3 لە 9
متمانەی دامەزراوەییش درێژبوونەوەی باوەڕی کەسەکانە و دەچێتە ناو ڕۆحی دامەزراوە دەستەجەمعییەکان. ئەمەش ئەو متمانەیەیە کە ئێمە نەک تەنها بە تاکێک، بەڵکو بە بەردەوامی و یەکگرتوویی و دادپەروەری سیستەمەکان، حکومەت، دادگا، قوتابخان، میدیا و دامەزراوە زانستییەکان دەیبەستینەوە.
بە پێچەوانەی متمانەی نێوان کەسەکان کە لە سەربنەمای تێکەڵی و عەتیفە دامەزراوە، متمانەی دامەزراوەیی پشت بە شەرعیەتی سەرووی کەسی دەبەستێت. کە لە یادەوەری مێژوویی و عەقڵی گشتیدا دروست دەبێت. بۆ نموونە کۆماری ڕۆمانی لەسەر حوکمڕانی کاریزما دانەمەزرا بوو، بەڵکو لەسەر بنەمای res publica - شتە گشتیەکە دامەزرا بوو. بیرۆکەکە سادە بوو بەڵام بەنرخ بوو، بۆ ئەوکات شۆڕشگێڕانە بوو، دەسەڵات لە کەسێکدا نا بەڵکو لە دامەزراوەکانی یاسایدا سنووردار کرا بوو. متمانە بەو دامەزراوانە نەک وەک هەست، بەڵکو وەک فەزیلەت سەیر دەکرا. کاتێک سیسێرۆ(Cicero106-43) بەرگری لە کۆمار کرد لە دژی چاوچنۆکی قەیسەر، ئەو تەنیا دژی ستەمکاری نەبوو؛ بەرگری لە جەوهەری متمانە دەکرد کە ڕێگەی بە ڕۆما دەدا لە دەرەوەی خواستی فەرمانڕەواکانی بمێنێتەوە.
سەرنجەکە لێرەیە کە متمانەی دامەزراوەیی هەمیشە ناجێگیرە. پێویستی بە کارلەسەرکردنی بەردەوام و شەفافیەت و لێپرسینەوە هەیە، نەک وەک دروشم، بەڵکو وەک واقیعی کردەنی.
جۆن لۆک(John Locke 1632- 1704) لە ڕیساڵی دووەمی حکومەتدا ئاماژەی بەوە کردووە کە شەرعیەتی سیاسی لە ڕەزامەندی حوکمڕانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام ئەوەی ئەو ڕەزامەندییە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، ئەو باوەڕەیە کە دامەزراوەکان خزمەت بە خەڵک دەکەن نەک بەسەریانەوە زوڵم بکەن. کاتێک ئەم باوەڕە دەشێوێت، وەک ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسادا یان لەم دواییانەدا لە بەهاری عەرەبیدا ڕوویدا، یان وەک ئەوەی ئێستە لە عێراق، ئێران و تورکیادا هەیە ئەوا داڕمانەکە تەنها سیاسی نییە دەروونیشە.
لە دیموکراسییە سەردەمی و ئابڕوودارەکاندا متمانە بە دامەزراوەکان بە باوەڕی گشتی بە هەڵبژاردن و دادگا و سیستەمی پەروەردە و ڕۆژنامەگەری دەپێورێت. تیۆدۆر ئادۆرنۆ(Theodor W. Adorno 1903-1969) وریایی کردینەوە لەو مەترسییانەی لە بێ متمانەیی بە دامەزراوەکان سەرهەڵدەدەن. ئەوکاتە بۆشایییەک دروست دەبێت کە پاوانخوزی و پۆپۆلیستی و مەیلی پلانگێڕی پڕی دەکاتەوە. کاتێک لە دادگا یان ژوورەکانی هەواڵسازیدا حەقیقەت بوونی نەبێت، ئەوا ئەوەی دەشکێت نیشتیمانە.
