چەند ساڵێکە و بەتایبەت ئەمساڵ و لەدواى ١٢ رۆژ شەڕى نێوان ئیسرائیل و ئێران ، هەرێمى کوردستان ڕووبەڕووى هێرش و پەڵاماردانێکى تیرۆریستانە لەلایەن چەند تاقم و گروپێک بەناوى بەرەى موقاوەمە بووتەوە ، ئەو گروپانە ترسنۆکانە و ڕق ئەستوور و بەشێوەى تایفى و مەزهەبى دژایەتى هەرێمى کوردستان دەکەن و لە بەغداش دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانى حکوومڕانى ئەو وڵاتە دا گڕتووە ، بۆیە ئەو بەرەى موقاوەمە شکستخواردووە دواى ئەوەى هەموو ناوچەکەیان بەناوى هیلالى شیعى لەدەست دەرچوون ، بەرەیەکى شکستخواردووە ، کوێر کوێرانە هەرێمى کوردستان بە درۆنى بۆمبرێژکراو دەکەنە ئامانج بەڵکو بتوانن تۆڵەى شکستەکانیان لە ناوچەکە لە گەلى کورد بکەنەوە .
بەدڵنییاییەوە ، ئەوانەى چەندین ساڵە هۆکارى بڕینى مووچە و بودجەى هەرێمى کوردستان و چاویان بە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانى کوردستان هەڵنایەت ، لەمێژە ئاشکرابووە مەرامیان چییە و ئێستاش بەتایبەتى ڕووى درۆنەکانیان لەو کوێیەوە ، دواى ئەوەى کەس ناویانى نەهێنا ، ئێستا خۆیان بێ شەڕمانە ئاشکرا کرد ، پێیان وایە بەو کردەوە تیرۆریستیانە دەتوانن ئابروى خۆیان و ئاغاکانیان بگەڕێنەوە ، بۆیە ئێستا دهۆڵى ناوەندگەڕایی و بانگەوازى یەک دەسەڵات دەکەن ،چونکە 22 ساڵە نەیانتوانی دیموکراسى و هاوبەشى کورد وعەرەب قەبووڵ بکەن ، ئێستا هاتوون فاشیزمانە شکستەکانیان و عێراقى نقووم بوو لە قەیران و گەندەڵى و تاڵانکارى دەستى میلیشیاکانى بەرەى موقاوەمە بشارنەوە و حکوومەتى عێراقیان گەیاندۆتە لێوارى هەرسهێنان ، بابەتێک بەناوى سەروەرى و یاسا ناو عێراقدا بوونى نەماوە .
بەهۆى بوونى ئەو گروپ و میلیشیایانەى کەناویان بەرەى موقاوەمەیە ، هیچ پێشکەوتن و گەشەسەندن لە عێراقدا بوونى نەماوە و ئەو گروپانە مافیان و خەرێکى کارى نایاسایی و بازرگانى مادەى هۆشبەر و نەوت و قاچاقچێتین و تاوانى نامرۆڤایەتى گەورە دەکەن ، بۆیە کوردستان نابێت جگە لە کارى تێکدەرانە هیچ کارێکى باشیان لی چاوەران بکات ، جگە لە درۆن هاوێژى و مووچە وبرێنى خەڵکى کوردستان .
بەرەى تیرۆریستى موقاوەمەى لە زەوى و ئاسمان شکستخواردووە ، بۆیە عێراقیان وەک دوا پێگە بەکار دێنن ، بۆ کارى تێکدەرانە و تیرۆریستى ، ئەوەش وایکردووە عێراق بگەێنێنە خراپترین دۆخى ژیان و خزمەتگوزارى و هەژارى ، بە پێچەوانەوە دراوسێیەکیان بە ناوى هەرێمى کوردستان هەیە ، بەخەونیش لەگەڵ ناوچەکەکانى باشوور و ناوەراستى عێراق بەراوەرد ناکرێت و چونکە لە هەموو ڕوویەکەوە پێشکەوتوو و گەشەسەندووە و بەتایبەت ئەو ناوچانەى ژێر هەژموونى میلیشیاکانى بەرەى موقاوەمە دایە وەک زەوى و ئاسمانە .
دەبێ ئەو راستییە بزانین ، سەرکردایەتیی سیاسى کورد ، بۆ بەدیموکراسیکردن عێراق و جێبەجێکردنى دەستوور وهاوبەسى و چەسپاندنى فیدڕاڵى هەوڵێکى زۆریدا، بەڵام لە کۆتاییدا دەستوەردانى وڵاتانى دراوسێ و بەتایبەتى ئێران ، عێراقیان گەیاندە خاڵى سفر و نەیانتوانى دیموکراسى هەرس بکەن ، ئێستا دەوڵەتێکى میلیشیایی وەلائیی تیرۆریستى دەستى بەسەر هەموو جومگەکانى عێراقدا دا گڕتووە ، باوەرى بەپێکەوەژیان و هاوبەشى نییە جگە لە خۆسەپاندن و دەسەڵاتێکى جەنگەلەستیان نەبێ .
هەموو ئەو هێرشە درۆنییە تیرۆریستیانە بۆ سەر ژێر خانى ئابوورى و نەوتى کوردستان و ئینجا ڕێگریکردن لە هاتنى ماف و شایستەدراییەکانى گەلى کورد لە لایەن عێراق بە فشارى ئەو گروپانەى بەرەى موقاوەمە ، پێمان دەڵێن ، ئەو کردەوانە هیچیان لەتاوانى تیرۆریستانى داعش کەمتر نییە دژى گەلى کورد و بۆ تێکدانى سەقامگیرى و ئاشتى و ئاوەدانى و پێکەوەژیان ، بەدڵنییاییەوە چارەنووسى ئەو تاقم و گروپە میلیشیایانە لەعێراق خراپتر دەبێ لە تیرۆریستانى داعش و کوردستانیش و پێشکەوتنەکانى ناوەستێت .