بەشی 2 لە 9
متمانەی نێوان کەسەکان
متمانە لە نێوان تاکەکاندا، جا هاوڕێ، خۆشەویست، خوشک و برا، یان هاوڕێ بن، ناجێگیر و ئاڵۆز خۆی پیشان دەدات. ئەمە ئەو متمانەیەیە کە لە "یاسا"کان یان "سیستەم"ی "دامەزراوە"ییەکاندا جێگیر نەکراوە بەڵکو لە ئاماژە و یادەوەری و دووبارەبوونەوەی هەستیاری ژیانی ڕۆژانەدا چەسپاوە، لێرەدایە، لەسەر ئاستی تایبەت و کەسی، متمانە جێگیری و ناجێگیرییەکەی ئاشکرا دەکات.
متمانەی نێوان کەسەکان بازدانێکی نادیدە نییە بەڵکو زەوییەکی پێشتر داچێنراوە. پێ بەپێ لە کردەی نێوان پێکەوەیی ، هاودەنگی و یادەوەرییەوە داچێنراوەکە دەڕسکێ و کۆرپەدەبێ و بەرهەم دەدات.
لەم وەرزانەی داچاندندا ئەو بەریەککەوتنە دووبارەبووانەی کە لەیادەوەریدا دەمێنێتەوە مانا بە پەیوەندی نێوان تاکەکاندا دەدات.
لە ڕووی فەلسەفییەوە چەمکی پەیوەندی "من"و"تۆ" لەلایەن مارتن بوبەر "Martin Buber، 1878- 1965"ەوە جەوهەرەکەی ئاشکرا کرا. لای بوبەر، دیالۆگی ڕاستەقینە و ناسینی ڕاستەقینەی "ئەویتر" وەک بابەتێکی تەواو و بناغەی پەیوەندییە ڕەسەنەکانی نێوان کەسەکانە. بە پێچەوانەی پەیوەندی "من" "ئەو"ە کە ئەوی دیکە دادەخاتە خوارەوە بۆ شتێکی سوودبەخش، ئەوا بەریەککەوتنی من وتۆ یەکێکە لە بەرجەستەکانی متمانەپێکراو. وتنی "تۆ" داننانە بە لاوازی، ڕۆچوونە بۆ ناوئاخنی پەیوەندییەکەوە کە حیساباتی تێدا وەبارچاونەگیراوە تا هاوبەشیکردن ببێتە شتێکی مومکین.
ئەم مەترسییە بوونگەراییە لە ئەدەبیشدا چەقی بایەخ پێدانە، لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆڤی فیۆدۆر دۆستۆیڤسکیدا، متمانەی نێوان ئەلیۆشا و ئیڤانی، لەسەر بنەمای ڕێککەوتن یان لێکچوون نییە بەڵکو لەسەر بنەمای ئامادەیی بەرگەگرتنی دژایەتییە ئەخلاقییەکانی یەکترە. بە هەمان شێوە لە کتێبی (To the Lighthouse)ی ڤێرجینیا وۆڵفدا، متمانەی لەبەهانەی هەستپێنەکراوی نێوان کارەکتەرەکانی وەک خاتوو ڕامسای و لیلی بریسکۆ زۆر نەڕێسراوەو نەپێسراوە، لە ڕێگەی سەرنجدان، تێگەیشتنێکی هاوبەش و ئەوەی خزمەت دەکات ڕێکخراوە.
فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆن وایل نووسیویەتی “سەرنج دەگمەنترین و پاکترین شێوەی بەخشندەییە”. ئەم لێدوانە تایبەتمەندییەکی سەرەکی متمانەی نێوان کەسەکان لە باوەش دەگرێت، پێویستی بە ئامادەبوون هەیە.
بەڵام متمانە لە ئاستی نێوان کەسەکاندا تەنیا هەڵوێستێکی ئەخلاقی نییە؛ هەروەها دیاردەیەکی دەروونییە. تیۆری وابەستەبوون کە لەلایەن جۆن بۆولبی" John Bowlby-1907-1990" پتر شەنو کەوکراوە، زەلاڵی دەکات کە ئەزموونە سەرەتاییەکان لەگەڵ چاوەڕوانییەکانمان لە کەسانی دیکە دەچەسپێت. ئەوانەی شێوازی وابەستەیی پارێزراویان هەیە، ئەگەری زیاتریان هەیە متمانە بدەن و وەریبگرن؛ ئەوانەی مێژووی ئازاریان هەیە، ڕەنگە لە سوڕی بێ متمانەیدا بسوڕێنەوە، هەرچەندە سوڕەکە تاسەر نییە و دواجار ڕەوتەکە ئازاد دەبێت.
لە ڕۆمانی خۆشەویستەکەی تۆنی مۆریسۆندا، دووبارە بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان سێتی و پاوڵ دیدا شتێکی بێ بێمانا نییە، بەڵکو بە ئازارە. مێژوو ناسڕێتەوە بەڵکو داهاتوویەک لە دانپێدانان و یادەوەری هاوبەش دروست دەکرێتەوە. لە متمانەی نێوان کەسەکاندا، لێخۆشبوون نییە، لەبیرچوونەوە هەیە، کە دەبێتە هەڵبژاردنێکی دیسپلینکراوی عاقڵانە بۆ باوەڕبوون بە داهاتوویەکی جیاواز لە ڕابردوو.
کەواتە متمانەکردن بە مرۆڤێکی تر شتێکی ئاسایی نییە. گرەوێکی وجودییە کە لاوازی تۆ لە دژی تۆ بەکارناهێنێتەوە. بریتییە لە باوەڕبوون بەوەی کە ئەویتر فەزای نێوانتان ناڕوخێنێت بۆ دەستکاریکردن یان ئیستغلالکردن. متمانەی نێوان کەسەکان کردەوەیەکی ڕۆحییە کە جل و بەرگی سادەس لەبەردایە.
لە کۆتاییدا متمانەی نێوان کەسەکان بچووکترین یەکەی بوونی کۆمەڵایەتییە، بەڵام کاریگەرییەکانی فراوانن. زۆرجار شکستی حکومەتەکان و دامەزراوەکان و ئایدۆلۆژیاکان لەم ئاستەوە دەست پێدەکات، کاتێک مرۆڤەکان باوەڕیان بە یەکتر نەماوە. بەڵام لەو شوێنەی کە متمانەی نێوان کەسەکان زیندووە، کەرامەت دەدرەوشێتەوە، ئەوا بەرەو پێشەوە چوونی شارستانیانەش دەدرەوشێتەوە.