متمانەی دامەزراوەیی بەرهەمێکی کولتووریشە. لە کۆمەڵگاکانی سکاندیناڤیادا، ئاستی بەرزی متمانە بە سیستەمی گشتی لەخۆیەوە نەهاتووە، ئەوان دەرئەنجامی دەیان ساڵەی حوکمڕانی کارامەی خۆیان نیشان دەدەن، خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و شەفافیەتی ڕێژەییان مایەیی سەرنجە، وەک فرانسیس فۆکویامای 72 ساڵە (Francis Fukuyama 1952) دەنووسێت، متمانە جۆرێکە لە سەرمایەی کۆمەڵایەتی کە گەشەسەندنی ئابووری و سیستەمی دیموکراسی پایەدار دەکات. پایەدارییەک کە بناغەکەی لە res publica ی ڕۆمانی دێت.
لە فیلمی دادگاییکردنی کافکا ڕامێنە، پاڵەوانەکە جۆزێف ک. لە سیستەمێکی یاسایی وشک و برینگدا گیری خواردووە کە بێ ڕوونکردنەوە و تانەدان بەڕێوەدەچێت. لە بەرامبەردا، میدلمارچی جۆرج ئێلیۆت(بە یەکێک لە ڕۆمانەکانی ئینگلیزی دادەنرێت. بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەک لە ژیانی شارۆچکەیەک و وێنەیەکی وردی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ژمارەیەک کەس لە شارۆچکەیەکی خەیاڵی چینی ناوەڕاستی میدلمارچ دەخاتە ڕوو). دەرکەوتنێکی لەسەرەخۆ ناواخن بە ئەخلاقی دامەزراوەکان لە شارۆچکەیەک نیشان دەدات.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پێم وایە لە هیچ شوێنێک هاوڵاتیان نایانەوێت داموودەزگەکان خەیاڵی بن، نایانەوێت، یەکسانی پڕاوپڕ ەرقەراربێت، دەیانەوێت لانی کەمی داد پەروەری و یەکسانی بەرامبەر یاسا هەبێت، بژین بەڵام بۆ مانەوەو هەناسەدان کەرامەتیان نەفرۆشن.
ئەمەش بریتییە لە بوونی لێپرسینەوە و چاوەڕوانی خەڵکەکە تا ئاستێک لە یەکگرتوویی ئەخلاقی کە پاساو بۆ ئەو دەسەڵاتە بهێنێتەوە کە حوکمیان دەکات. بێ ئەو متمانەیە، تەنانەت جوانترین دەستوورە نووسراوەکانیش دەبنە پیتی مردوو، مردوو وەک ئەو شارەمێرووەی زاڵمانە پێی گێلانەی لێنراوە، مێرووە وشەکان هەموویان مردوون، نەک شارە مێرووەکان، بەڵکوو وێرانبوونی شارستانییەتە گەورەکان، لەبنوپاڵەوە لە بابلەوە تا بەغدا، بەردەوام لەپای شکستی سەربازیدا نەبووە، بەڵکو نەبوونی شەرعییەتی دامەزراوەیی بووە
متمانەی کۆمەڵایەتی (Public Trust)
متمانەی کۆمەڵایەتی، یان متمانەی گشتی و گشتگیر، ژێرخانی بەنرخ و شاراوەی ژیانی گشتییە. ئەو باوەڕەیە کە ئەوانەی ناشیانناسین شایەنی ڕێزو هاوکارین، دوژمن نین بەڵکو هاوبەشی یەکترین لە سیستەمێکی ئەخلاقی و مەدەنیدا. بە پێچەوانەی متمانەی دامەزراوەیی کە فەرمیە، یان متمانەی نێوان کەسەکان کە عاتیفییە، متمانەی کۆمەڵایەتی پەیوەندی بەدەوروبەرەوە هەیە. ئەوە ئەو باوەڕەیە کە ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە هەرچەندە کەمووکویشی هەبێت بەڵام تاڵانمان ناکات.
لە کۆمەڵناسی ئیمیل دورکهایم(Émile Durkheim 1858-1917)دا ئەم بیرۆکەیە لە ڕێگەی هاوپشتی میکانیکی و ئۆرگانیکەوە جەختی لێکراوەتەوە. لەگەڵ فراوان بوون و ئاڵۆز بوونی کۆمەڵگاکان ناشێت متمانە لە خێڵ یان هۆزدا سنووردار بێت- دەبێت بەناو سەرجەم پیشە و چین و ئایدۆلۆژیاکاندا شۆڕبێتەوە. مامۆستا دەبێت متمانەی بەوە هەبێت کە ئەو خواردنەی دەیکڕێت ژەهراوی نییە؛ نەخۆش دەبێت متمانەی بەو زانایە نەناسراوە بکات کە لە پشت دەرمانەکەوەیە و ئەو بازرگانەیش کە هێناویەتی.
خەڵکەکە باوەڕبکات هەمووان وەک یەک پارەی خزمەتگوزرارییەکان دەدەن. لە تیۆری ئابووری
ئادەم سمیسدا(Adam Smith 1723-1790) دەستی نەبینراو تەنها لەبەر ئەوە کاردەکات کە متمانەمان بە کەسانی دیکە هەیە کە گوێڕایەڵی گرێبەستەکان بن و ڕێز لە موڵک و ماڵیان بگرن و پابەندبن بە باهاکانەوە. بێ ئەم متمانە گشتییە بنەڕەتییە، ئیتر بازاڕ شوێنی شەڕو ساختەچییەتییە. سمیس لە تیۆری هەستی ئەخلاقیدا بە ڕوونی باس لەوە دەکات کە ڕێکخستنی ئابووری تەنیا بە بەرژەوەندی خۆوە بەند نییە، بەڵکو بەندە بە متمانەی بنەڕەتی و چاوەڕوانییەکان و کەرامەتی ئەوانی دیکەوە.
داڕمانی متمانەی کۆمەڵایەتی زۆرجار کاری شەوڕۆژێک نییە. کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤەکان پێیان وایە “هەموو کەسێک درۆ دەکات”، “هیچ شتێک دادپەروەرانە نییە”، یان “یاساکان تەنها بۆ هەژارەکانن”. سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم و دووبەرەکی و شوناسە جیاوازەکان و توڕەیی کە لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە دەردەبڕێت لەمەوە هێز وەردەگرێت. متمانەی کۆمەڵایەتی وێنەکە بە گوومان پڕ دەکاتەوە. لە کەش و هەوایەکی وادا چاکەی گشتی دەبێت دەستەواژەیەکی بێ بەتاڵ. لە کتێبی تاعونی ئەلبێرت کامۆ(Albert Camus1913-1960)دا، شارۆچکەی ئۆران دەبێتە شوێنێک بۆ تاقیکردنەوەی ئەخلاقی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تاعونەکە، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە کێ لە ژیاندا دەمێنێتەوە، بەڵکو کێ بە شایستەیی دەمێنێتەوە. پزیشک ڕیۆکس بەردەوامە لە خزمەتکردن وەک ئەرکێکی مرۆیی. ئەمە جەوهەری متمانەی کۆمەڵایەتییە واتە ئەو باوەڕەی کە تەنانەت کاتێک سیستەمەکان شکست دەهێنن، مرۆڤەکان دەتوانن بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە یەکتر بپارێزن.
ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ژیانمان لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵیەکانەوە پڕدەکرێتەوە، متمانەی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەبێتەوە. ئایا دەتوانیت متمانە بەو کۆمێنتە بکەیت کە دەیخوێنیتەوە، ئەو وێنەیەی دەیبینیت، ئەو پڕۆفایلەی فۆڵۆوی دەکەیت؟ چی ڕوودەدات کاتێک جیهانی کۆمەڵایەتیت لەلایەن ئەلگۆریتمەکانەوە ڕێک دەخرێت، کە توڕەیی و بێ ڕێزی لەسەرووی ڕێزەوەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا، خۆڕاگری متمانەی کۆمەڵایەتی دەتوانێت سەرسوڕهێنەر بێت. لە ساتەکانی قەیراندا، کارەساتی سروشتی، شەڕوشۆڕ، پەتا بینیومانە کەسانی نەناسراو یارمەتی هەموان دەدەن، نەک لەبەر پابەندبوون و وەزیفە، بەڵکو لە تێگەیشتنێکی هاوبەشەوە کە بەهای مرۆڤ جەختلێدەکاتەوە.