لەوەدەچی قەیرانەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی مێژوویی هێندە زۆر و بنیاتگەری و گشتگیربن، تەنانەت دەتوانین بڵێین لە خودی ئەو ناوە دەستپێدەكات، كە بۆ ئەم ناوچەیە دەستنیشانكراوە.
لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەدەبیاتی سیاسی بەریتانیا و دواتر لە دوای یەكەمین شەڕی جیهاندا، دەستەواژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمەریكاوە بەكارهێنرا.
بەكارهێنانی دەستەواژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە خودی خۆیدا بەشێكە لە دید و چەمكی "سەنتەڕاڵیزمی ئەوروپی"، كە ڕەنگدانەوەی بۆچوونی سەروەری و هەژموونی شارستانی ئەوروپایە بەسەر سەرجەم شارستانییەكانی جیهان و ڕەنگدانەوەی دیدێكی جوگرافی كۆلۆنیالیستە، كە پێیوایە ئەوروپا ناوەند و سەنتەری جوگرافی و كەلتووریی جیهانە و ناوچەكانی دیكەی جیهان لەسەر بنەمای دووری و نزیكی لەو سەنتەرەوە دەبێ ناوی بۆ دابنرێت.
ئەم ناوە تا ئێستا وەك میراتێكی كۆلۆنیالیستی بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە ماوەتەوە بێ ئەوەی گەلانی ناوچەكە ئەو ناوەیان بۆ ناوچەی خۆیان هەڵبژاردبێت.
دەوڵەتە كۆلۆنیالیستەكان نەك تەنیا ناویان بۆ ناوچەكە دانا، بەڵكو دوای ڕوخانی ئیمپراتۆری عوسمانی، ڕاستەوخۆ دەوڵەت و شوناسی ئەو دەوڵەتە و سیستمی حوكمڕانی تێیدا بێ ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچەیە و تەنیا لە ڕوانگەی پاراستنی پەرژەوەندییەكانیان و بەردەوامبوونی دەسەڵاتی كۆلۆنیالیستییان، دەستنیشانكرد و بەردەوام دەستێوەردانی ڕاستوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەم ناوچەیەدا ئەنجامدا، بەمەبەستی پاراستنی هەژموون سیاسی و بەرژەوەندییەكانی تایبەت بە نەوت و سەرچاوەكانی وزە و دەستبەسەراگرتنی ڕێڕەوی كەناڵە ئاوی و دەریاییەكان.
لە ئاكامی دابەشكردنی ناوچەكە و بەزۆرەملێ دەوڵەت دروستكردن و سنوور دەستنیشانكردن لەلایەن كۆلۆنیالیست و داگیركەرانی ناوچەكە بەپێی سایكس بیكۆ، بەرهەمی مێژوویی ئەم بابەتە، كە تا ئێستا بەردەوامە و گەلانی ناوچەكە پێوەی دەناڵێنن، بریتییە لە قەیرانی دەوڵەت.
هاوكات لەگەڵ قەیرانی دەوڵەت، كە بنەمای سەرەكی ناسەقامگیری سیاسییە لە ناوچەكەدا، گرفتە كەڵەكەبووەكان چەندین بواری دیكەیان گرتەوە و بەچەندین شێوازی كارتێكردنی خۆی لەچوارچێوەی یاساكانی ناكۆكی و ململانێ لەسەر ڕەوشی گشتی ناوچەكە جێهێشتووە و لەم بوارانەی خوارەوەدا دەردەكەون:
ــ بەردەوامبوونی شەڕ و ناكۆكی و ململانێی سیاسی بەجۆرێك، ئەم ناوچەیە بە چاوگی سەرەكی بارگرژی دادەنرێت. جگە لە ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل، كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەردەمی فرەجەمسەری و تاكجەمسەریدا شكستی لە چارەسەركردنی هێنا، شەرٍی ناوخۆیی لە لوبنان و سوریا و یەمەن و دیاردەی میلشیای سەربازی و دروستبوونی گرووپی جۆراجۆری تیرۆریستی و شەڕی بەوەكالەت و پەیدابوونی هەردوو جەمسەری هەرێمایەتی ئێران و توركیا، ڕەوشی ناوچەكەی ئاڵۆزتر كرد.
ــ گەشەپێدانی ئاراستەی تایفەگەری و مەزهەبی بەتایبەتی نێوان شیعە و سوننە و درووستبوونی میلشیای سەربازی لەسەر ئەم بنەمایە و بەكارهێنانی شوناسی تایفەگەری و سەپاندنی هەژموونی نەتەوەی سەردەست و تایفەی باڵادەست لەلایەن حوكمڕانەكانەوە لەپێناوی چەسپاندنی دەسەڵاتی ڕەها.
ــ بەردەوامبوونی سیستمی سیاسی دیكتاتۆری و پێشێلكردنی دیموكراسی و زەوتكردنی مافی مرۆڤ و پێشێلكردنی سەرجەم ئازادییە تاكەكەسییەكان و مافی ژنان و ماوەنەدان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆن و زەوتكردنی مافی كەمەنەتەوە و پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكان.
ــ دەستێوەردانی دەرەكی بەهۆی ململانێی ناوەندە سەرمایەدارە نێودەوڵەتەییەكان و كاركردن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەكانی وزە. ئەم بابەتە هەندێ جار بەشێوەی دەستێوەردانی ڕاستوخۆی سەربازی بووە، وەك لەشكركێشی ئەمەریكا و ڕووسیا لە ناوچەكەدا، جگە لە پاڵپشتیكردنی ڕژێمە دیكتاتۆری و میلیشیا سەربازییەكان و ئاراستەی شەڕ بەوەكالەت.
ــ شكستی پرۆسەكانی گەشەپێدان بەهۆی وابەستەیی سیاسەتی ئابووری و دیاردەی گەندەڵی و بەردەوامی ئابووری بەرخۆر، كە سەرجەم ئەم هۆكارانە بوونەتە هۆی زیادبوونی هەژاری و بێكاری و فراوانبوونی دیاردەی پەراوێزخستنی ئابووری و كۆمەڵایەتی.
ئەگەر بەشێوەیەكی گشتگیر بڕوانینە سەرجەم ئەم دیاردە و گرفتانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە قەیرانێكی سەرانسەری ئالۆز و هەمەلایەن و گشتگیر دووچاری ئەم ناوچەیە بۆتەوە.
ئەم ناوچەیە دورگەیەكی دابڕاو لە جیهانی ئەمڕۆ نییە و پەرەسەندنی ڕەوشی نێودەوڵەتی و گۆڕانی تەرازوو، و ڕێزبەندی هێز و پەرەسەندنەكانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ڕاستەوخۆ كارتێكردنی لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە و ئەمەش وایكردووە ناوەندنی خاوەن هێز لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەكانیانەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابووردوودا چەندین پرۆژەی دەرەكی بخەنەڕوو، لەوانە:
1ـ ئاژاوەی داهێنەرانە (Creative Chaos)
ئەم بابەتە لەلایەن كوندالیزا ڕایس ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیری دەرەوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سەردەمی بوش خرایەڕوو، بەبیانووی بڵاوكردنەوەی دیموكراسی و هەڵوەشاندنەوەی سیستمە كۆنەكان و بنیاتنانی سیستمی نوێ، كە گوایە ئازادی دابینبكات، بەڵام بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، كە ئەمریكا پەیڕەویكرد، قەیرانی دەوڵەت قووڵتر بۆوە و لە جیاتی بنیاتنانەوەی دەوڵەت بەشێوازی نوێ، قەیران و گرفتەكان زیاتر بوون، جگە لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی میلیشیا و گرووپی تیرۆریستی و زیادبوونی دەستێوەردانی دەرەكی هەمەلایەن.
2ـ ڕێكەوتنەكانی ئەبراهام (Abraham Accords)
ئەمەش پەیوەندیی بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و بەشێك لە دەوڵەتە عەرەبییەكانە، لەوانە ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سودان، كە لەسەردەمی ترامپدا بانگەشە بۆ فرانكردنی دەكرێت. ئەم ئاراستەیەش ئەگەری هاوكاری ئابووری و تەكنەلۆجی نێوان لایەنەكانی و كەمكردنەوەی گۆشەگیری ئیسرائیل لە ناوچەكە و گۆشەگیركردنی ئیرانی لێ چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام نەبووە هۆكارێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین و بەشێك لە ڕای گشتی عەرەب بەئاساییكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بێبەرامبەر دایدەنێت، بێ ئەوەی ئاشتییەكی ڕاستەقینەی ڕەوا نێوان عەرەب و ئیسرائیل دروستبكات، جگە لەوەی ئەم پرۆژەیە شوناسێكی ئایینی بە كێشەكانی ناوچەكە دەبەخشێت و دەیباتە خانەی پێكدادانی شارستانییەكان و عەقلیەتی گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەكەدا.
3ـ پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
ئەم پرۆژەیە هەندی جار بە پرۆژەی ناوەڕاستی گەورە دەخرایەڕوو، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سەرەتاكانی سەدەی بیستویەكەم بەمەبەستی دانانی چوارچێوەی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كەلتووری لەو ناوچەیەدا باسی لێكرا و تەنانەت دەتوانین بڵێین ئاراستەی (ئاژاوەی داهێنەرانە) و ڕێكەوتنەكانی ئەبراهام بەشێكن لەو پرۆژەیە.
هەرچەندە تا ئێستا باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەكرێت، بەڵام هەنگاوەكانی ئەم پرۆژەیە ناكۆكی و پێكدادانی سەربازی و شەڕی لە ناوچەكەدا زیاتر كردووە و نەبۆتە هۆی ئەنجامدانی گەشەپێدانی هاوبەشی سەرجەم گەلانی ناوچەكە و لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیی ناوەندە ئیمپریالیست و سەرمایەدارەكانە.
بەبۆچوونی ئێمە ئەو ڕۆژهەڵاتە ناوەڕاستەی بەرهەمی سایكس بیكۆ و پەرەسەندنەكانی زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوپێش بووە، توانای ژیانەوەی بەهەمان ریتمی پێشتر نییە و هۆكاری سەرەكی شكستی ئەو پرۆژانەی بەمەبەستی چاكسازی باسدەكرێن، بریتییە لەوەی كە دانەری پرۆژەكان، ئەو هێزە دەرەكییانەی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتین، كە لە دیدی پاراستنی بەرژەوەندی جیوسیاسی خۆیانەوە پرۆژە بۆ ئەم ناوچەیە دادەڕێژن.
قەیرانی سەرەكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانی نەبوونی پرۆژەی نیشتمانی تایبەتە بە هەر دەوڵەتێكی ناوچەكە، كە پشت بە ئیرادەی خۆی ببەستێت و لەچوارچێوەی كاری هاوبەش بۆ ئاسایش و گەشەپێدانی هاوبەش، بتوانن هەماهەنگی و پرۆژەی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵاتێكی دیكە ئەنجامبدەن بەجۆرێك كە ڕێز لە ئیرادەی سەربەخۆیی گەلانی ناوچەكە بگیرێت و ئازادیی گەلان و تاك و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و عەدالەتی كۆمەڵایەتی دابین بكرێت و دەست لەسەر قەیران و گرفت و بابەتە سەرەكییەكان و شوناسی ململانێیەكان دابنرێت و كار بۆ چارەسەری دیموكراسی و عادیلانەی دۆزی گەلانی ناوچەكە بكرێت و لەوانەش دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان، كە بێ داننان بە مافەكانی و رێزگرتن لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی، دابینكردنی ئاشتی و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتەدی.