( بین لیلة وضحاها)!
صەددام لە ١٩٩١ و ئەسەدیش لە ٢٠١٢دا، جگەلەوەی بیانووی چاک بۆ خستنیان هەبوو، ئەوەندەش لاواز بوون بە پاڵێک ئەکەوتن، کەچی هەردووکیان دوای ١٢ ساڵ ئینجا خران، خستنەکەشیان، هی یەکەم دوو حەفتە و هی دووەمیش دوو سێ ڕۆژێکی پێویست بوو!
بەپێی ڕاپۆرتە موخابەراتییەکانی ئەم دواییانە، کوشتنی حەسەن نەسروڵڵاش هەر بەقەد ئاوخواردنەوەیەک زەحمەت بووە، کەچی ٤٠ ساڵ لێی گەڕان بکوژ و ببڕی لوبنان خۆی بێ تا وەختی هات، کە وەختی هات، لە تەنیا ١٠ سانیەدا لەت لەتیان کرد!
گۆڕینی ڕژێمەکان و لەگۆڕنانی ئەشخاصە (نامەرغووب)ەکانی ئەم ناوچەیە، هەر لە صەددامەوە بیگرە تا ئەگاتە بەشار و زائیدەن ئەوانەیشی کە لادان و لەتکردنیان کەوتە بەینی ئەو دووانەوە، هیچیان بۆ خاتری چاوی خەڵکە مەزڵوومەکەی ژێر دەستیان نەبوو، بەنیەتی گۆڕانکارییش لە خراپەوە بۆ چاک نەبوو، ئەوەی پێیشی ئەوترێ (دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و چی و چی..) ئامانج نەبوون، بەڵکوو لەڕێی هێشتنەوەی ئەو نەوعە ڕژێمانە لە حوکمی دوور و درێژدا، سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتانەیان بەرەو بۆگەنبوون و حاکمەکانیشیان بەرەو قەراری غەڵەت و موغامەرات برد و لە نەتیجەشدا، لەڕێی ئابڵووقەکانەوە، هەڵتەکاندنی بونیادی دەوڵەتیی ئەو دەوڵەتانە تا جارێکی تر نەبنەوە بە دەوڵەت و بێزارکردنی خەڵکەکەشیان تا ئەو حەددەی کە بۆ خەڵاصبوون لەدەستی ڕژێم و حاکمەکانیان، دەست بخەنە ناو دەستی (شەیتان)یشەوە و بە هەموو نەوعە (بەدیل)ێک ڕازی بن، ئامانجی ئەوەڵ و ئەخیر بوو،، بەڵام هی کێ؟!
هی ئەوانەی کە سەرەتا یان خۆیان ئەم ڕژێمانەیان هێنا، یان بۆ هاتنیان ڕێیان خۆشکرد، دواتر ژێربەژێر دەعمیان کردن و لەڕێی میدیاوە فوویان تێکردن و ئێ کاتێکیش ئەوەی کە پێویست بوو بیکەن کردیان و کاریان پێیان خەڵاص بوو، هەر خۆیان بە نووکی دەرزییەک فشیان کردنەوە و فتیان کردن و دەوڵەتهای خاڵی لە سیستم و غەرقبوو لە فەوزایان، تەسلیم بە گەلانیان کردن!
گەلانی ئەم ناوچەیە بە سەردەست و بندەستەوە، لەژێر ڕەحمی قەراری قەدەرێکدان کە ئەوان بەشێک نین لە دروستکردنی، بەڵکوو شەو کە ئەخەون حاکمێک حوکمیان ئەکا و سبەی کە هەڵئەسن یەکێکی تر، ئیتر ئەوەی پێی ئەوترێ شۆڕش و ڕاپەڕین و خەبات و تێکۆشان لەپێناو (گۆڕانکاری)، ناڵێم یەعنی هیچ، بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسڵحەتی زلهێزانی دنیا (لە ناوچەکەدا) نەیەتەوە، ئەوا تەقریبەن هیچ و بۆی هەیە ئەولاتریش!
ئەکیدم لە کۆمێنت ئەنووسن ئەی وەزعی خۆمان چۆن و چی؟
بەر لە جوابەکەی، با کەمێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە..
ڕاپەڕینی ١٩٩١، بەردی بناغەی هەموو ئەو وەزعەیە کە ئێستا هەمانە، بەڵام سەرباری ئەوەی کە هەریەک لە سەرۆک بارزانی و ڕەحمەتی مامجەلال، بەهۆی دوور و ورد بینیی سیاسییانەوە، هەردووکیان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لە دوو جێی جیاواز و لە دوو زەمەنی جیاجیای لەیەک نزیک، پێشبینیی گۆڕانکارییان لە وەزعی عێراقی دوای شەڕی عێراق ـ ئێراندا کردووە، بەڵام دواجار ئەوەی لە هاوینی ١٩٩٠ ( داگیرکردنی کوەیت) ڕوویدا و ڕێی بۆ گۆڕانکارییەکانی دواتر کە ڕاپەڕینەکەی ئێمە یەکێکیان بوو خۆشکرد، لە تەسەوری عەبدی بەشەری ئەم ناوچەیەدا نەبووە و ئەسڵەن شۆکێکی گەورەش بووە، هەربەوەشدا بزانە وا بووە، ڕەحمەتی نەوشیروان مستەفا، کە ناوی وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین ڕۆیشتووە، بەپێی چەندین کتێبی موزەکەراتی سەرکردە قەرارسازەکانی خودی یەکێتییەکان خۆیان، بەر لە ڕاپەڕین بە کەمتر لە ساڵێک ( واتا پێش داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە)، بە حەددێک لە شۆڕشی کورد و گۆڕانکاری لە عێراق بێ ئومێد بووە، داوای موفاوەزاتی لەگەڵ بەعسدا کردووە!
جا لێرەوە با بێینەوە سەر جوابەکە..
لەڕاستیدا ئێمەی بندەست و بێ دەوڵەت، وەک هەموو ئەو گەلانەی تری ناوچەکە (کە بەحساب سەردەستن و خاوەن دەوڵەتیشن!) لە چاوەڕوانیداین! ڕاستە هەریەکەمان بەپێی پێگە و جێگەکەی خۆی، کاریگەرییەکی لەسەر ئاراستەی ئەوەی کە ڕووئەدا هەیە، بەڵام دواجار هەر هەموومان خۆمان داوەتە دەست قەدەری (بین لیلة وضحاها).