دواین هەواڵ

ئەبوو وا بێ، کەچی وا نەبوو!

‌شیروان تاڵیب

23 کاتژمێر پێش ئێستا

هەموو دنیا پێیان وابوو عێراق و عێراقییەکان لە جەنگە پێشوەختە (چاوەڕوانکراو)ەکەی ئێران ـ ئیسرائیل و ئەمریکادا خۆیان ئەکەنە تەرەف، ئینجا ئەمریکاش دێ لێیان ئەدا و سەرە گەورەکانیان لەناو ئەبا و ئیتر بەغدا ئەکەوێتە وەزعێکی وەهاوە، کەس حەسوودی پێ نابا!

تەبعەن ئەمە زۆر ڕێی تێ ئەچوو وابێ، بەس نە وابوو نە وا دەرچوو! بۆ وا نەبوو وا دەرنەچوو، ئەوەیان هەقایەتێکی درێژە و زۆری ئەوێ، بەڵام بەسەرهاتێکی کورت هەیە زۆری ناوێ، ئەیگێڕمەوە…

لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ کە (بزووتنەوەی گۆڕان) تازە هاتبووە مەیدان، لەگەڵ کاک کاروان ئاکرەیی( بەڕێوبەری ئەوکاتی کوردستان تیڤی)، لای کاک فازیل میرانی بووین. کاک کاروان لێی پرسی: چ تەصەورێکت بۆ بزووتنەوەی گۆڕان هەیە؟

میرانی وەک عادەتی خۆی، جوابەکەی بە هەقایەتێک دایەوە و وتی:

مانگایەک بە خێرایی بەرەو ڕووی دوو نەفەر ئەهات، یەکێکیان وتی: ئەوە (گا)یە، ئەوی تریش وتی: خەمت نەبێ مانگایە، هی یەکەم دیسانەوە وتی: خۆی بە هەموو حسابێک مانگایە، بەس ئەی ئەگەر گا دەرچوو؟!

جوابەکەی میرانی زۆر جالب بوو..

دەی عێراقیش بە هەموو تەصەوراتێک ئەبوو لەو جەنگەدا ببێتە تەرەف، کەچی نەبوو.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP