردنی، کەیسی بەپارێزگابوونى شارى هەڵەبجەى شەهید، تانەگرتنى فراکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجامنەدانى سەرژمێری و...؛ کە بەئاشکرا دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی، مەبەستى نەبووە ئەو کەیسانە ببینێ.

بینینى هەندێ داوا کە لە دەسەڵاتى ئەودا نییە

دادگه‌ى فیدراڵی، هەندێ داواى بینیوە کە نەدەبوو بیبینیایە؛ لەوانەیش بابەتى ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، کە لە تایبەتمەندیى ئەو نییە، لە دوو ڕووەوە: یەکەمیان بابەتێکی ناوخۆییی هەرێمی کوردستانە و هیچ کاتێک سەرکردایەتیى کورد وەک کارتى گوشار و دانوستان لە بەرامبەر حکوومەتى فیدراڵی بەکاری نەهێناوە. ئەمەیش مافێکی خۆیەتى، چونکە یەکەیەکى فەرمانڕەوایییە لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵیدا و، دەستووریى هەمیشەیی ئەو مافەى پێ داوە و دەوڵەتی فیدراڵییش هەر لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بنیات نراوە، کە ئەویش دوو پڕه‌نسیپی سەرەکین: سەربەخۆیی و بەشداریکردن.

دووەمیش خودى بینینی کەیسی ڕیفراندۆم لە تایبەتمەندیى دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی نییە و لە ماددەى 93 زۆر بەڕوونى باس لە تایبەتمەندییەکانى ئەو دادگه‌یە دەکات. لە تەواوى دونیایش ڕاپرسیی هاووڵاتیان ناچێتە بەردەم دادگه‌ى دەستوورى و، هیچ ئەزموون و نموونەیەک لەو بارەیەوە نییە؛ چونکە ئەوە ڕاى گەلە، ڕاى ئەویش لە سەرووى هەمووانەوەیە.

شرۆڤەکەى دادگه‌ى فیدراڵییش لە ڕوانگەى یاساى دەستوورییەوە لاواز و بێبنەما بوو. نەبوونى دەقێک کە ماف بە هەرێم نادات بە جیابوونەوە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە گەلێک لەو مافە بێبه‌ش بکرێ و، پێچەوانەى یاسا و پڕه‌نسیپە فەرمانکەرە نێودەوڵەتییەکانە و عێراقیش هەر لە ساڵی 1970 پەسەندى هەردوو پەیماننامەى ساڵی 1966ى کردووە کە تایبەتن بە مافە سیاسی و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و که‌لتوورییەکان.

دروستکردنى هەندێ شرۆڤە بۆ دەقی ڕوون کە فیتنە دروست دەکات

هەندێ جاریش دادگه‌ى دەستووریى باڵاى فیدراڵی، چەند داوایەکى بینیوە کە دەقەکانى ڕوون و ئاشکرا بوون و ئەوەندە جێی مشتومڕ نەبوون، چونکە لە دەستووردا زۆر بەئاشکرا باسی کراوە؛ سەرلەنوێ باسکردنەوەى، بەپێی ئەدەبیاتی یاساى دەستووری، دەبێتە مایەى ئاشووب و گومانخستنە سەر ماددەیەکى ڕۆشن لە قۆناغی یەکەمدا، دواتریش دروستکردنى ئیجتهادێکی نوێ لە پێناو شرۆڤەیەکی نێگەتیڤى نوێ؛ بۆ نموونە ماددەى 140 لە دەستوور. هەر بۆیە لە گوتارى یاساى دەستووریدا ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە پرۆسەى شرۆڤەکردنى دەقە دەستوورییەکان، نابێت ئەو داوایانە ببینرێن کە لەسەر دەقێکی ڕۆشن بۆ لاى دادگه‌ى دەستوورى بەرز دەکرێنەوە، چونکە ئاشووبیان لە دوایە.

هەندێ بڕیار تەواوکەرى پلانی سیاسیی زۆرینەن

چەند کەیسێکمان هەیە لە دادگه‌ى فیدراڵی کە بڕیاریان لەسەر دراوە، بە تەواوکەرى پلانی زۆرینە دادەنرێ و هاوتەریبە لەگەڵیدا؛ باشترین نموونەیش بۆ ئەو بابەتە، ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ساڵی 2010 بوو کە لیستى "ئه‌لعێراقییە" بە دوو کورسی پێش لیستى دەوڵەتی یاسا کەوتەوە. ئەودەم گومان خرایە سەر ماددەى 76/ف1 بەوەى کە گوایە فراکسیۆنى زۆرینە لە پەرلەمان ڕۆشن نییە؛ بەوەى ئایا ئەو فراکسیۆنەیە کە لە هەڵبژاردنەکان زۆرترین ڕێژەى دەنگى بەدەست هێناوە یان ئەو فراکسیۆنەیە کە لە پەرلەمان دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان دروست دەکرێ.

ئەوە بوو دادگه‌ى فیدراڵی بەو شیێویە یەکلاییی کردەوە کە مەبەست لەو فراکسیۆنەیە کە لەناو پەرلەمان دروست دەکرێت. ئەم بابەتە بەئاشکرا، دەرچوون بوو لە دەستوور و عورفی ئەنجامەکانى هەڵبژاردن؛ دەستوور لەو ماددەیەدا بەئاشکرا باس لەو فراکسیۆنە دەکا کە زۆرترین ڕێژەى دەنگەکانى بەدەست هێناوە و سەرۆککۆمار بە ڕیزبەند دەتوانێ ڕایان بسپێرێ بە دروستکردنى کابینەى حکوومەت و، هەر ئەو ئیجتهادەیشە کە هاوتەریبە لەگەڵ یاساکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردن، بەوەى هاوپەیمانێتی ئەوەیە کە فراکسیۆنێک دروست دەکات پێش هەڵبژاردن و، لە هەڵبژاردن زۆرترین دەنگ بەدەست دێنێ نەک ئەوەى لەناو پەرلەمان دروست دەبێ.

ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتییش ئەوسا لەو بارەیەوە ئاماژەى بەوە دا، پێویستە عێراقییەکان بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و هیچ ئاماژەى بە بڕیارى دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵیی عێراقی نەکرد. لەوەیش زیاتر، ئەو شرۆڤەیە تەنیا بۆ ئەو قۆناغە بوو، دواتر چونکە زۆرینەى بەدەستهاتوو لە خۆیان بوو، پەنایان بۆ ئەو بابەتە نەبرد، به‌تایبەت کە لیستى "سائیرون" زۆرترین ڕێژەى دەنگى بەدەست هێنا و تەواوى لیستەکانى تر دژى بوون. ئەوە بوو لە ئاکامدا هیچ لیستێک سەرۆکی حکوومەتى پێ نەدرا و لە دەرەوەى فراکسیۆنەکان "دکتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدی"یان هێنا و کردیان بە سەرۆکوەزیران.

لە ئێستایشەوە "ڕەوتی سەدر" بانگەشەى ئەوە دەکات کە زۆرترین کورسیی پەرلەمان بەدەست دێنێ و سەرۆکوەزیران لە خۆیەتى و، پابەندیش نییە بە بڕیارەکەى دادگه‌ى دەستووریى باڵاى ساڵى 2010 سەبارەت بە شرۆڤەى بۆ گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان، چونکە لەلایەن دەوڵەتى یاساوە هەمان هەوڵ هەیە و لە ئێستاوە "نووری مالیکی" بانگەشەى بوونەوە بە سەرۆکوەزیریرانی داهاتوو دەکات.

ئەوەى کە مەبەستیان بوو کردیان

زۆرینەى شیعە لە وڵات زۆر مەبەستى بوو کە پەیڕەوێکی نوێ بۆ دادگه‌ى فیدراڵی دابنێ، بەو شێوەیەى کە خۆى مەبەستى بوو و دەیویست، بەڵام بۆ پڕۆژە یاسا نوێیەکەى سەبارەت بە پەیڕەوى دادگاى دەستووریی باڵا، دەبوو دوو لەسەر سێی ئەندامانى پەرلەمان دەنگی پێ بدەن؛ بەڵام پێداگریى کورد و هەندێ فراکسیۆنی دیکە لەسەر سیستمى دەنگدان لەسەر بڕیارەکانى دادگه‌، بەوەى کە نابێت بە دوو لەسەر سێی ( 6 لە 9 ) دەنگى ئەندامانى دادگەى فیدرالی بێت، بەڵکوو کورد داواى ڕێژەى ( 8 لە 9 ) دەنگى ئەندامانى دادگەى دەستوورى کرد، کە لەو ڕێژەیە ئەندامێکی کوردی تێدا دەبێ، هەروەها لەگەڵ جۆرى ئەندامەکانى، کە باس لە پسپۆرانی شەریعەت و شارەزایانی یاسا دەکرا، سەری نەگرت.

ئەوە بوو پلانی B یان بەکار هێنا و تێیدا سەرکەوتوو بوون و پێویستی بەو ململانێیەیش نەبوو. ئەوەى کە ڕووی دا، بۆ ئەم قۆناغە بۆ ئەوان کارێکی سەرکەوتوو بوو. گومان لەوەدا نییە کە قۆناغی دووەمی بەڕێوەیە، ئەویش جۆرى ئەندامەکانى دادگه‌ى دەستوورییە. ئەمەیش لە دەستووردا لە ماددەى 92 جێی کراوەتەوە؛ ئەویش لە پڕۆسەیەکی هەموارکردنەوە ئەنجام دەدرێ و هیچ پێویست بە پەیڕەوى نوێ ناکات بۆ دادگه‌ى فیدراڵی، چونکە ئەوەى کە ویستیان کرا و هیچ لە بەرژەوەندیی کورد نییە و سوننەیش قەناعەتیان بەوە کردووە تەنیا شەڕى مانەوە دەکەن و بەوەى تاچەند جێی خۆیان بکەنەوە لە وڵات، نەک شەریکى ڕاستەقینە بن؛ هەروەک ئەوەى کە کورد داواى دەکات کە حیسابی شەریکی ڕاستەقینەى بۆ بکەن لەسەر ئاستى نیشتمان لە هەموو ڕوویەکەوە.

کەواتە ئەوەى کە ڕووی دا لە زەرەرى کورد بوو، هەرچەندە لەسەر ئاستى بوودجەى وڵات سەرکەوتنى بەدەست هێنا. لە ئاکامیشدا کورد دەبێ سەرلەنوێ ستراتیژییەتى خۆى بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە کە پێویستى بە دادگه‌ى دەستوورى نەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ.

کورد دەبێ چی بکا؟

لەو بارەیەوه‌ زۆر بەپوختى ئاماژە بە چەند پێشنیارێک بۆ سەرکردایەتیى کورد دەکەین، لەوانەیش:
جارێکی تر داڕشتنەوەى ستراتیژییەتى کورد لە عێراقدا، لە سۆنگەى ئەو پێشهاتانەى کە هاتوونەتە ئاراوە، دەبێ قەناعەت بەوە بکات کە هاوکێشە و کارەکتەرەکان ئەوانەى جاران نین، یان وەک جاران بیر ناکەنەوە.

فاکتەرى دەرەکی، ئاماددەییی تەواوى هەیە، هەم بۆ کورد هەم بۆ ئەوانى تر، به‌تایبەت نفووزى ئێرانى لە عێراق. دەبێ کورد لەو بارەیەوە پلانێکی دیپلۆماسیی ڕۆشنى هەبێ.

دەبێ کورد دۆستەکانى لەسەر ئاستى ئەوروپا و ئەمریکا و ناوچەکە باش ئاگادار بکاتەوە، کە مەترسییە مەزهەبییەکانى سەر بەرژەوەندییەکانیان تاچەندە. دەبێ قەناعەتیان پێ بکات کە مانەوەى بەرژەوەندییەکانیان بەستراوەتەوە بە مانەوەى هەرێمی کوردستان بەبەهێزی و کاریگەرى، دەنا دواتر وەک ئەوە وایە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکەن و ئەوانیش هیچ پێگەیەکیان لە ناوچەکە نامێنێ.

دواندنى ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەو پێشهاتانە، کە چەند مەترسی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیان دروست دەکەن و تەبایی لەناو دەبەن؛ لەوانەیش ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتى.

لە کاتى گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکان لە پەرلەمانى عێراق، پێویستە فراکسیۆنە کوردییەکان زۆر بەڕۆشنی، دەقەکان داڕێژن؛ بەوەى کە دواتر شرۆڤەى دیکەى بۆ نەکرێ و دەقەکان بە لاستیکی و مەتاتی نەهێڵنەوە؛ کە ئەمە ڕەهەندێکی ستراتیژیى زۆرینەى باڵادەستە لە عێراق. بۆ مەبەستى تایبەتى خۆى دەقەکان بەناڕۆشنى و لاستیکی دەخاتە ڕوو، تا دواتر لە پڕۆسەى شرۆڤەکردن کە دەچێتە لاى دادگه‌ى دەستووریى فیدراڵی، لە بەرژەوەندیی ئەوان بڕیار دەربکرێت. کەواتە پێویستە دەقەکان لەمەودوا زۆر بەڕۆشنى دابنرێن و ده‌ستنیشان بکرێن، چونکە هەر پرۆسەیەکى شرۆڤەکردن پێناچێ لە بەرژەوەندیی کورد بێت؛ هەروەک چۆن ئەزموونی پێشووتر ئەوە دەسەلمێنێ کە لە بەرژەوەندیی ئەو نەبووە.

بوونى تیمێکی پسپۆرى سەرکەوتوو وەک think-tank، تا ببێتە یاریدەدەرێکی کارا بۆ فراکسیۆنە کوردەکان لە بەغدا و هەڵوێستى پەرلەمانییان بەهێز بکەن، چونکە شاراوە نییە لاى هەمووان کە ئەوانەى بەشدارن لە دروستکردن و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاساکان، پسپۆر نین و تەنیا زانیاریى کەمیان لەسەر ماهیەتى یاساداڕشتن هەیە. بێگومان ئەو قسەیەمان ڕەها نییە؛ لەناویاندا چەند پسپۆرێک هەن بەڵام فریاى دیراسەکردنى ئەو هەموو بابەتانە ناکەون.

هەر بۆیە ئەو تیمە کارێکی زۆر پێویستە کە لە هەمان کاتدا گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاساکان دەکات پێش چوونە ناو هۆڵی پەرلەمان؛ یان پێشنیارى پڕۆژەیاسا دەکات لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکان؛ یان هەندێ جار دیراساتی سیاسی و یاساییی پێشوەختەیان بۆ دەکەن؛ ئەمەیش لە پێناو باشتر ئامادەبوون بۆ قۆناغەکانى داهاتوو. ئەو تیمەیش دەکرێ لە سێ جۆر پسپۆرى دروست بکرێ، تا تەواوى ڕەهەندەکانى پڕۆژەیاساکان ببینن و لە مەبەستى تەواو و باکگراوندى لایەنى بەرامبەر تێ بگەن: پسپۆرانی یاسا و سیاسەت و زمانەوانی.

هەوڵدان بۆ دروستکردنەوەى هاوپەیمانێتیى سیاسی، به‌تایبەت لەگەڵ ئەوانەى کە زیاتر ڕەهەندی عێراقییان هەیە، چونکە ئەوانى تر بەنیازن ئەم جارە کورد لە سێگۆشەیەکی بێکەسیدا جێ بهێڵن و هیچ مەنفەزێکی سیاسیی بەڕووى دەسەڵاتدا چنگ نەکەوێ.

گرنگیدانی تایبەت بە دادگه‌ى فیدراڵی و دروستکردنى ڕایەڵێکى یاسایی و سیاسی لەگەڵیدا، تا لەو نێوەندەدا پێگەى تایبەتى خۆى لەدەست نەدات و ببێتە پشتیوانێکیش بۆ ئەندامانى کوردی دادگه‌ى دەستوورى و دروستکردنى هەماهەنگیى تەواو تا بە زووترین کات لە پێشهاتەکان ئاگادارى بدرێ و خۆ ئاماددە بکرێ؛ چونکە بەپێی ئەزموونى پێشوو لەو بارەیەوە هەرێمی کوردستان لە ئاستى پێویستدا نەبووە و هەندێ جار دواى بەسەرچوونى ڕووداو و بڕیارەکان بەهۆش خۆى هاتۆتەوە و لە ئاکامدا هیچی بۆ نەکراوە. هەر ئەو تیمەى کە باسمان کرد، دەکرێ ئەو ڕۆڵە ببینێ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP